موقته‌دا سه‌در ڕێبه‌ری ڕه‌وتی سه‌در ئه‌مڕۆ هه‌ینی په‌یامێكی ئاراسته‌ی خۆپیشانده‌رانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی كرد و داوای لێ كردن له‌گه‌ڵیان بن بۆ ڕزگاركردنی نیشتمان له‌ده‌ست داگیركه‌ر و تیرۆر و گه‌نده‌ڵكاران، ئه‌گه‌ریش داواكه‌ی ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه ئه‌وا با خۆپیشاندانه‌كانیان ئاشتییانه بێت.
موقته‌دا سه‌در له تویتێكدا كه ئاراسته‌ی لایه‌نگرانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی كردووه، ده‌ڵێت: ئێمه جیاوازیمان له‌گه‌ڵ لایه‌نگرانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌سه‌ر ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی له وڵات‌دا نییه، به‌ڵكو جیاوازیمان له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانیان هه‌یه.
ده‌شڵێت: ئێمه له خۆپیشاندانه‌كاندا له‌پێناو ئێوه‌ش داوای چاكسازی ده‌كه‌ین، بۆیه پێم سه‌یره نایه‌نه پاڵ ئێمه بۆ ڕزگاركردنی نیشتمان له‌ده‌ست داگیركه‌ر و تیرۆر و گه‌نده‌ڵكاران.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: با خۆپیشاندانه‌كانتان پاڵپشتی چاكسازیخوازان بێت، نه‌ك پاڵپشتی له شكۆی ده‌وڵه‌ت و ئه‌و حكوومه‌ته یه‌ك له‌دوای یه‌كانه‌ی كه هیچ سوودێكیان بۆ عێراق نه‌بووه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: ئایا ئێوه‌ش كه‌ڕامه‌ت و ئازادی و ئاسایشی وڵات و لوقمه‌ی ژیان و چاكسازیتان ناوێت وه‌ك ئه‌وه‌ی كه ئێمه داوای ده‌كه‌ین.
موقته‌دا سه‌در گوتیشی: ئه‌گه‌ر ئێوه ئه‌مانه ڕه‌ت بكه‌نه‌وه، بزانن كه ئێوه ئه‌و خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییانه‌ی كه ناوتان لێ نابوو (ساخته‌كاری له هه‌ڵبژاردن) و ئه‌نجامتان دا، ئێمه ئه‌و كات هه‌وڵمان نه‌دا هیچ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی ئه‌نجام بده‌ن له كاتێكدا كه ده‌مانتوانی بیكه‌ین.
ڕێبه‌ری ڕه‌وتی سه‌در بۆ خۆپیشانده‌رانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی جه‌ختیشی كرده‌وه: ئه‌گه‌ر ئێوه بڕیارتانداوه و پێداگیرن له ئه‌نجامدانی خۆپیشاندان هاوكات له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌رانی چاكسازی، ئه‌وا با خۆپیشاندانه‌كه‌تان ئاشتییانه بێت بۆ پاراستنی ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی.
گوتیشی: ده‌ستی ئێمه بۆ ئێوه ئه‌ی خۆپیشانده‌رانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی هه‌میشه واڵا ده‌بێت، به‌ڵام به‌بێ سه‌ركرده‌كانتان، با به‌یه‌كه‌وه داوای چاكسازی بكه‌ین، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئێوه ڕه‌تیشی بكه‌نه‌وه، ئه‌وا ئێمه به‌رده‌وام ده‌بین بۆ داواكردنی چاكسازی و سه‌لامیش له هه‌موو كه‌سانه بێت كه دوای چاكسازی ده‌كه‌ون.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه كه بڕیاره ئه‌مڕۆ هه‌ینی له كاتژمێر 5ی ئێواره لایه‌نگرانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی له ناوچه‌ی سه‌وز و به‌رده‌م باڵه‌خانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق خۆپشاندانی ملیۆنی ئه‌نجام بده‌ن.
له‌به‌رامبه‌ریشدا سه‌ركرده‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی داوایان له لایه‌نگرانیان كردووه له گۆڕه‌پانی ته‌حریر له ناوه‌ڕاستی شاری به‌غدا كۆببنه‌وه له‌پێناو پاڵپشتیكردن له شه‌رعییه‌تی ده‌وڵه‌ت و پاراستنی ده‌ستوور خۆپیشاندانی فراوان ئه‌نجام بده‌ن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.