Erbil 38°C سێشەممە 24 ئەیلوول 08:24

تاوانەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە كەمبوونەوەدان

کوردستان TV
100%


به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ کە ساڵی ٢٠١٨ى زایینى دامه‌زراوه‌ شەش نووسینگە لە خۆی دەگرێت، کە بە پێی شوێنی جوگرافی بە سەر پارێزگا و ئیدارەکان دابەش کراون بە ناوەکانی نووسینگەی (هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هه‌ڵه‌بجه، ڕاپەڕین، گەرمیان).

لە کابینەی نۆیه‌می حكومه‌تی هەرێمی کوردستان ئه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییە لە دوای فراوانبوونی کارەکانی بە فەرمانی وزاری ژمارە ١٦٤٤٥ لە ٢٣ی ئابی ٢٠٢١ ناوەکەی گۆڕدرا بۆ "به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ڕێکخراوەکان" هەروەها بە فەرمانی ژمارە ٥٥١٨ لە ٢ی ئاداری ٢٠٢٢ پەیکەری نوێی پەسەند کرا بە زیادکردنی دوو بەش لە بارەگای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ناوبراو بە ناوەکانی (بەشی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بەمرۆڤ و بەشی لێکۆڵینەوە لە سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر) و دروستکردنی دوو نووسینگەی نوێ لە ئیدارەکانی (سۆران و زاخۆ) بۆ مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ڕێكخراوەکان.

ئەم بەڕێوەبەرایەتییە، بەردەوام کارى لەسەر کۆمپانیا و پارێزەر و هاووڵاتییانى بیانى و ناوخۆیی کردووە کە ڕووبەڕووى کێشەى مرۆیی بوونەتەوە و وەک ئامارى خۆیان دەریدەخات کە تا ئێستا ٣٥٤ کۆمپانیا بەدواداچوونیان بۆ کراوە کە ١٢ـیان دراونەتە دادگا. لە پارێزەرانیش ٣٧ کەس بەدواداچوونیان بۆ کراوە و دووانیان دراونەتە دادگا و لە هاووڵاتییانى بیانیش ١٤٩٨ کەس چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئەنجام دراوە کە لەم ژمارەیە ١٠٨ کەسیان قوربانیی بازرگانیکردن بوون بە مرۆڤ و ١٧ـیان ڕەوانەى داڵدە کراون و ١٧ـى تریشیان گەڕێنراونەتەوە وڵاتى خۆیان و ٤ هاووڵاتیى بیانیش دیپۆرت کراونەتەوە.

لە بەڕێوەبەرایەتییەکەدا چەندین جۆر تاوان ناسێنراون و بە بەردەوامى کار و بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت کە دەچنە خانەى تاوانى بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە کە ژمارەیەک کەیس و ئاماریش لەو چوارچێوەیەدا و لەماوەى ئەم سێ ساڵە تۆمار کراون کە بریتین لە:

ـ کارکردن بە زۆرە ملێ (سوخرە): ١٧ حاڵەت

ـ بازرگانی سێکسی: ٩ حاڵەت

ـ بازرگانی بە ئەندامانی لەشی مرۆڤ: ٣٣ حاڵەت

ـ بازرگانی بە منداڵ: ١ حاڵەت

ـ بازرگانی بە ئەوانەی تەمەنیان لە ١٨ ساڵ کەمترە: ١١ حاڵەت

ـ کاری بە قاچاغ بردن: ٧ حاڵەت

ـ بەکارهێنانیان وەك سواڵکەر: ١٠ حاڵەت


بە پێى بەراوردى ساڵەکانیش هەتا دێت بە هۆى توندگرتنى وەزارەتى ناوخۆ و هێزە ئەمنییەکان لەم بوارەوە، ئەم حاڵەتانە لە کەمیدان و بەمەش هیواى ئەوە دەکرێت کە زۆرینەیان بنەبڕ یا زۆر کەم بکرێنەوەِ.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.