Erbil 38°C دووشەممە 23 ئەیلوول 18:30

مەسرور بارزانی: ئارامی بووەتە هۆی ئەوەی خەڵكێكی زۆر روو لە هەرێمی كوردستان بكات و لێی نیشتەجێ بێت

بڕیارمانداوە 20 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون بۆ هاووڵاتییان بە نرخی كەم و درێژخایەن بۆ ئەو بەڕێزانەیە كە توانای ماددییان كەمە بتوانن سوودمەندبن و داواشم كردووە دەبێت ئەم یەكانە بە كوالێتییەكی باش و خزمەتگوزارییەوە پێشكەش بكرێت و رێژەی كرێچیی كەم بكەینەوە
کوردستان TV
100%

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان  رایدەگەێنێت،هەولێر دەتوانێت ببێتە یەكەم شار لە جیهان كە كۆنترین و نوێترین شێوازی تەلارسازی تیایدا دروست دەكرێت، بێگومان شارەكانی دیكەی كوردستانیش تایبەتمەندی خۆیان هەیە. 
ئەمڕۆ سێشەممە، بە ئامادەبوونی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی پێشانگای نێودەوڵەتی بۆ خانووبەرە و وەبەرهێنان لە پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر كرایەوە.
مەسرور بارزانی ، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە میانی گوتارێكدا رایگەیاند كە توانای ئەندازیاری خۆماڵی لە بەشێكی زۆری پڕۆژەكاندا مایەی دڵخۆشییە و گوتی: 
"كردنەوەی ئەم پێشانگایە زۆر دڵخۆشی كردم، چونكە بەشێك لەو خاوەن پڕۆژانەی كە بەشداری ئەم پێشانگایەن، باسیان لەوە كرد كە پڕۆژە بیناسازییەكان بە توانای ئەندازیار و دیزایینەری خۆماڵی بونیادنراوە".
مەسرور بارزانی ئاماژەی بە گرنگییدانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە كەرتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێبوون كرد و گوتی: "ئارامی، تەبایی و ئاسایش، بووەتە هۆی ئەوەی خەڵكێكی زۆر روو لە هەرێمی كوردستان بكات و لێی نیشتەجێ بێت، گرنگی بە كەرتی نیشتەجێبوون دراوە، بەڵام هەند‌ێك لە پڕۆژەكان بێ كەموكوڕی نەبوون، لەو كابینەیەدا جەختمان لەوە كردووەتەوە كە لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكاندا، دەبێت ماستەر پلان و مەرجەكانی حكوومەت و دابینكردنی خزمەتگوزاریی بۆ هاووڵاتییان لەبەرچاو بگیرێت".
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان راشیگەیاند كە ساڵانی رابردوو لە كابینەكانی پێشووتری حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرنگییەكی زۆر بە كەرتی وەبەر‌هێنان و تەلارسازی دراوە و گوتی: "لەم كابینەیەشدا جەختمان كردووەتە سەر ئەوەی ماستەر پلانی شارەكان لەبەرچاو بگیرێت و پڕۆژەكان خزمەت بە زۆرینەی خەڵكی كوردستان بگەیەنێت، لەم كابینەیەدا هاووڵاتی جێی بایەخی سەرەكیی حكوومەتە".
مەسرور بارزانی گوتیشی: "هەولێر دەتوانێت ببێتە یەكەم شار لە جیهان كە كۆنترین و نوێترین شێوازی تەلارسازی تیایدا دروست دەكرێت، بێگومان شارەكانی دیكەی كوردستانیش تایبەتمەندی خۆیان هەیە، گرنگی زیاتر بە خانووبەرە و ئاوەدانی لە هەموو شار و شارۆچكەكانی كوردستان بەردەوام بێت، هەندێك شت دەبێت زیاتر لەبەرچاو بگیرێت لە رووی كوالێتی و سەوزایی و ئەو مەوادانەی بەكاری دەهێنن، داوا دەكەم ئەو شتانە بەپێی ستانداردێكی نێودەوڵەتی بێت، حكوومەتی هەرێم بەردەوام بووە هاوكاری كەرتی تایبەت و گشتی كردووە، بەڵام دەكرێت هەنگاوی باشتر بنێین".
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تێبینی لەسەر شێوازی هەندێك لە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان هەبوو بەتایبەت لەبارەی نزیكی یەكەكانی نیشتەجێبوون لەیەكتر و كەمی سەوزایی لە پڕۆژەكان و تیایدا و گوتی: "لە دونیا كەشوهەوا گۆڕانكارییەكی خێرا بەخۆوە دەبینێت و ئەمەش وا دەكات بە بیابانبوون و وشكەساڵی هەبێت، دەبێت خۆمان بگونجێنین، چۆن دەتوانین لە بابەتی وەبەرهێنانیش یارمەتی ئەو بابەتە بدەین، زۆرجار بینیوومە رووبەری سەوزایی لە پڕۆژەكان كراوەتە قەرەبوو یان قوربانی بۆ زیاتركردنی پڕۆژەكان، ئەمە نابێت بەردەوام بێت، ئەمڕۆش سەردانی هەندێك لە پڕۆژەكانم كرد، بینیم خانووەكان زۆر لە یەكتر نزیكن، هیچ بوارێك بۆ سەوزایی یان نەفەسكێشانێك تیایدا نەماوەتەوە، ئەمە دەبێت گۆڕانكاری بەسەردا بێت، داواش دەكەم هەتا ئەو وەبەرهێنەرانەی كە دەستیشیان بە پڕۆژەكانییان كردووە، ئەمە لەبەرچاو بگرن، چونكە خانوویەكی زیاتر مانای ئەوە نییە سیمایەك و ژینگەیەكی تەندروستتر دروست بكرێت و دەبێت خزمەتگوزاری و مەرجە تەندروستییەكان لەبەرچاو بگیرێت بە تایبەت كەسێكی خاوەنپێداویستی تایبەت چۆن بگاتە نهۆمی سەرەوەی پڕۆژەیەك، نابێت بیر لە زیادبوونی یەكەی نیشتەجێبوون بكرێتەوە بەبێ زیادبوونی خزمەتگوزاریی".
مەسرور بارزانی گوتیشی: "دەبێت بابەتی كوالێتی بۆ ئاگركەوتنەوە، بوومەلەرزە و لافاو لەبەرچاو بگیرێت، لەگەڵ ئەوەشدا نابێت تەنیا سەیری بازرگانیكردن بە پڕۆژەكانەوە بكرێت، بەڵكو دەبێت لەناو پڕۆژەكان بنكەی تەندروستی و قوتابخانە هەبێت".
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی ئاماژەی بە یەكەكانی نیشتەجێبوون بۆ كرێچییان كرد و گوتی: "بڕیارمانداوە 20 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون بۆ هاووڵاتییان بە نرخی كەم و درێژخایەن بۆ ئەو بەڕێزانەیە كە توانای ماددییان كەمە بتوانن سوودمەندبن و داواشم كردووە دەبێت ئەم یەكانە بە كوالێتییەكی باش و خزمەتگوزارییەوە پێشكەش بكرێت و رێژەی كرێچیی كەم بكەینەوە، بۆ ئەوەی بتوانین بەردەوام خزمەتی خەڵكی خۆمان بكەین، دەبێت ئەوەمان لەبەرچاو بێت تەنیا دروستكردنی خانوو و تەلارسازی بەس نییە، بەڵكو دەبێت وەبەرهێنان لە كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازییدا بكەین".
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.