Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 20:27

سەرۆکی حکوومەت بۆ وەزارەتی کارەبا: هەموو هەوڵێکتان بخەنەگەڕ بۆ پێدانی کارەبای بەردەوام بە هاووڵاتییان

کوردستان TV
100%

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی سەردانی بۆ وەزارەتی کارەبا، وەزارەتەکەی ڕاسپارد هەموو هەوڵێکی خۆیان بخەنەگەڕ و پلان و ئامادەکاری پێویست بکەن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بتوانرێت کارەبای بەردەوام بە هاووڵاتییان بدرێت.

لە چوارچێوەی سەردانەکانیدا بۆ وەزارەت و فەرمانگەکانی حکوومەت، ئەمڕۆ یەکشەممە 21ـی 08ـی 2022 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی وەزارەتی کارەبای کرد و لەلایەن کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا، پێشوازی لێ کرا.

پاشان سەرۆکی حکوومەت، بە ئامادەبوونی وەزیر و بریکاری وەزارەت و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە وەزارەتی کارەبای کرد.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری کارەبا، کورتەیەکی دەربارەی کار و چالاکی و پلانەکانی وەزارەت و کارکردنیان لە چوارچێوەی کارنامە کابینەی نۆیەم پێشکەش کرد و سوپاسی سەرۆکی حکوومەتی کرد کە پاڵپشتێکی بەهێزی وەزارەتی کارەبایە بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە بتوانن خزمەتی هاووڵاتییان بکەن.

وەزیری کارەبا، هەنگاوەكانی چاكسازیی و باشكردنی ژێرخانی كارەبا و نەهێشتنی سەرپێچی و باشتركردنی داهات و پێوەری زیرەكی خستەڕوو.

دواتر سەرۆکی حکوومەت، لە وتەیەکدا دەستخۆشی لە کارمەندانی وەزارەتی کارەبا کرد کە تووانیویانە بەهۆی ئەنجامدانی هەندێک چاکسازییەوە، لە ڕووی بەهەرمهێنان و گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبادا، پێشکەوتنی باش بە دەست بهێنن، بەڵام هێشتاش کەرتی کارەبا، پێویستی بە گەشەپێدانی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی باشتر، خزمەتی هاووڵاتییان بکات، لەمبارەیەوە سەرۆکی حکوومەت، وەزارەتی کارەبای ڕاسپارد، هەموو هەوڵێکی خۆیان بخەنەگەڕ و پلان و ئامادەکاری پێویست بکەن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بتوانرێت کارەبای بەردەوام بە هاووڵاتییان بدرێت، بۆ ئەم مەبەستە پێویستە هاووڵاتییانیش هاوکار و یارمەتیدەری حکوومەت بن.

سەرۆکی حکوومەت ڕوونی کردەوە کە بۆ باشترکردنی دۆخی کارەبا و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر بە هاووڵاتییان، دەبێ ڕێگری لە هەموو بەهەدەردانێکی کارەبا و زێدەڕۆیی بۆ سەر کەرتی کارەبا بکرێت و پێویستە هاووڵاتییان هاوکاری خۆیان و حکوومەت بکەن، لە ڕێگەی كەمكردنەوەی زیادبەكارهێنانی كارەبا و دانی ڕسوماتی کارەبا بەشێوەیەکی ڕێک و بەردەوامی، بۆ ئەوەی حکوومەتیش بتوانێت بەشێکی خەرجییە زۆرەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دابین بکات و کارەبا بەباشی بە هاووڵاتییان بدات.

سەرۆکی حکوومەت جەختی لەوە کردەوە کە کابینەی نۆیەم، بە هیچ شێوەیەک هیچ باج و ڕسوماتێکی لەسەر هاووڵاتییان زیاد نەکردووە، بەڵکو تەنیا ئەو باج و ڕسوماتەی هەیە ڕێکی خستووەتەوە. گوتیشی ئەرکی سەرەکی ئەم کابینەیە، خزمەتکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە بە بێ جیاوازی.

سەرۆكی حكوومەت خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە وەزارەتی كارەبا، ڕووی لە بنیاتنانی چەند پڕۆژەیەكی كارەبا کردووە بە وزەی خۆر، داواشی كرد زیاتر گرنگی بە بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی جێگرەوە و پاك و ژینگەدۆست بدرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.