Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 00:30

ئه‌مڕۆ دووساڵ به‌سه‌ر كۆچی دوایی تێكۆشه‌رو پێشمه‌رگه‌"بارزان مه‌لاخالید" تێپه‌ر ده‌بێت

کوردستان TV
100%


بارزان خالید عەزیز، ناسراو بە بارزانی مەلا خالید ساڵی 1945 لە گوندی مورتکەی گەورە لە ناوچەی قوشتەپە سەر بە پارێزگای هەولێر لەدایکبووە. باوکی مەلایەکی نیشتمانپەروەر و نزیکی مەلا مستەفا بارزانی بووە، بۆیشە بەهۆی ئەو خۆشەویستییەی بۆ بارزانی ھەیبووە، ناوی کوڕەکەی خۆی کردووەتە بارزان.

بارزان خوێندنی سەرەتایی لە گوندی مورتکە و ناوەندیی لە هەولێر تەواو کردوە، لە دوا قۆناخی خوێندنی دواناوەندیی دا بووە لە بەهاری ساڵی 1966 چووەتە ڕیزی پێشمەرگەکانی بەتالیۆنی دووی سەر بەهێزی سەفین لە لقی چواری دەشتی هەولێر، کە فەرماندەکەی عەریف عوسمان یوسف بووە. ساڵی 1967 بۆ ماوەی ساڵێک مامۆستای شۆڕش بووە. لەم بارەیەوە دەڵێت: "عەریف عوسمان یوسف لە مانگی نیسانی 1967 کە لەنێوان شۆڕش و حکومەتدا وتووێژ هەبوو، بانگی منی کرد و گوتی: بارزان ئەو هەمووە منداڵە لە کۆڵان دەخولێنەوە، بۆچی نایەی کۆیان بکەیەوە و لێرە لە "پیرەر"، بەلایەنی کەمەوە فێری ئەلف و بێیان بکەی و منیش پێداویستییەکانت بۆ دابین دەکەم. خوێندکارێکی تریش هەبوو بەناوی یاسین قادر کە ساڵی 1978 شەهید بوو. ئێمە منداڵەکانمان کۆکردەوە، ژمارەیان ٤٠ کەس بوو، تا کۆتایی ئەو ساڵە، واتە خوێندنی 1966- 1967 لە سەردەمی وتووێژەکاندا حکومەت خویندنگەیەکی لە "باوەقۆب" دروستکرد، باوەقوب و پیرەر دۆڵێکیان لەنێوان دایە. ئێمە خوێندنگەکەمان بردە باوەقوب و خوێندکارەکانمان تێکەڵکردن و بەیەکەوە وانەمان پێگوتن".

پاییزی ساڵی 1968، بارزانی مەلا خالید گواستراوەتەوە بۆ رادیۆ دەنگی کوردستانی عێراق کە بنکەکەی لە ئەشکەوتی "سەردێ" لە نزیک قەسرێ لە ناوچەی باڵەكایەتی بووە. تا واژۆکردنی رێککەوتنی 11ی ئادار لە ڕادیۆ کاری بێژەری کردوە و خوێندنەوەی هەواڵ و رووداوەکانی رادیۆشی لە ئەستۆ بووە. لەم بارەیەوە دەڵێت: "رادیۆکەمان بە دوای رێککەوتی 11ی ئاداری داخرا و من لە ساڵی 1971وە تا ساڵی 1974 کرام بەکارمەند لە قایمقامییەتی قەزای ناوەندیی هەولێردا و لە سەرەتای ساڵی 1974دا سەرلەنوێ سەرکردایەتی پارتی بڕیاریدا رادیۆ دامەزرێتەوە و من بە ئەمری مەکتەبی سیاسی وەک کادیری رادیۆ گەڕامەوە بۆ رادیۆ کە رادیۆ بەکار بخەمەوە و لەگەڵ یەکەم تەقەی رژێمی عێراق بە دژی گەلی کورد، رادیۆکەمان دەستی بەکار کردەوە".
بارزانی مەلا خالید، ئەرکی سەرۆکایەتی بەشی کوردی سۆرانی بێژەرانی رادیۆی پێسپێردراوە و بۆخۆشی هەواڵەکانی رادیۆی خوێندوەتەوە. ساڵی 1975 کە شۆڕشی ئەیلول راوەستا، ناوبراو چووەتە مەهاباد و لەوێوە رژێمی ئێران گواستویەتەوە بۆ لاهیجان لە پارێزگای گیلان. دوای ماوەیەکی کورت لەو جێیە، رۆژی 1975/10/20 ئێرانی بەجێهێشتوە و گەڕاوەتەوە بۆ عێراق و لەوێوە گواستویانەتەوە بۆ پارێزگای رومادی و لە فەلوجە نیشتەجێیان کردوە.

بەهاری ساڵی 1979 لە فەلوجەوە گەڕاوەتەوە بۆ ریزەکانی شۆڕش و لە حیزبی سۆسیالیستی کوردستاندا کراوە بە بەرپرسی راگەیاندن. ساڵی 1982 سەرلەنوێ سەنگەری خۆی گواستووەتەوە بۆ ریزەکانی پارتی دیموکرات و کراوە بە ئەندامی مەکتەبی راگەیاندنی پارتی و بەرپرسی بەشی کوردی "سۆرانی" ڕادیۆ دەنگی کوردستان و سەرەڕای نوسین وتار، پەخشان و شیعر، بەشەکانی دەنگوباس و لێدوانی سیاسی لە ئەستۆ بووە. تا ساڵی 1985 لە ڕادیۆ دەنگی کوردستان لە خنێرە و ناوچەی هەلەج و شەقڵاوەی سەربە ناوچەی ورمێ كاری کردوە، ساڵی 1986 گواستراوەتەوە بۆ لقی دووی پارتی و کراوەتە کارگێڕی لق و لە ناوچەی لۆلان و شێخ وەسانان بەرپرسی بەشی راگەیاندنی لقی دوو بووە، وەک خۆی دەڵێت "مانگانە بەتەنیا گۆڤاری سەفینم بڵاودەکردەوە".

لە کۆتایی ساڵی 1988وە تا ساڵی 1990 نوێنەری پارتی بووە لە بەشی راگەیاندنی بەرەی کوردستانیدا و بە هاوکاری لەگەڵ نوێنەری حیزبەکانی بەشدار لە بەرەی کوردستانیدا، مانگانە رۆژنامەیەکیان بەناوی "بەرەی کوردستانی" بڵاوکردۆتەوە. لە کانوونی دووەمی ساڵی 1990 بە فەرمانی سەرۆك مەسعود بارزانی سەر لە نوێ گواستراوەتەوە بۆ رادیۆ دەنگی کوردستان و تا راپەڕینی ساڵی 1991 لەو رادیۆیەدا كاری کردوە.

لە مانگی ئابی 1991دا بارزانی مەلا خالید کراوە بە  کارگێڕی لقی دووی پارتی دیموکرات لە شەقڵاوە و هەرلەو ساڵەدا ئەندامی یەکێتی نوسەرانی کوردستان و لە ساڵانی دواتریش ئەندامی سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان بووە و سەدان وتاری سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاوکردۆتەوە. لە هەڵبژاردنی 1992/5/19ی پەرلەمانی کوردستاندا، بۆ ئەندامیەتی پارلەمانی کوردستان هەڵبژێردراوە. لە 1993/5/8 پۆستی بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستانی دراوەتێ. بەشداریی کۆنگرەکانی 8 تا 13ی پارتی دیموکراتی کردوە، لە کۆنگرەی 11دا بە ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوە و لە کۆنگرەی 13ی پارتیدا وتەبێژی کۆنگرە بووە.

ساڵی 2006، بارزان مەلا خالید تووشی نەخۆشی دڵ بووە و نەشتەرگەری بۆ کراوە، دواتر بۆ پارێزگارییکردن لە تەندروستی خۆی، خانەنشین کراوە. ڕۆژی 2010/12/15 میدالیای بارزانی وەرگرتووە. لەم بارەیەوە گوتویەتی: "بە وەرگرتنی میدالیای بارزانی زۆر خۆشحاڵ بووم. هەستم کرد بەڕاستی پێشمەرگە و خەباتکار بوومە و پاداشی رەنج و خەباتی ماوەی ژیانم لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی پێدرا". 

بارزان مەلا خالید، بەھۆی نەخۆشییەوە چەند ساڵێك بوو لە چالاكی و كاری رێكخراوەیی دوور كەوتبووەوە. رۆژی 16-8-2022 لەسەر راسپاردەی سەرۆك بارزانی بۆ چارەسەر رەوانەی دەرەوەی وڵات كرا، بەرەبەیانی رۆژی 25/8/2020 لە ئەنقەرە كۆچی دوایی كرد.
ئا- كامران

کولتوور و هونه‌ر

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.