Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 11:37

هێزە ئەمنییەكانی توركیا 208 كۆچبەریان لە پارێزگای ئیزمیر دەستگیركرد 

کوردستان TV
100%


لە كەناراوەكانی شارۆچكەی ئورلای سەربە پارێزگای ئیزمیر خۆرئاوای توركیا، 59 كۆچبەر رزگاركران كە لەلایەن هێزەكانی یۆنانەوە رەوانەی سنوورە ئاوییەكانی توركیا كرابوونەوە. 
هاوكات لە كەناراوەكانی شارۆچكەكانی چەشمە و كارابورون 149 كۆچبەر دەسگیركران كە لە هەوڵدابوون بە رێگای نایاسایی خۆیان بگەیەننە ئەورووپا.
بەگوێرەی راگەیەندراوێك كە لە ماڵپەڕی فەرماندەیی ئاسایشی كەناراوەكانی توركیا بڵاوكراوەتەوە، هێزەكانیان لە بوونی گرووپێكی كۆچبەر لە كەناراوەكانی شارۆچكەی ئورلا، ئاگادار كراونەتەوە و دەستبەجێ چوون بە هانای كۆچبەرەكانەوە كە لە بەلەمێكی پلاستیكیدا بوون.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوە دراوە كە هێزەكانی ئاسایشی كەناراوەكانی توركیا 59 كۆچبەریان رزگاركردووە كە لەلایەن هێزەكانی یۆنانەوە رەوانەی سنوورە ئاوییەكانی توركیا كرابوونەوە. 
هاوكات لە شارۆچكەی چەشمە، هێزەكانی ئاسایشی كەناراوەكان، بە هانای گرووپێك كۆچبەرەوە چوون كە لەسەر بەلەمێكی پلاستیكیدا بوون و 57 كۆچبەریان دەستگیركرد كە لە خاكی توركیاوە لە هەوڵی پەڕینەوەدابوون.
لە لایەكی دیكەشەوە لە شارۆچكەی كارابورون، هێزەكانی ئاسایشی كەناراوەكان بە هانای ژمارەیەك كۆچبەرەوە چوون كە بەهۆی وەستانی ماتۆڕی بەلەمەكەیانەوە لە ناو دەریادا گیریانخواردبوو، لە ناو بەلەمەكەدا 41 كۆچبەر دەستگیركران، بە هەمان شێوە لە كەناراوەكانی شارۆچكەكە 51 كۆچبەری دیكە دەستگیركران كە لە هەوڵدابوون بە رێگای نایاسایی خۆیان بگەیەننە دەرەوەی وڵات. دوای تەواوكردنی رێككارە یاساییەكانیش، كۆچبەرەكان رەوانەی فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەرانی پارێزگای ئیزمیر كراون.
 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست تورکیا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.