Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 09:53

حەكیم پەیامێك ئاراستەی سەدر دەكات .. بەرزكردنەوەی سەقفی داواكارییە سیاسییەكان چارەسەر نییە

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ شەممە، عەمار حەكیم، سەرۆكی بزووتنەوەی حیكمەت پەیامێكی ئاراستەی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدرو كرد و رایگەیاند: بەرزكردنەوەی سەقفی داواكارییە سیاسییەكان چارەسەر نییە و دووپاتی كردەوە كە هاووڵاتییان هێشتا چاوەڕێی چارەسەر و كۆتایی هاتنی ئەو گەمارۆیە سیاسییانەن، كە زیان بە بەرژەوەندییەكان دەگەێنێ.
 حەكیم لە وتارەكەیدا لە میانی "كۆنفرانسی ئیسلامی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان"، گوتی: هاووڵاتییان هێشتا چاوەڕێی چارەسەر و كۆتایی هاتنی ئەو گەمارۆیە سیاسییانەن، كە بووەتە زیان بە بەرژەوەندییەكانی خەڵك و كاری دامەزراوەكانی دەوڵەت تێكدەدات.
ئاماژەی بەوەشكرد، فڕێدانی تۆمەت و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی و پەرەسەندنی ئاشكرا هەموو ئەو بابەتانەن كە بەهیچ شێوەیەك خزمەت بە هاووڵاتیان ناكەن و تەنیا ناڕەزایی و توڕەیییان بەرامبەر هەموو لایەنەكان زیاد دەكات.
ئاماژەی بەوەشدا كە بەرزكردنەوەی سەقفی داواكارییە سیاسییەكان بەبێ بوونی واقیعی و پڕۆژە پراكتیكییەكان، نوێنەرایەتی دەروازەیەك ناكات بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان. 
 لە درێژەی قسەكانیدا گوتی، هەموومان دەبێت درك بەوە بكەین كە سیاسەتی كۆنەپەرستی و چەوساندنەوە ناتوانێت ببێتە جێگرەوەی ئەوەی كە دیالۆگ بەرهەمی دەهێنێت، چونكە ئێمە لەبەردەم بژاردەی كراوە و كاتییەكاندا نین، بەڵكو یەك بژاردەمان لەبەردەستدایە، ئەویش پێشكەوتن و زاڵبوونە بەسەر كێشەكاندا. 
 ڕاشیگەیاند، بانگەوازی خۆمان بۆ هەموو لایەنەكان دووپات دەكەینەوە كە لەڕێگەی هاوكاری و دیالۆگی بنیاتنەرەوە ئەولەویەت بدەن بە بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی و وازهێنان لە هەست و سۆز و تۆمەتەكان، هەروەها دەبێت هەموومان ڕێز لە بۆچوون و بۆچوونەكەی تر بگرین.
 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.