Erbil 38°C دووشەممە 23 ئەیلوول 22:28

نێچیرڤان بارزانی: لە هەر كاتێك زیاتر كوردستان پێویستی بە تەبایی و یەكڕیزییە

کوردستان TV
100%

نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەیامێكی پیروزَباییدا بەبۆنەی یادی (76) ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەێنێت، ئەمڕۆ لەم یادەدا لە هەر كاتێك زیاتر كوردستان پێویستی بە تەبایی و یەكڕیزیی لایەنە سیاسی و پێكهاتەكانییەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تەحەدییەكان و پاراستنی دەستكەوتە دەستوورییەكان و هەنگاونان بەرەو داهاتوویەكی باشتر.
پەیامی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە یادی 16ی ئابدا..
یادی (76) ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە گەرمی لە جەنابی سەرۆك مەسعوود بارزانی، مەكتەبی سیاسی، سەركردایەتی و تەواوی ئۆرگانەكانی پارتی و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و كادیران و ئەندامان و لایەنگران و دڵسۆزان و جەماوەری پارتی و گەلی كوردستان بەگشتی پیرۆز دەكەم.
یادكردنەوەی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەرزڕاگرتنی مێژوویەكی گرنگی بەرخودان و خۆڕاگریی شۆڕشگێرانە و مەدەنیانە و ڕێزگرتنە لە تێكۆشان و قوربانیدانی گەلی كوردستان كە لەژێر سەركردایەتی و ئاڵای پارتیدا خەبات و تێكۆشانی بۆ ئازادی و ڕزگاری كردووە و قوربانی داوە.
پارتی دیموكراتی كوردستان وەك پێداویستییەكی مێژوویی لە ڕۆژگارێكی سەختدا بە سەركرایەتیی بارزانیی نەمر و لەسەر دەستی كۆمەڵێك لە تێكۆشەرانی كوردستان دامەزرا كە خەون و خۆزگە و هیواكانی گەلی كوردستانی كرد بە بەرنامەیەكی سیاسیی ڕزگاریخوازی و هەموو چین و توێژ و پێكهاتەكانی گەلی كوردستانی كۆكردەوە.
پارتی دیموكراتی كوردستان بەردەوام هەڵگری بیروباوەڕێكی نیشتمانیی ئاشتیخواز و دیموكراسیخواز بووە و ئەزموونی ساڵانی دوورودرێژی، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە كە پێكەوەژیانی ئاشتیانە و یەكترقبووڵكردن و لێبووردەیی لە بنەما سەرەكییەكانی كولتوورە سیاسییەكەیەتی، داكۆكیكردن لە مافەكانی هەموو پێكهاتەكان بە جیاوازیی نەتەوەیی و ئایینییەوە، بڕوایەكی نەگۆڕی پارتییە و قوربانیی گەورەی لەپێناودا بەخشیوە.
ئەمڕۆ لەم یادەدا لە هەر كاتێك زیاتر كوردستان پێویستی بە تەبایی و یەكڕیزیی لایەنە سیاسی و پێكهاتەكانییەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تەحەدییەكان و پاراستنی دەستكەوتە دەستوورییەكان و هەنگاونان بەرەو داهاتوویەكی باشتر. دەبێ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراقیشدا هاوكار و پشتیوان بین بۆ دەربازبوونی وڵات لەو دۆخە چەقبەستووە سیاسییەی كە تێكەوتووە.
بەرز و پیرۆز بێت یادی 16 ئاب، دروود بۆ گیانی پاكی شەهیدان.

 
نێچیرڤان بارزانی
جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان
16/ 8/ 2022
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.