نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لەو وڵاتانه كرد كه خاوەنی چەکی ئەتۆمین، پابەند بن بە بەڵێنەکانیان لەوەی نەبنە لایەنی یەکەم لە بەکارهێنانی جبەخانەی ئەتۆمی.
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتێرێس، لە تۆکیۆ پایتەختی ژاپۆن، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی سازکرد.
ئەنتۆنیۆ گوتێرێس هۆشدارییدا بەو وڵاتانهی خاوەنی چەکی ئەتۆمین، لەوەی کە لەگەڵ هەڵکشانی گرژیی نێودەوڵەتییدا گەڕاونەتەوە بۆ کێبڕکێی پڕچەککردنی ئەتۆمیی.
گوتێرێس داوای لە وڵاتانی خاوەن چەکی ئەتۆمی کرد نەبنە لایەنی یەکەمی بەکارهێنانی ئەو چەکانە و بەڵێن بدەن هەڕەشە لەو وڵاتانە نەکەن کە چەکی ئەتۆمیان نییە و رایگەیاند: "بەرای من هیچ کەس قایل نییە بە بیرۆکەی جەنگی ئەتۆمی. ئەوە دەبێتە کارەسات بۆ هەسارەکەمان. ئەگەر هیچ کەس نەبێتە لایەنی یەکەمی بهكارهێنهری چەکی ئەتۆمی، ئەوا جەنگی ئەتۆمی روونادات".
سەبارەت بە بۆردومانی رووسیا له شاری زاپۆریژیای ئۆکراینا لە ٤ی ئابدا کە گەورەترین بنکەی ئەتۆمی ئەو وڵاتەی لێیە، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند: "هەر هێرشێک بکرێتە سەر بنکەی ئەتۆمی، كارێكی خۆکوژییە".
ئەنتۆنیۆ گوتێرێس باسی لەوە کرد، ملیارهها دۆلار خەرج کراوە لە کێبڕکێی پڕچەککردندا، ئەوە لە کاتێکدایه کە پێویستە ئەو پارەیە تەرخان بکرێت بۆ گۆڕانی کەشوهەوا، هەژاریی و پێداویستییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی.
بەمەبەستی یادکردنەوەی قوربانییانی هێرشه ئەتۆمییەکەی 6ی ئابی ساڵی 1945، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەردانی شاری هێرۆشیمای ژاپۆنی کردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.