Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 02:24

سەرۆکی حکوومەت: لەگەڵ ئەوەداین هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت و دوا نەخرێت

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ چوارشەممە 24ـی 08ـی 2022 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانیی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەن، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بە ڕێوە چوو.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە گفتوگۆکانی تایبەت بە ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دا و جەختی کردەوە کە ئێمە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەداین ڕێز لە وادە یاساییەکان بگیرێت و هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت و دوا نەخرێت.

پاشان لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕاپۆرتێکی تایبەت و بەرفراوانی سەبارەت بە سێکتەری ئاوی خواردنەوە لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو.

لە ڕاپۆرتەکەدا، بە زانیاری و داتا کێشە و ئاستەنگ و گرفت و پێشنیار و ڕاسپاردە و پلانی کورتخایەن و خێرا و درێژخایەن و ستراتیجی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاوی خواردنەوە ڕوونکرابووەوە، لە ناویشیاندا ئاماژە بە سەرچاوەکانی ئاو درا بوو کە ڕۆژانە زیاتر لە 3 ملیۆن و 125 هەزار مەتر سێجا ئاو دابین دەکرێت، واتە 500 لیتر بۆ هەر بەشدارێک لە ڕۆژێکدا کە ژمارەی بەشداربووان زیاتر لە ملیۆنێک هاوبەشە، ئەمە سەرەڕای خستنەڕووی پڕۆژەکان و کێشە و گرفتە تەکنیکیەکان و تێچووی بەرهەمهێنانی ئاو  کە ساڵانە بڕی 500 ملیار دینارە لەسەر بوودجەی حکوومەت.

سەرۆکی حکوومەت هەر لەمبارەیەوە وێڕای دەستخۆشیکردنی لە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتە تایبەتەکە، جەختی کردەوە کە ئەرکی لەپێشینەی حکوومەتی هەرێمە هەموو هەوڵێک بخاتەگەڕ بۆ دابینکردنی ئاوی پاک و خاوێن بۆ هاووڵاتییان، بەڵام لە هەمانکاتدا دەبێ کێشە و قەیرانی کەمئاویش لەبەرچاو بگرین و پێویستە بە هەموو شێوەیەک کار بکەین لە پێناو ڕێگریکردن لە بەهەدەردانی ئاو و زیادبەکارهێنانی ئاو، بەتایبەتی گۆڕانی کەشوهەوا و لێکەوتە نەرێنییەکانی، کە هەڕەشەیەکی جیددیە بۆ سەر  هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی، دووچاری قەیرانی کەمئاوی و وشکەساڵی و کەمی بارانبارین و کەمبوونی ئاوی ژێرزەوی و سەرزەوی دەبێتەوە و پێویستە لە هەموو ڕوویێکەوە، ئامادەکاری پێویست بکرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانە و سنووردارکردنی کاریگەرییە نەرێنییەکانی.

هەر لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار درا بە ڕاسپاردنی وەزارەتەکانی  (دارایی و ئابووری، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و پلاندانان) و سەرۆکایەتی دیوان و سکرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ هەماهەنگیكردن لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی وگەشتوگوزار بۆ ئەوەی ڕێکاریی پێویست بگرنەبەر سەبارەت بە پێشنیارەکانی وەزارەت کە لە کۆبوونەوەکە خرانەڕوو بە ڕەچاوکردنی بارودۆخی دارایی و بڕی پارەی پێویست بۆ ئەم مەبەستە.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، جوتيار عادل سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، ڕاپۆرتێکی پێشکەش کرد لەبارەی پڕۆژەکانی خزمەتگوزاری گشتی کە لە تەمەنی کابینەی نۆیەم جێبەجێ کراون یان لە قۆناخی جێبەجێکردنن و وابڕیارە داشبۆردی ئەم زانیاریانە لە نزیکترین دەرفەتدا بخرێتە بەردەستی سەرجەم هاووڵاتییان و ڕای گشتیی لە ڕێگەی ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەک هەنگاوێکی برەودان بە شەفافیەت و زانیاریدان بە هاووڵاتییان سەبارەت بە پڕۆژەکان و چۆنییەتی دابینکردنی پارەی پێویست و دابەشبوونی جوگرافیی پڕۆژەکان لەسەر ئاستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێم لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووان و شایستەبوون و دادپەروەری.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.