Erbil 38°C چوارشەممە 08 کانوونی دووەم 19:57

چـه‌ند زانیارییـه‌ک لـه‌ بـاره‌ی كـتێبی (بـارزانی و بـزووتنـه‌وه‌ی ڕزگـاریخـوازی كـورد)

کوردستان TV
100%

كتێبی بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد

به‌رگی پێنجه‌م

ڕاپه‌ڕین، ده‌رفه‌ت و ئاسته‌نگه‌كان

له‌ نووسینی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی

بەرگی پێنجەمی کتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد ، راپه‌ڕین، ده‌رفه‌ت و ئاسته‌نگه‌كان) له‌ نووسینی سه‌رۆک مەسعود بارزانی بڵاوبووه‌وه‌.

بەرگی پێنجەمی كتێبه‌كه‌ 832 لاپه‌ڕه‌یه‌ و له‌ 20 به‌ش پێكهاتووه‌.

باس له‌ قۆناغه‌كانی ساڵانی 1991 تا 2002 ده‌كات .

سەرۆک بارزانی له‌ پێشه‌كیی كتێبه‌كه‌دا تیشكی خستووه‌ته‌ سه‌ر گۆڕانكارییه‌كانی ساڵانی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو كه‌ بۆ گه‌لی كوردستان قۆناغی گرنگ و پڕ لە گۆڕانکاری و پێشهاتی خێرا بوون. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ئاوابوونی خۆری وڵاتانی سۆسیالیستی لە سەرووی هەمووانەوە یەکێتیی سۆڤیەت، رووخانی دیواری بەرلین، سەربەخۆیی کۆمارەکانی سۆڤیەتی پێشوو و هەڵوەشانەوەی یۆگوسلاڤیا؛ داگیرکردنی کوێت و شەڕی یەکەمی کەنداو، دەرگەی دەرکەوتنی سەردەمێکی نوێ لە پەیوەندی و هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان کردەوە. چیدیکە جیهانی نوێ، جیهانی دوو جەمسەری نەبوو. هەروەها سنوور و سیادەی دەوڵەتانیش خرایە ژێر گوشاری گۆڕانکارییە نوێیەکانەوە.

سه‌رۆك بارزانی هه‌ر له‌ پێشه‌كی كتێبه‌كه‌یدا نووسیویه‌تی:

"لە غیابی یەکێتیی سۆڤیەتدا ئەمەریکا تاکە زلهێزی گۆڕەپانی سیاسەتی جیهانی مایەوە. ئەم هەلومەرجە تازەیە رێگەخۆشکەریش بوو کە وڵاتانی رۆژئاوایی ئەو دەرفەتەیان هەبێ بتوانن دەستوەردانی سەربازییش بۆ یەکلاییکردنەوەی گرفت و قەیرانەکان تاقی بکەنەوە. نموونەی هەرە بەرچاو لێدانی عێراق و دەستوەردان لە قەیرانی باڵکان بوو."

سه‌رۆك بارزانی هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی:

"لە قۆناغی تازەدا لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا جگە لە دەوڵەتان ئەکتەری بچووکتریش خۆیان دەرخست و توانییان لەو سەردەمە نوێیەدا قسەیان هەبێ و گۆێیان لێ بگیرێت."

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی له‌باره‌ی هاتنه‌ پێشی ده‌رفه‌ته‌كان به‌ هۆی گۆڕانكاری و پێشهاته‌كانه‌وه‌ نووسویه‌تی:

"بۆ گەلی کوردستانیش، ئەو رووداوە گرنگ و جەوهەرییانە دەرفەت بوون بۆ ئەوەی بەتایبەتی لە کوردستانی عێراق بتوانێ هەناسەیەکی نوێ هەڵمژێت و کۆتایی بە ستەمکاری بهێنێت و، لەو مافانەی بپێچێتەوە کە ساڵانی دوورودرێژ ناڕەوایانە زەوت کرابوون و، بە ئازادی شاد ببێت."

سه‌رۆك بارزانی به‌رهه‌می یاداشته‌كانی خۆی له‌ نێوان ساڵانی 1991 تا 2002 له‌و به‌رگه‌ی زنجیره‌ كتێبه‌كه‌یدا نووسیوه‌ .

سه‌رۆك له‌و كتێبه‌دا باسی ئه‌و ڕووداو و پێشهاته‌ گرنگانه‌ ده‌كات كه‌ لە ڕاپەڕین و ساڵانی دوای ڕاپەڕین لە هەرێمی کوردستان ڕوویان داوە و ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریی گەلی كوردستانی لەو بەشەی كوردستاندا بردووەتە قۆناغێكی پێشكەوتووتر.

بارودۆخی کوردستان لە دوای ئەنفال و هاوکێشە جیهانییەکان - قۆناغێکی تاریک و ئاڵۆز، به‌شی یه‌كه‌می به‌رگی پێنجه‌می كتێبی سه‌رۆك بارزانییه‌. له‌و به‌شه‌دا سه‌رۆك بارزانی به‌ وردی

دۆخی ئه‌وكات

رێكخستنه‌وه‌ی پارتی

پێداچوونه‌وه‌ به‌ كاروباری پێشمه‌رگه‌

ره‌وشی په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق و ئێران

سیسته‌می نوێی جیهانی و باڵاده‌ستیی ئه‌مه‌ریكا ده‌خاته‌ به‌رچاو .

له‌ به‌شی دووه‌میشدا

قۆناغی داگیركردنی كوه‌یت

شه‌ڕی دووه‌می كه‌نداو

هه‌وڵه‌ دیپلۆماسییه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و قه‌یرانه‌ و

دواتر پێكهێنانی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی له‌ دژی عێراق و

ده‌ستپێكردنی هێرشی ئاسمانی و زه‌مینی بۆ سه‌ر ئه‌و وڵاته‌  و

ده‌ركردنی عێراق له‌ كوه‌یت و زیانه‌كانی عێراق و رێككه‌وتنی سه‌فوان و

هه‌روه‌ها هه‌ڵوێستی ئێران له‌باره‌ی ئه‌و شه‌ڕه‌وه‌ خراوه‌ته‌روو .

سه‌رۆك بارزانی له‌م دووبه‌شه‌دا باسی بارودۆخی کوردستان لەدوای ئەنفال و هاتنه‌ پێشی قۆناغێکی تاریک و ئاڵۆز) ده‌كات و له‌مباره‌یه‌وه‌ نووسیویه‌تی:

"یەکێک لە ناخۆشترین و تاڵترین بارودۆخەکان کە بەسەر بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورددا تێپەڕی، قۆناغی دوای ئەنفالەکان بوو لە دوو ساڵی کۆتایی هەشتاکانی سەدەی بیستەمدا."

هاوكات باس له‌ رێکخستنەوەی پارتی له‌و قۆناغه‌دا ده‌كات و ده‌نووسێت:

"لە ماوەی نێوان 1 هەتا 9ی کانوونی دووەمی 1990 مەکتەبی سیاسیی پارتی زنجیرە کۆبوونەوەیەکی گرنگی بەست و تێیاندا بارودۆخەکەی بە وردی و بە شێوەیەکی بابەتییانە هەڵسەنگاند و ئەم زنجیرە کۆبوونەوانە چەندین بڕیاری گرنگی لێکەوتەوە".

به‌شی سێیه‌م و چواره‌می به‌رگی پێنجه‌می كتێبی سه‌رۆك بارزانی

ئاماده‌كارییه‌كانی به‌ره‌ی كوردستانی و راپه‌ڕین

پلان بۆ ئه‌گه‌ره‌كان

راپه‌ڕینی باشووری عێراق

راپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری كوردستان

رۆڵی پێشمه‌رگه

په‌لاماری رژێم بۆ سه‌ر كوردستان

كۆڕه‌وی میلیۆنی خه‌ڵكی كوردستان

هه‌ڵوێستی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و بڕیاری 688

بڕیاری به‌رگری و داستانی مێژوویی كۆڕێ له‌خۆده‌گرێت

دوای ئه‌و قۆناغانه‌ سه‌رۆك بارزانی له‌ به‌شی پێنجه‌می كتێبه‌كه‌یدا باس له‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی دانووستانه‌كان له‌گه‌ڵ رژێم ده‌كات هه‌ر له‌ قۆناغی ده‌ستپێكردن و چوونی شانده‌كانی كوردستان بۆ به‌غدا و دیدار و كۆبوونه‌وه‌كان و دواتریش سه‌رنه‌گرتنی ئه‌نجامه‌كان و نه‌گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتن و دواتریش كشانه‌وه‌ی داموده‌زگاكانی رژێم له‌ كوردستان.

ئینجا له‌ به‌شی شه‌شه‌مدا سه‌رۆك بارزانی باس له‌ یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردن له‌ كوردستان ده‌كات كه‌ چه‌نده‌ گرنگ و كاریگه‌ر بوو له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌یی و جیهانی .

سه‌رۆك بارزانی له‌و به‌شه‌ی كتێبه‌كه‌یدا به‌ ناوی یەکەم هەڵبژاردنی ئازاد لە کوردستانی ئازاددا نووسیویه‌تی:

 "کوردستان لەو دۆخەدا پێویستی بە گۆڕانکاری و بەڕێوەبەرییەکی نوێی خۆماڵی و بەڕێوەبردنی هەنووکەیی و بەدەستوبرد هەبوو. ئەوە پێویستییەکی مێژوویی و هەنووکەیی بوو.

"رۆژی 23ی ئاداری 1991، لە سەرەتای راپەڕین و لە کۆبوونەوەیەکی فراوانی جەماوەریدا لە کۆیە بەڵێنم بە جەماوەرەکەمان دابوو کە لەپێناو تێپەڕاندنی قۆناغی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی بۆ شەرعیەتی یاسایی و دامەزراندنی دامودەزگەی فەرمی و شەرعییەکانی کوردستان، هەڵبژاردن بکرێت".

لێدوانی سه‌رۆك له‌ كۆیه‌:

هه‌روه‌ها سه‌رۆك بارزانی نووسیویه‌تی:

"لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی سیاسیی بەرەی کوردستانی کە لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی 1991دا لە خەلیفان بەسترا، پێشنیارم کرد کە بۆ رێکخستنەوە و پێداچوونەوە بە بارودۆخی خۆماندا پێویستە هەڵبژاردن بکرێت. هەموو بەشداربووانی کۆبوونەوەکە پێشنیارەکەیان پەسەند کرد، بەڵام کاتی هەڵبژاردن دەستنیشان نەکرا."

رۆژی 15ی کانوونی دووەمی 1992، لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی بەرەی کوردستانیدا لە خەلیفان، دوای هەڵسەنگاندنی بارودۆخەکە بڕیار درا کە هەڵبژاردن بکرێت و کاتەکەی نابێت لە 3ی نیسانی 1992 تێبپەڕێت، هەروەها ئەم بڕیارانەش دران:

1. هەڵبژاردنی رابەر و پەرلەمان پێکەوە بکرێت.

2. ناوی فەرمی پەرلەمان دەبێتە (ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستان)

3. هەڵبژاردن بە شێوەی رێژەیی دەبێت و رێژەی حەوت لە سەد دیاریکرا

4. لاری نییە لە گەڕانەوەی دامودەزگەکانی حکوومەت، بەڵام نابێت دامودەزگە ئەمنییەکان بگەڕێنەوە، رژێمیش رازی نەبوو بەبێ دەزگا ئەمنییەکان بگەڕێتەوە.

کۆبوونەوەکەی سەرکردایەتیی بەرە گرنگ بوو و، ئەمانەی خوارەوەش لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بوون:

له‌ 19ی ئایاری 1991 یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی ئازاد كرا.  

سه‌رۆك بارزانی ئه‌و رۆژه‌ به‌ رۆژێكی مێژوویی و چاره‌نووسساز ناوده‌بات.

ئه‌گه‌رچی له‌و هه‌ڵبژاردنه‌ و ده‌ركه‌وتنی ئه‌نجامه‌كان كه‌ پارتی زۆرینه‌ی ده‌نگ و 51 كورسی به‌ده‌ستهێناوه‌، به‌ڵام به‌ هۆی دۆخی ئه‌وكات و رێگریكردن و چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كه‌، پارتی به‌ رێككه‌وتنی دابه‌شكردنی كورسییه‌كان (په‌نجا به‌ په‌نجا) له‌گه‌ڵ یه‌كێتی رازی بوو. ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی پێشوازیی گه‌وره‌ی لێكرا .

له‌ به‌شی حه‌وته‌میشدا باس له‌ دیپلۆماسی و په‌یوه‌ندییه‌ ده‌ره‌كییه‌كانی دوای راپه‌ڕین ده‌كرێت .

سه‌رۆك بارزانی له‌مباره‌یه‌وه‌ باس له‌ سه‌ردانی خۆی بۆ چه‌ند وڵاتێك و دیدار و كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ به‌رپرسانی ئه‌و وڵاتانه‌ و سكرتێری ئه‌وكاتی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌كات

سه‌رۆك بارزانی باس له‌ خستنه‌ڕووی بیرۆكه‌ی فیدراڵیزم بۆ عێراق ده‌كات كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و شاندی ئۆپۆزسیۆنی عێراق له‌ میانی كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ وه‌زیری ئه‌وكاتی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا خستیه‌ڕوو . له‌وێدا سه‌رۆك بارزانی به‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و له‌به‌رده‌م شاندی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی گوت:

"به‌ بۆچوونی من فیدراڵی شێوازێكی گونجاو و سه‌ركه‌وتووه‌ بۆ ئه‌م قۆناغه‌ ، مام جه‌لالیش خێرا گوتی: پشتگیریی هه‌موو بۆچوون و قسه‌كانی بارزانی ده‌كه‌م".

سه‌رۆك بارزانی له‌باره‌ی ئه‌و سه‌ردانانه‌ و ئه‌نجامه‌كان ده‌ڵێت:

"سه‌ردانێكی دورودرێژ بوو، به‌ڵام پڕ ده‌ستكه‌وت بوو بۆ گه‌له‌كه‌مان".

له‌باره‌ی راگه‌یاندنی فیدراڵی، سه‌رۆك بارزانی له‌ كتێبه‌كه‌یدا نووسیویه‌تی:

"له‌ 7ی ئه‌یلولی 1992 سه‌ردانی په‌رله‌مانی كوردستانم كرد. پێشنیارم كرد په‌رله‌مانی كوردستان بابه‌تی فیدراڵی تاوتوێ بكات چونكه‌ زه‌مینه‌یه‌كی گونجاو ره‌خساوه‌ و نابێ له‌ده‌ستی بده‌ین".

له‌ به‌شی هه‌شته‌می به‌رگی پێنجه‌می كتێبی بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد، سه‌رۆك بارزانی باس له‌ ئۆپۆزسیۆنی عێراقی و هه‌وڵه‌كان له‌پێناو كۆكردنه‌وه‌ و رێكخستنی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی ده‌كات.

به‌ستنی كۆنگره‌ی نیشتیمانی عێراق له‌ سه‌ڵاحه‌ددین له‌ 27ی تشرینی یه‌كه‌می 1992 بابه‌تێكی دیكه‌ی ناو ئه‌و كتێبه‌یه‌ كه‌ سه‌رۆك بارزانی هه‌وڵی كۆكردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌كانی دا و دواتریش زۆربه‌ی ئه‌ندامامی كۆنگره‌ی نیشتمانیی عێراقی (ئۆپۆزسیۆنی عێراقی) باره‌گایان بۆ كوردستان هێنا و له‌ هه‌ولێر و مه‌سیف سه‌ڵاحه‌ددین باره‌گایان دانا .   

بارودۆخی گشتی دوای هه‌ڵبژاردن و دامه‌زراندنی حكوومه‌تی هه‌رێم، ته‌وه‌ری به‌شی نۆیه‌می كتێبه‌كه‌یه‌ . له‌و به‌شه‌دا باس له‌

رۆڵی تێكده‌رانه‌ی په‌كه‌كه‌

هه‌ڵوێستی نوێ و توندی ئێران

ره‌وشی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان

به‌ باشی به‌ڕێوچوونی كاره‌كانی په‌رله‌مان و حكوومه‌ت ده‌كات.

له‌ به‌شی ده‌یه‌میشدا سه‌رۆك بارزانی باس له‌ چه‌ند بابه‌تێكی گرنگی دوای راپه‌ڕین ده‌كات له‌وانیش

هه‌ڵوێستی مامۆستایان و خۆڕاگرییان

به‌ده‌نگه‌وه‌چوونی پێداویستیه‌كانی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین

دامه‌زراندنی زانكۆی دهۆك

به‌ستنی كۆنگره‌ی 90 ساڵه‌ی له‌دایكبوونی بارزانی

كۆنگره‌ی 11ی پارتی دیموكراتی كوردستان

گه‌ڕاندنه‌وه‌ی روفاتی بارزانی نه‌مر و كاك ئیدریس

شەڕی ناوخۆ و قۆناغه‌كانی ئه‌و شه‌ڕه‌ خۆكوژییه‌ و هۆكاره‌كان و ده‌ره‌نجامه‌كانی سێ قۆناغی ئه‌و شه‌ڕه‌ له‌ هه‌رسێ به‌شی یازده‌ و دوازده‌ و سێزده‌ی كتێبی بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد، به‌رگی پێنجه‌م راپه‌ڕین، ده‌رفه‌ت و ئاسته‌نگه‌كان باس كراوه‌.

هه‌روه‌ها له‌ به‌شی چوارده‌هه‌میشدا چه‌ند قۆناغێكی جیاوازی وه‌ك 

شه‌ڕی ناوخۆ

ده‌ستێوه‌ردانه‌كانی ئێران

دیسان شه‌ڕفرۆشتنه‌كانی په‌كه‌كه‌

هه‌ڵوێستی توركیا

ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كانی ئاشتی خراونه‌ته ڕوو .

له‌ به‌شی پازده‌هه‌می هه‌مان كتێبدا چه‌ند بابه‌تێكی دیكه‌ی وه‌ك :

قۆناغی چواره‌می شه‌ڕی ناوخۆ

هه‌ڕه‌شه‌كانی ئێران و عێراق

ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێی هه‌وڵه‌كانی ئاشتی

بانگهێشتنامه‌كانی ئێران و عێراق و سوریا

رۆڵی عه‌زیز محه‌مه‌د له‌ هه‌وڵه‌كانی ئاشتی باس كراون .

له‌ به‌شی شازده‌هه‌میشدا سه‌رۆك بارزانی باس له‌ چه‌ند قۆناغێكی دیكه‌ ده‌كات له‌وانیش:

رێككه‌وتنی مێژوویی واشنتۆن

ئیمزاكردنی رێككه‌وتننامه‌ی مێژوویی واشنتۆن

هاتنی مام جه‌لال بۆ مه‌سیف سه‌ڵاحه‌ددین

سه‌رۆك بارزانی له‌باره‌ی رێككه‌وتنی واشنتۆن نووسیویه‌تی:  

"دەیڤید وێڵش، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا رۆڵێکی کاریگەری بینی لە رەخساندنی زەمینەیەکی لەبار بۆ رێککەوتنی واشنتۆن و، گرتنەبەری رێوشوێن و ئاسانکاریی پێویستی بۆ سەردانەکەمان بۆ واشنتۆن."

سه‌رۆك بارزانی هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی:

"رازی بووم کە خۆم بچمە واشنتۆن لەسەر بانگهێشتی خاتوو مادلین ئۆڵبرایت، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمه‌ریکا".

سه‌رۆك بارزانی هه‌ر له‌ كتێبه‌كه‌یدا ده‌گێڕێته‌وه‌ و ده‌ڵێت:

"لە کۆتایی ساڵی 1994ەوە هەتا ئەوکات، یەکەم جار بوو چاوم بە مام جەلال بکەوێت. دیدارەکە زۆر بە خۆشی و سرووشتی لە کەشوهەوایەکی ئاساییدا بەڕێوەچوو، ئەمه‌ریکییەکان زۆر خۆشحاڵ بوون بە دیدار و کۆبوونەوەکە و چاوەڕێیان نەدەکرد بەم شێوەیە بەڕێوەبچێت. دوای چەندین کۆبوونەوە و ئاڵوگۆڕی بۆچوونەکان، چەند گفتوگۆیەکی تووند لە کۆبوونەوەکاندا رووی دا، بەڵام سەرەنجام لەسەر رەشنووسی کۆتایی رێککەوتین."

له‌ به‌شی حه‌ڤده‌یه‌می ئه‌و كتێبه‌دا سه‌رۆك بارزانی باس له‌ چه‌ند رووداوێكی گرنگی ساڵانی 1998 تا 1999 ده‌كات وه‌ك:

سه‌ردانی باڵیۆزی ڕووسیا له‌ 15ی نیسانی 1998

سه‌ردانی بینۆن سینات یاریده‌ده‌ری كۆفی عه‌نان سكرتێری ئه‌وكاتی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ 25ی حوزه‌یرانی 1998

ئازادكردنی كه‌وادیری پارتی له‌ لایه‌ن ئێرانه‌وه‌

دامه‌زراندنی كوردستان تیڤی

دامه‌زراندن و ده‌ستپێكردنی په‌خشی به‌رنامه‌كانی كوردستان تیڤی له‌ نێوخاكی كوردستان رووداوێكی گرنگی مێژوویی بوو هه‌م له‌ ڕووی سیاسی و هه‌م له‌ ڕووی كاری میدیایی و رۆشنبیری و بڵاوكردنه‌وه‌ی هوشیاریی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و گه‌یاندنی ده‌نگی كوردستانیان به‌ ده‌ره‌وه‌ .

سه‌رۆك بارزانی له‌باره‌ی دامه‌زراندنی كوردستان تیڤی نووسیویه‌تی:

"بۆ یه‌كه‌م جار له‌ كوردستان كه‌ناڵێكی ئاسمانی له‌ كوردستان ده‌ستی به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ و په‌خشی به‌رنامه‌كانی كرد. رۆژی 17ی كانوونی دووه‌می 1999 كه‌ناڵی كوردستان تیڤی وه‌ك یه‌كه‌م كه‌ناڵی ئاسمانیی كوردی له‌سه‌ر خاكی كوردستان ده‌ستی به‌ په‌خش و بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌رنامه‌كانی كرد. دامه‌زراندن و كردنه‌وه‌ی كه‌ناڵی كوردستان تیڤی شۆڕشێك بوو له‌ بواری راگه‌یاندن و هوشیاریی نه‌ته‌وه‌یی و پێشخستنی بواری فه‌رهه‌نگی و رۆشنبیری له‌ كوردستان."

له‌ به‌شی هه‌ژده‌یه‌میش له‌و كتێبه‌دا هه‌وڵه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ ساڵی 2000 بۆ پڕۆسه‌ی ئاشتی باس كراوه‌ .

هه‌روه‌ها به‌شی نۆزده‌یه‌می هه‌مان كتێبی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی ته‌رخان كراوه‌ به‌ ڕووداوه‌ گرنگه‌كانی ساڵی 2001

سه‌رۆك بارزانی له‌مباره‌یه‌وه‌ نووسیویه‌تی:

"ساڵی 2001 ساڵێكی گرنگ و پڕ له‌ ڕووداو بوو. له‌و ساڵه‌دا هێندێ گۆڕانكاری و پێشهاتی گه‌وره‌ ڕوویاندا كه‌ ته‌نانه‌ت ئاراسته‌ و هاوكێشه‌كانی جیهانیان گۆڕی.

له‌و به‌شدا چه‌ند بابه‌تێك باس كراوان له‌وانیش:

سه‌ردانی مام جه‌لال بۆ توركیا

سه‌ردانی قاسم سوله‌یمانی بۆ كوردستان

سه‌ردانی شاندێكی ئیداره‌ی تازه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ كوردستان

تیرۆركردنی شه‌هید فره‌نسۆ هه‌ریری

رووداوه‌ تیرۆریستییه‌كه‌ی 11ی سێپته‌مبه‌ر

ئاماده‌كارییه‌كان بۆ قۆناغی دوای 11ی سێپته‌مبه‌ر

به‌شی كۆتاییش كه‌ به‌شی بیسته‌مه‌، باس له‌ بارودۆخی ساڵی 2002 و ئاماژه‌كانی گۆڕانكاریی گه‌وره‌ ده‌كات

له‌و به‌شه‌دا چه‌ند بابه‌تێكی گرنگ خراونه‌ته‌روو وه‌ك:

سه‌ردانی شاندی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ كوردستان

سه‌ردانی سه‌رۆك بارزانی بۆ واشنتۆن

هاتنی شاندی یه‌كێتی و په‌یامی مام جه‌لال

بانگهێشتنامه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ردانی واشنتۆن

په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ی رایان كرۆكه‌ر و وه‌ڵامی كۆڵن پاوڵ

لێدوانه ‌ڕوونه‌كانی به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا دژی سه‌ددام

گرژی و ئاڵۆزییه‌كانی نێوان پارتی و توركیا

شه‌ڕی یه‌كێتی و جوندولئیسلام

به‌رگی پێنجه‌می زنجیره‌ كتێبی بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد له‌ نووسینی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی

كۆمەڵێك وێنەی گرنگ و مێژوویی

73 بەڵگەنامەی سیاسی و مێژوویی له‌خۆ گرتووه‌.

ئه‌و كتێبه‌ سەرچاوەیەكی گرانبەهای سیاسی و مێژووییە بۆ خوێنەران و توێژەران و مێژوونووسان.

ئامادەکردنی: مستەفا حەمەئەمین

میدیا راپۆرت

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.