بەڕێوەبەری فۆرمی خۆراکی مانگانە لە دھۆک رایگهیاند، ھەنگاوی کرداری بۆ بە ئەلیکترۆنی کردنی فۆرمی خۆراک دەستی پێکردووە و لەماوەیەکی نزیکدا دەبێتە ئەلیکترۆنی، کە سوودێکی زۆری ھەیە و دادپەروەری لە دابەشکردنی خۆراک دروست دەبێت و خۆراکی کەمدرامەتەکانیش زیاتر دەبێت و ئەوانەی مووچەشیان لە ملیۆنێک و 500 ھەزار دینار زیاترە دەبڕدرێت.
حوسێن سەبری، بەڕێوەبەری فۆرمی خۆراکی مانگانە لە دھۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگهیاند: ھەنگاوەکانی بە ئەلیکترۆنی کردنی فۆرمی خۆراکی مانگانە دەستیپێکردووە و ئێمە تەواوی زانیاریمان بۆ ناردوون و ئێستا وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی عێراق کاری لەسەر دەکات و لەم ماوەیە کارەکان تەواو دەبێت و فۆرمی خۆراک دەبێتە ئەلیکترۆنی.
حوسێن سەبری گوتیشی: ئەو کارە زۆر گرنگە و دەزانین کێ مستەحەقی وەرگرتنی خۆراکە و کێ مستەحەق نیە و چەند کەس خۆراکی مانگانە نایانگرێتەوە و چەند کەس دەیانگرێتەوە، چونکە بە ئەلیکترۆنی بکرێت بە فەرمانگەی چاودێری خێزانی گرێدەدرێت کە چەند کەسی کەمدرامەت ھەیە بۆ ئەوەی بەشێکی خۆراک بۆ ئەوان زیاد بکرێت و دیار دەبێت چەند کەس مردووە و چەند کەس رۆیشتووە بۆ دەرەوە و ئەوانەی گلەیی دەکەن کە خۆراک بەتەواوی دابەش ناکرێت، بۆیە دادپەروەری دروست دەبێت و جگە لەوەش ناکرێت ھەر پشت بە کاغەز ببەستین و پێویستە بەئەلیکترۆنی بکرێت، چونکە ئێستا حکوومەت کار بۆ بە ئەلیکترۆنی کردنی ھەموو دەزگاکانی کردووە .
سەبری ڕوونیشیکردەوە: لە عێراق برێکی خۆراک مانگانە زیاتر دەدرێتە ئەوانەی کەمدرامەتن، بەڵام لە ھەرێم ئەو کارە نیە، بە جێبەجێکردنی ئەو ھەنگاوەش ئەوا دەدرێتە ھاووڵاتیانی کەمدەرامەتی ھەرێم، بۆیە ئەوە ھەنگاوێکی باشە و لەماوەیەکی نزیکدا پسولەی خۆراک دەبێتە ئەلیکترۆنی و دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.