Erbil 38°C سێشەممە 24 ئەیلوول 14:22

كۆتایی ئەمساڵ دوو بەشی دیكەی شەقامی 150 مەتری هەولێر دەكرێتەوە

کوردستان TV
100%

شەقامی بازنەیی 150 مەتری هەولێر بە یەكێك لە پڕۆژە ستراتیژییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دادەنرێت كە كارئاسانی تەواو بۆ هاتووچۆی هاووڵاتیان دەكات و دوای تەواو بوونی قۆناغی یەكەمی پڕۆژەكە، لە ئێستادا دوو بەشی دیكەی پڕۆژەكە كاركردن تیایدا بەردەوامە و بۆ تەواو بوونی پرۆژەكەش ڕۆژانە 14 كاتژمێر و نزیكەی 2 هەزار كارمەند و 800 پارچە ئامێری جۆراوجۆر كاری تێدا دەكەن.
لەو بارەیەوە ئەندازیار ئەمیر عبدوالخالق، سەرپەرشتیاری دروستكردنی پرۆژەی شەقامی 150مەتری بازنەیی خێرای هەولێر بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاگەیاند: شەقامی خێرای 150 مەتری بە گشتی چێوەكەی 70 كیلۆمەترە و بە دەوری شاری هەولێردا دەسووڕێتەوە، ئەو بەشەی كە تەواوكراوە 10 كیلۆمەترە، دوو بەشەكەی دیكە كە كاری تێدا دەكرێت، یەكێكیان 7.6 كیلۆمەترە، ئەو بەشەی دیكەشیان 6.1 كیلۆمەترە. واتا كۆی گشتیی ئەوەی لە ئەستۆی كۆمپانیایە درێژییەكەی 24 كیلۆمەترە.
لەبارەی ئەو بەشەی پڕۆژەكە كە ئێستا كاری تێدا دەكرێت سەرپەرشتیاری پڕۆژەكە گوتی:ئەو بەشە لە نێوان جادەی سەرەكی دهۆك تا هەولێرە، تاوەكو ڕێگای سەرەكی هەولێر- بەحركەیە كە درێژییەكەی 6.1 كیلۆمەترە، بەڵام وەك ڕووبەری كاركردن وەك ڕێیەكی 75 كیلۆمەتری بە پانیی 8 مەتر وایە، لەبەر ئەوەی دوو شەقامی سەرەكی بە پانیی 19.5 مەتری و دوو شەقامی خزمەتگوزاری لەخۆ دەگرێت. دوو یەكتربڕی گەورەی تێدایە، هەروەها دوو ژێر پرد و پردێكی سووڕانەوەی تێدایە و43 سندووقی ئاوبەری جۆراوجۆر لەخۆی دەگرێت.
سەبارەت بە كاتی تەواوبوونی پڕۆژەكە، ئەندازیار ئەمیر عبدوالخالق، دەڵێت: وابڕیارە بەر لە وادەی دیاریكراوی خۆی پڕۆژەكە لە كۆتایی ئەمساڵدا تەواو بكرێت، لەپێناو تەواوبوونی خێرای پڕۆژەكەش ڕۆژانە 14 كاتژمێر كاری تێدا دەكرێت، نزیكەی 2 هەزار كارمەند و 800 پارچە ئامێری جۆراوجۆر لە كاردان، هەروەها پڕۆژەكە گشت هێڵكارییەكانی ڕێگا و هێماكانی هاتووچۆ و پەرژینی خۆپاراستن و شۆستە و سیستەمی ئاوەڕۆ لەخۆدەگرێت.
لەڕووی تایبەتمەندیی و گرنگیی پڕۆژەكە بۆ شاری هەولێر و تەواوی پارێزگاكە سەرپەرشتیاری پڕۆژەكە ئاماژەی دا كە ئەو بەشەی پڕۆژەكە تایبەتمەندیی خۆی هەیە، چونكە ڕێگای سەرەكی دوو شار بەیەكەوە دەبەستێتەوە كە ڕێگای سەرەكی هەولێر - دهۆك و هەولێر - سلێمانییە.
جێگای ئاماژەیە تەواوبوونی ئەو بەشەی رێگای 150 مەتری لەڕووی بازرگانیی و ئابووریی و پیشەسازییەوە گرنگیی زۆری بۆ پارێزگای هەولێر و پارێزگاكانی دیكەی هەرێمی كوردستان هەیە و سەرپەرشیاری پڕۆژەكەش دەڵێت: دەروازە بازرگانییە سەرەكییەكانی شار وەك هەولێر- دهۆك و هەولێر- سلێمانی و هەولێر- پیرمام كە بە ڕێگای حاجی ئۆمەرانەوە بەند دەبێت، دەبەستێتەوە. ئەم پێكەوە گرێدانی شەقامە سەرەكییەكان ئاسانكاریی دەكات بۆ ئەوەی بارهەڵگرەكان ئاسانتر جووڵە بكەن و بارگرانیی لەسەر شەقامی 100مەتری و 120 مەتری  درووست نەكەن، لە هەمان كاتدا هەموو ئەو پڕۆژانەی لەسەر ئەو شەقامەن دەبووژێنەوە و ناوچە جیاوازەكان و خزمەتگوزارییەكان پێكەوە دەبەستێتەوە و هاتووچۆی هاوڵاتییان ئاسان دەكات.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.