Erbil 38°C دووشەممە 23 ئەیلوول 22:26

مەسرور بارزانی: پارتی هەمیشە لە سەنگەری پێشەوەی بەرگری و داكۆكیكردنە لە شكۆی كوردستان

کوردستان TV
100%

مەسرور بارزانی، بە بۆنەی حەفتا و شەشەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان و ڕۆژی لە دایكبوونی جەنابی سەرۆك بارزانی، لە پەیامێكی پیرۆزباییدا رایدەگەێنێت، پارتی تەنانەت بۆ یەك ساتیش، سازشی لە سەر مافەكانی خەڵكی كوردستان نەكردووە و نایكات و هەر كاتێكیش هەڕەشەیەك بۆ سەر كوردستان هەبێت، پارتی وەك هەمیشە، لە سەنگەری پێشەوەی بەرگری و داكۆكیكردنە لە شكۆی كوردستان.
پەیامی ڕێزدار مەسرور بارزانی بەبۆنەی شازدەی ئاب ..
بە بۆنەی حەفتا و شەشەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان و ڕۆژی لە دایكبوونی جەنابی سەرۆك بارزانی، پیرۆزباییەكی گەرم ئاراستەی جەنابی سەرۆك و سەركردایەتی و ئەندام و لایەنگر و دۆستانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەم. هیوادارم وەك هەمیشە، پارتی بەردەوام لە پێشكەوتن و پێشەنگایەتیدا بێت.  
حەفتا و شەش ساڵە پارتی، وەك حیزب و بزووتنەوەیەكی جەماوەری و كوردستانی، بێ پسانەوە و دابڕان، ڕابەرایەتی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان دەكات و تا ئێستاش بەردەوامە لە خەبات و تێكۆشان لە پێناو دەستەبەركردنی مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان و پاراستنی دەسكەوتەكانی گەلی كوردستان.
 لە قۆناخە جیاوازەكانی خەبات و تێكۆشانی پارتیدا، سەڕەڕای هەموو هەڕەشە و پیلانی دوژمنان و ناحەزان و ڕۆژانی سەختی بەرگریدا، پارتی تەنانەت بۆ یەك ساتیش، سازشی لە سەر مافەكانی خەڵكی كوردستان نەكردووە و نایكات و هەر كاتێكیش هەڕەشەیەك بۆ سەر كوردستان هەبێت، پارتی وەك هەمیشە، لە سەنگەری پێشەوەی بەرگری و داكۆكیكردنە لە شكۆی كوردستان. بۆیە ئەندامانی پارتی، شانازی دەكەن و سەربەرزن، كە خاوەنی حزبێكی نیشتمانیی و ڕێبەر و سەرۆكێكن كە هەمیشە لە سەنگەرەكانی پێشەوەیە لەگەڵ پێشمەرگە قارەمانەكان بۆ بەڕەڤانیكردن و بەرزڕاگرتنی شكۆی خەڵكی كورستان.
شانازییەكی دیكەی مێژووی پڕ شكۆی پارتی وەك حزبێكی كوردستانی، ئەوەیە كە بەردەوام بەرگری لە مافەكانی مروڤ و مافەكانی گشت پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینیە جیاوازەكانی كوردستان دەكات و هەمیشە، پارێزەری مافی سەرجەم چین و توێژ و پێكهاتەكانی كوردستانە. لەم پێناوەشدا، پارتی بەردەوام كار دەكات لە پێناو برەودان بە كولتووری بەیەكەوەژیانی ئاشتییانە و قووڵكردنەوەی فەرهەنگی لێبوردەیی لە كوردستان. 
لە ساڵیادی دامەزراندنی پارتیدا، سڵاو لە دامەزرێنەری پارتی و ڕێبەری نیشتمانیمان مستەفا بارزانیی نەمر و كاك ئیدریسی هەمیشە زیندوو و گشت شەهیدانی كوردستان. 

مەسرور بارزانی 
شازدەی ئابی 2022
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.