Erbil 38°C سێشەممە 24 ئەیلوول 12:18

وەزارەتی شارەوانی: لە ماوەی چەند كاتژمێری داهاتوو بۆری ئاوی ئیفراز 3 بە تەواوی چاک دەكرێتەوە

کوردستان TV
100%

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دوای شکانی بۆری ئاوی ئیفراز 3 ئەمڕۆ شەممە 13ـی 08ـی 2022 ڕایگەیاند، لە ماوەی چەند كاتژمێری داهاتوو بۆری ئاوی ئیفراز 3 بە تەواوی چاک دەكرێتەوە.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند: ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە مەبەستی بەدواداچوونی گرفت و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی كارەكانی چاككردنەوەی بۆریی پرۆژەی ئاوی ئیفراز سێ لە هەولێر، سەردانی ئەو شوێنەی كرد كە بۆرییەكەی لێ شكاوە و لەگەڵ تیمەكانی چاككردنەوە بەدواداچوون بۆ كێشە دەكات.

ڕاشیگەیاند: لە سەردانەكەیدا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ تیمی چاككردنەوە و ئەندازیارانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر كە ئێستا سەرقاڵی چاككردنەوەی بۆرییەكەن، بەدواداچوونی بۆ چۆنیەتی كارەكانی چاككردنەوە و هۆكارەكانی شكانی بۆرییەكە كرد، هاوكات داوای لە كارمەندان و تیمەكانی چاككردنەوەش كرد كە بە زووترین كات بۆرییەكە چاک بكرێتەوە بۆ ئەوەی ئاو بۆ ئەو شوێنانەی شاری هەولێر بەربدرێتەوە كە لەسەر ئەو بۆرییەن، هەروەها وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئامادەیی هەموو هاوكاری و پاڵپشتییەكی بۆ تیمی چاككردنەوە دەربڕی بۆ ئەوەی بەزووترین كات بۆرییەكە چاک بكرێتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو کە "ئەم پرۆژەیە دەمێكە دروستكراوە و بەهۆی فراوانبوونی شاری هەولێرەوە گوشارێكی زۆری كەوتووتە سەر، هۆکاری شکانی بۆرییەکەش تەکنیکییە و  توانای بەرگەگرتنی لاواز بووە و پێویستی بە گۆڕین هەیە، بۆیە مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری داوە ئەو گرفتە چارەسەر بكرێت و بۆرییەكە بگۆڕدرێت، بۆ ئەو مەبەستە گوژمەیەكی بۆ تەرخانكراوە و لە داهاتوویەكی نزیكدا دەست بە پرۆسەی گۆڕینی بۆرییەكە دەكرێت."

وەزارەتی شارەوانی ئاماژەی بەوەش داوە کە ئێستاش كاركردن بۆ چاككردنەوەی بۆرییەكە بەردەوامە و لە ماوەی چەند كاتژمێرێكی داهاتوودا بە تەواوی چاک دەكرێتەوە و ئاو بۆ هاووڵاتییان بەردەدرێتەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.