Erbil 38°C دووشەممە 23 ئەیلوول 16:29

وەزارەتى خوێندنى باڵا پرۆپۆزەلى کردنەوەى دوو زانکۆى حکوومى لە هەرێمى کوردستان پەسەند کرد

کوردستان TV
100%

ئەنجوومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، پرۆپۆزەڵى کردنەوەى زانکۆى (پۆلیتەکنیکى گەرمیان و زانکۆى ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان)ى لە هەرێمى کوردستان پەسەند کرد، هەروەها ڕەشنووسى ڕێنماییەکانى خوێندنى باڵا/ دبلۆمى باڵا و ماستەر و دکتۆرای دواى گفتوگۆکردن پەسەند کرا و لە داهاتوویەکى نزیکدا ڕێکارەکانى داڕشتنەوە و بڵاوکردنەوەى ڕێنماییەکە تەواو دەکرێت.

ئەمڕۆ سێشەم بە سەرپەرشتى د. ئارام محه‌مه‌د قادر وەزیرى خوێندنى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئامادەبوونى بریکارى وەزارەت و سەرۆک زانکۆکانى کوردستان کۆبوونەوەى ژمارە 5ى ئەنجوومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ تاوتوێکردنى چەند پرسێکى زانستى و ئەکادیمى بەڕێوەچوو.

لە سەرەتاى کۆبوونەوەکەدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەى بە ئامادەکارییەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا کرد بە مەبەستى پێشوازیکردن لە ساڵى نوێى خوێندن، بۆ ئەمەش سەرەتا سوپاسى سەرۆک زانکۆکانى پێشووى کرد کە پارساڵ سەرەڕاى ئەو ژمارە زۆرەى دەرچووانى پۆلى 12ی ئامادەیى، توانرا زۆرترین دەرفەتیان بۆ بڕەخسێنرێت، هەروەها سوپاسى سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى وەزیران و وەزارەتە پەیوەندارەکانى کرد بۆ پاڵپشتی و هاوکارییان بۆ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى.

لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا، ئاماژەى بە ئامادەکردنى ڕەشنووسى ڕێنمایى خوێندنى باڵا/ دبلۆمى باڵا، ماستەر و دکتۆرا کرد، بۆ ئەمەش جەختى کردەوە کە ڕێنماییەکان بەشێوەیەک دابڕێژینەوە کە زۆرترین توانای زانکۆکانی بۆ تەرخان بکرێت کە تیایدا ڕەچاوی پێوەر و ستانداردە زانستییەکان بکرێت، لەم ڕوانگەیەوە، وەزیرى خوێندنى باڵا دووپاتی کردەوە ڕێنماییەکان پێویستە بەجۆرێک دابڕێژرێت کە زۆرترین دەرفەتى درێژەدان بە خوێندنى باڵا بۆ گەنجانى هەرێمى کوردستان بڕەخسێنین و بتوانین تواناى زانستى و کارامەییەکانیان پەرە پێ بدەین، هەروەها ڕێگر بین لەوەى سەرمایەى ماددى و مرۆیی وڵاتەکەمان بچێتە دەرەوە و دەبێت ئەو دەرفەتانە لە ناو زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بڕەخسێنین، بۆ ئەمەش ئەنجوومەنى وەزارەت دواى گفتوگۆى زانستى بەکۆى دەنگ ڕێنماییەکانى خوێندنى باڵا/ دبلۆمى باڵا، ماستەر و دکتۆراى پەسەند کرد، بەشێوەیەک لە داهاتوویەکى نزیکدا ڕێکارەکانى دەرکردن و بڵاوکردنەوەى ڕێنماییەکە تەواو دەکرێت.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا کۆى پلانی وەرگرتنی خوێندنی بەرایی (دبلۆم، بەکالۆریۆس) لە زانکۆ حکوومییەکانى هەرێمى کوردستان خرایەڕوو، پلانەکە لەلایەن زانکۆکانەوە ئاراستەى وەزارەت کراوە بۆ شێوازەکانى (زانکۆلاین، پارالێل، ئێواران) و بریتییە لە پێویستى و پلانى زانکۆکان. لەو چوارچێوەیەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەرجەم زانکۆکانى ڕاسپارد بەشێوەیەکى ورد و چڕ کار بکەن کە پلانى وەرگرتن بە شێوازێک بێت زۆرترین دەرفەتى خوێندن بۆ دەرچووانى پۆلى 12ى ئامادەیى لە زانکۆ حکومییەکان بڕەخسێنین.

لەبەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، پرۆپۆزەڵى کردنەوەى هەردوو زانکۆى (پۆلیتەکنیکى گەرمیان و زانکۆى ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان)ى لە هەرێمى کوردستان پەسەند کرد.

جێگەى ئاماژە پێدانە کردنەوەى ئەم دوو زانکۆ حکومییە لەچوارچێوەى ستراتیجى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستییە بە مەبەستى فراوانکردنى دەرفەتى خوێندنى تەکنیکى و بوارى زانستە کردارییەکان لە هەرێمى کوردستان، دواى پەسەندکردنى لەلایەن ئەنجوومەنى وەزارەت پێشنیازى کردنەوەى ئەم دوو زانکۆیە ئاراستەى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران دەکرێت بۆ بڕیاردانی کۆتایی لەسەر کردنەوەیان.

لە بەشى کۆتایى کۆبوونەوەکەى ئەنجوومەنى وەزارەت گفتوگۆ لەبارەى ڕێنماییەکانى یەکسانکردنى بڕوانامەکان کرا و لێژنەى تایبەتى وەزارەت ڕاسپێدرا بۆ ئامادەکردنى دڕافتى کۆتایى ڕێنماییەکان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.