Erbil 38°C دووشەممە 23 ئەیلوول 14:17

سەرۆكی رووسیا خەڵاتێكی سۆڤیەت بۆ ئەو ئافرەتانەی خاوەنی 10 منداڵن زیندوو دەكاتەوە

کوردستان TV
100%

بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی تایمزی بەریتانی، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی رووسیا خەڵاتێكی سەردەمی سۆڤیەت بۆ ئەو ئافرەتانەی كە 10 منداڵ یان زیاتریان هەیە زیندووكردەوە، لە كاتێكدا رووسیا بەهۆی شەڕی ئۆكرانیا رووبەڕووی قەیرانێكی دیمۆگرافی خراپتر دەبێتەوە. 
بەپێی میدیاكانی ڕووسیا ڕۆژی دووشەممەی رابردوو، پوتین فەرمانێكی سەبارەت بە دروستكردنی ناونیشانێك لە ڕووسیا بەناوی "دایكی پاڵەوان"، واژۆكردووە. هەروەها فەرمانەكە لە پۆرتاڵی فەرمی زانیاری یاسایی ڕووسیا لە ئینتەرنێت بڵاوكراوەتەوە. 
بەپێی فەرمانەكەی پوتین، ئەو ئافرەتانەی كە نازناوەكەیان پێدەبەخشرێت، بڕی یەك ملیۆن رۆبڵی رووسی پێدەبەخشرێت، كە بەرامبەرە بە 16 هەزار دۆلار، دوای ئەوەی منداڵی دەیەم ساڵێك بەسەر تەمەنیدا تێپەڕ دەبێت.
بۆ بەدەستهێنانی نازناوەكە دەبێت نۆ منداڵەكەی دیكە لە ژیاندا بن و براوەكان مەدالیای زێڕیان پێدەبەخشرێت كە بە ئاڵای ڕووسیا و ئاڵای دەوڵەت ڕازاوەتەوە.
 لە ساڵی 1944، جۆزێف ستالین، سەرۆكی پێشووی سۆڤیەت، نازناوی "دایكی پاڵەوان"ی دامەزراند بۆ هاندانی دامەزراندنی خێزانە گەورەكان، دوای ئەوەی دەیان ملیۆن هاوڵاتی سۆڤیەت لە جەنگی جیهانی دووەمدا گیانیان لەدەستدا.
بەپێی ڕۆژنامەی "تایمز"بەر لە ڕووخانی یەكێتی سۆڤیەت لە ساڵی 1991.زیاتر لە 400 هەزار ئافرەت ئەو خەڵاتەیان بەدەستهێناوە. 
هەروەها بەپێی رۆژنامەی بەریتانی، پوتین هەروەها رایگەیاندووە، وەرگرانی "فەرمانی شكۆمەندی باوكانە" هاندانێكی دیكە وەردەگرن كە بڕەكەی 700 هەزار رۆبڵ دەبێت.
جێگای ئاماژەیە لە ساڵی 2008دا فەرمانی شكۆمەندی باوكانە دامەزراوە و دەدرێت بەو خێزانانەی كە حەوت منداڵ یان زیاتریان هەیە.
هەر بەپێی هەواڵێكی ڕۆژنامەی تایمز، هەندێك لە ڕەخنەگرانی كرێملین پوتینیان بەوە تۆمەتبار كردووە كە هانی ژنان دەدات بۆ "بەرهەمهێنانی سووتەمەنی بۆ تۆپەكانی سوپای ڕووسیا.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت كە دەزگای ئاماری دەوڵەتی ڕووسیا هۆشداریدا لەوەی ژمارەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە كە 144 ملیۆن كەسە، لە دوو دەیەی داهاتوودا بۆ نزیكەی 132 ملیۆن كەس دادەبەزێت.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.