ئەمڕۆ سێشەممە 08ـی 09ـی 2022 هەردوو وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستی و کار و کاروباری کۆمەڵایەتی یاداشتنامەیەکى لێکگەیشتن واژۆ دەکەن بۆ دۆزینەوەى هەلى کار بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان.
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند: بە ئامانجى بەستنەوەى زیاترى پڕۆگرامەکانى خوێندنى زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان بە بازاڕى کار و ئاشنابوونى زیاترى قوتابییان بە یاساکانى کار و خانەنشینى دەستەبەرى کۆمەڵایەتى، یاداشتنامەیەکى لێکگەیشتن لەنێوان هەردوو وەزارەتى کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى واژۆ کرا.
کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لەبارەی ڕێککەوتننامەکە ئاماژەی بەوە دا کە بەپێى خاڵەکانى یاداشتەکە هەماهەنگى دەکرێت لەنێوان (بەشەکانی بەکارخستنی بەڕێوەبەرایەتیەکانى کار)ـى سەر بە وەزارەتى کار لەگەڵ (سەنتەرەکانی گەشەپێدانی کار-CDC)ی زانکۆکانی کوردستان بۆ تۆمارکردنى ناوى دەرچووانى زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ مەبەستی ڕاهێنان و دۆزینەوەى هەلى کار لە کەرتى تایبەت بۆ دەرچووانی بێکار.
هاوکات ئارام محەمەد وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەر لەمبارەیەوە گوتی: فراوانکردنی پانتایی خوێندنی تەکنیکی و ڤۆکەیشنەڵ و بەستنەوەی زیاتری پرۆسەی خوێندنی تەکنیکی بە پێداویستییەکانی بازاڕی کار و داڕشتنەوەی ستراتیجی خوێندنی پیشەیی و تەکنیکی لە کوردستان، لە کارە گرنگەکانى وەزارەتەکەمانە لەم کابینەیە، بۆیە ئیمزاکردنى ئەم یاداشتنامەیە یارمەتیدەرمان دەبێت بەمەبەستى گرنگیدانى زیاتر بە خوێندنى پیشەیى و تەکنیکى.
گوتیشی: ئەنجامدانی کاری هاوبەش بۆ دەستنیشانکردنی کارامەییە پێویستەکان (Skill needs) و کەلێنی کارامەیی (Skill Gaps) و گونجاندنی لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕی کار و ئاراستەی گەشەکردنی ئابووری کوردستان، هەروەها هەماهەنگی بۆ بەدواداچوونی دەرچووان بە مەبەستی کۆکردنەوەی زانیاری لەبارەی ڕێژەی دەستکەوتنی کار و هەڵسەنگاندنی ئاستی پەیوەندی کاری دەرچووان بە پسپۆڕی و کارامەییەکانیانەوە خاڵى سەرەکى نێو یاداشتەکەن.
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژە بەوە دەدات کە بەشێکى دیکەى یاداشتنامەى لێکگەیشتنى نێوان هەردوو وەزارەت بریتییە لە: هاندانی توێژەران لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی دەربارەی کاریگەرییەکانی جێبەجێکردنی (یاسای کار و یاسای خانەنشین و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران) لەسەر بازاڕی کار و گەشەکردنی ئابووری هەرێمی کوردستان، هەروەها ڕەخساندنی دەرفەتی ڕاهێنان بۆ قوتابییانی زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکان بەمەبەستى سوود وەرگرتن لە وەرشەکانى ڕاهێنانى پیشەیی سەر بە وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى و هاندانی دەرچووانى زانکۆکانی هەرێمى کوردستان بۆ بەشداریکردن لە خولەکانى ڕاهێنانى پیشەیی و خولەکانى بەهێزکردنى تواناکان بۆ ئامادەکردنى گەنجان تاوەکو بتوانن دوای دەرچوون بە پڕۆژەوە بچنە ناو بازارى کار.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.