Erbil 38°C دووشەممە 23 ئەیلوول 18:33

بەرگی پێنجەمی کتێبی بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد کەوتە بەردەست خوێنەران

کوردستان TV
100%

بەرگی پێنجەمی زنجیرە كتێبی بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد لە نووسینی سەرۆك مەسعود بارزانی لەژێر ناونیشانی (ڕاپەڕین، دەرفەت و ئاستەنگەكان) کەوتە بەردەست خوێنەرانەوە، ئێستا دەتوانن خوێنەری کتێبەکە بن.

كتێبی (ڕاپەڕین، دەرفەت و ئاستەنگەكان) لە 832 لاپەڕە و بیست بەشی جیاجیا پێكهاتووە و ڕۆشنایی خستۆتە سەر قۆناغێكی گرنگی خەباتی گەلەكەمان.

كتێبی ڕاپەڕین بەرهەمی یادداشتەكانی ڕۆژانەی ژیانی سەرۆک بارزانییە لە نێوان ساڵانی 1991 هەتا 2002 و باسی ئەو ڕووداوە گرنگانە دەكات كە لە ڕاپەڕین و ساڵانی دوای ڕاپەڕین لە هەرێمی کوردستاندا ڕوویان داوە و ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریی گەلی كوردستانی لەو بەشەی كوردستاندا بردووەتە قۆناغێكی پێشكەوتووتر.

ڕووداوی زۆر گرنگی وەک ڕاپەڕینی جەماوەریی کوردستان، پلانی بەرەی کوردستانی و پێشمەرگە، ئازادکردنی شار و شارۆچکەکانی کوردستان، پەلاماری ڕژێم و کۆڕەوه‌ ملیۆنییه‌که‌ی گەلی کوردستان و بەرگریی پێشمەرگە و بریاڕی 688ـی ئەنجوومەنی ئاسایش و دواتر کشانەوەی ڕژێم و دەستپێکردنی دانوستاندنەکان لەگەڵ ڕژێم؛ هەروەها هەڵبژاردنەکانی 1992 و هەڵكشانی پێگەی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیی هەرێمی كوردستان و فراوانبوونی دەستكەوت و دۆستایەتی و پەیوەندییەكان لەو كتێبەدا هاتووە.

لەو كتێبەی سەرۆک مەسعود بارزانیدا باس لەو ئاستەنگ و گیروگرفتانە كراوە كە بوونە كۆسپ لەبەردەم گەلی كوردستان. ئابڵۆقە و دەستوەردانە دەرەکییەکان و هەڵەی ژمارەیەک سەرکردەی سیاسی و شەڕی خۆکوژی و ململانێکان و هەڕەشەی بەردەوامی هەرێمایەتی و بارودۆخی نالەباری ئابووری و، سەدان ڕووداو و ئاستەنگی تر لەم كتێبەدا ئاماژەی پێ دراوە.

كتێبەكە كۆمەڵێك وێنەی گرنگ و مێژوویی و 73 بەڵگەنامەی سیاسی و مێژوویی وەخۆ هەڵگرتووە و سەرچاوەیەكی گرانبەهای سیاسی و مێژووییە بۆ خوێنەران و توێژەران و مێژوونووسان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.