Erbil 38°C دووشەممە 23 ئەیلوول 04:26

سەرۆك بارزانی چۆن باسی ڕاپەڕینی جەماوەریی كوردستان و رۆڵی پێشمەرگە دەكات ؟

بۆچی سەرۆك بارزانی لە قاسمەڕەش چەند كاتژمێرێك بە پێ رۆیشتووە؟
کوردستان TV
100%

سەرۆك بارزانی لەبەشی سێیەمی ، بەرگی پێنجەمی پەرتووكی بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد باسی ڕاپەڕینی جەماوەریی كوردستان و رۆڵی پێشمەرگە دەكات و دەڵێت: مانگی ئاداری 1991 وەچەرخانێكی گرنگ و گەورە بوو لە مێژووی گەلی كوردستاندا، چونكە لەو مانگەدا جەماوەری ئازا و دڵسۆزی كوردستان دژی دامودەزگا داپڵوسێنەرەكانی بەعس ڕاپەڕین و لەماوەیەكی كورتدا هەموو دەزگا سەركوتكەرەكانی رژێم لە كوردستان ڕاماڵدران و كوردستان لە هێزی ستەمكاری پاك كرایەوە. كە بەرهەمی یەكڕیزی و تەبایی گەلی كوردستان و پارت و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بوو، چونكە بەهۆی ناتەبایی و پەرتەوازەبوونی كورد لەماوەی حەفتا ساڵدا نەتوانرا هەموو بەشەكانی كوردستان رزگار بكرێت، بەڵام بە یەكڕیزی و تەبایی توانرا لەماوەی حەوت رۆژدا دام و دەزگا داپڵۆسێنەرەكانی رژێمی بەعس لە كوردستان راماڵدرێت.
یەكەم هەنگاوی ڕاپەڕینی جەماوەری كوردستان لە رۆژی 5ی ئاداری ساڵی 1991 لەبیتوێن دەستی پێكرد و دەست بەسەر هەموو بنكە و بارەگا سەربازییەكانی بەعسدا گیرا. هەر زوو كاربەدەست و بەرپرسانی رژێم لە كوردستان ورەیان شكا ، و ڕاپەڕین خێرا گەشەی سەندوو هەموو ناوچەكانی كوردستانی گرتەوە.بەمەبەستی ئامادەكاری زیاترو لەنزیكەوە چاودێری دۆخەكە، رۆژی 6ی ئاداری 1991 سەردانی قاسمەڕەشەم كردو لەگەڵ نەوشیروان مستەفا و برایانی سەركردایەتی بەرە لەناوچەكەدا كۆبوومەوە. لە كۆبوونەوەكەدا كە رەسووڵ مامەند و مەلا حەسەن لە حیزبی شیوعی و م. شوان لە پاسۆك ئامادەبوون.دوای تاوتوێكردنی باردودۆخەكە، بڕیار درا لەهەردوو ئێزگەی دەنگی كوردستان و دەنگی گەلی كوردستانەوە، زانیاری و رێنمایی پێویست بەجەماوەری كوردستان بدرێت.
دوای ئەوە ڕاپەڕینی گەلی كوردستان لە بیتوێن و دەوروبەری دەستی پێكرد و ناوچەكە لە دەزگاكانی بەعس پاك كرایەوە، ڕاپەڕین پەرەی سەندو هەموو شوێن و ناوچەكانی گرتەوە.
هەروەها دەڵێت: لە 11ی ئاداری 1991دا ئێمە لە قاسمەڕەش بەرێكەوتین و بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك بە پێ رۆیشتین، سەیارەكان لەنزیك سونێ چاوەڕێمان بوون و لەوێوە بەرەو رانیە رۆیشتین.پێشوازییەكی یەكجار گەورە و گەرممان لێكرا. من و نەوشیروان مستەفا پێكەوە بووین، وتارێكمان پێشكەشی جەماوەر دڵسۆزو خۆراگرەكە كرد. بەڕاستی ئەو رۆژە یەكێك بوو لە رۆژە مەزن و مێژووییانەی كە هەرگیز لەیاد ناكرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.