Erbil 38°C دووشەممە 23 ئەیلوول 14:19

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان تاوتوێی چەند پرسێکی گرنگی کرد

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ چوارشەممە 17ـی 08ـی 2022، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران ئەنجامی سەردانی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری خستەڕوو.

سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە دا کە لە کۆبوونەوەکاندا، هەڵوێستی هەرێمی کوردستانمان دووپات کردەوە بۆ چارەسەکردنی کێشەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە لەسەر بنەمای دەستوور. لەمڕووەوە، هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر درێژەدان بە گفتوگۆ لەنێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان لەپێناو گەیشتن بە چارەسەرێکی هاوبەش کە لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراقدا بێت.

پاشان حەمەی حەمەسەعید وەزیری ڕۆشنبیریی و لاوان، پوختەیەکی دەربارەی سەردانەکەی بۆ وڵاتی ئەرمەنستان و دیدار و کۆبوونەوە و چالاکییەکانیان لەو وڵاتە خستەڕوو .

هەروەها شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، باسی لە سەردانی شاندی سەربازی هەرێم بۆ هەریەک لە شانشینی یەکگرتوو و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا كرد. ئاماژەی بەوە دا کە لە دیدار و کۆبوونەوەکاندا، بەرپرسانی هەردوو وڵات، جەختیان لە گرنگیی بەردەوامبوونی پشتیوانیی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان کردەوە. سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، وێڕای دەستخۆشی، لە هەمانکاتدا جەختی لە گرنگیی بەردەوامیدان بە پرۆسەی چاکسازیی وڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کردەوە کە دەستی پێکردووە و لە هەنگاوە لەپێشینەکانی کابینەی نۆیەمە.

بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی پوختەیەک سەبارەت بە داوا ناڕەواکانی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، لەدژی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان و ڕێکارەکانی حکوومەتی هەرێم لەڕێگەی ئەو لیژنە یاساییەی بۆ ئەم بابەتە ڕاسپێردراوە. ئەم بڕگەیە لەلایەن ئومێد سەباح سەرۆکی دیوان و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران خرایەڕوو، تێیدا ئاماژە درا بەو بنەما دەستووریانەی هەرێمی کوردستان پشتی پێ بەستوون لە داکۆکیکردن لە دەسەڵات ومافە دەستووریەکانی هەرێم، هەروەها ئەو هەوڵانەش خرانەڕوو کە لەمبارەیەوە ئەنجام دراون. ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی، هەڵوێستی خۆی دووپات کردەوە کە هەرێمی کوردستان، بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی، بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی هاوبەش کە لە خزمەتی هەموو لایەک و لە چوارچێوەی دەستووردا بێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.