سەرۆکایەتیی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردۆتەوە و وەڵامی چەواشەکارییەکانی پەکەکەی داوەتەوە.
لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە کە "ماوەی چەند ڕۆژە جارێكی تر میدیاكانی سەر بە پەكەكە دەستیان داوەتە هەڵمەتێكی چەواشەكاری لەدژی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و وای بڵاو دەكەنەوە كە گوایە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ناوچەی چیاكانی ئامێدی و زاب ڕێگەیان بۆ سوپای توركیا خۆش كردووە بۆ شەڕكردن لەبەرامبەر چەكدارانی پەكەكە."
سەرۆکایەتیی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕوونکردنەوەکە ئاماژە بەوە دەدەن بە هەموو لایەك ڕادەگەیەنین كە:
1- هەرێمی كوردستان قەوارەیەكی دەستووری و سیاسییە و بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستانە. لەو كاتەی هەرێمی كوردستان دروست بووە پەكەكە هەمیشە سەرچاوەی هەڕەشە و سەرئێشە بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان بووە و بە ناهەق ڕێگر بووە لە ئاوەدانكردنەوەی سەدان گوند. لە هەمانكاتیشدا پەكەكە ڕێگەی بە خۆی داوە ناو و نیشانی ناوچە و چیا و دۆڵەكانی هەرێمی كوردستان بگۆڕێت و ناوی سەیر و سەمەرە و نامۆ بۆ ئەو ناوچانە دابنێت. هەروەها لە كردەیەكی نامرۆڤانە و دژە ژینگەییدا چەكدارانی پەكەكە هەستاون بە مینڕێژكردنی ڕێگەوبان و دۆڵ و كانیاو و دارستانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان كە مەترسییەكی زۆری بۆ خەڵكی ئاسایی و كاسبكار و گوندنشینەكان دروست كردووە. هەر بەهۆی بوونی نایاسایی پەكەكە لەسەر خاكی هەرێمی کوردستان بەشێكی زۆری خەڵكی ناوچە سنوورییەكان موڵك و ماڵی خۆیان بەجێهێشتووە.
2- پەكەكە شەڕی هێزەكانی توركیای پێ ناكرێت و بەردەوام ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ هێزەكانی توركیا چۆڵ دەكات و هێزەكانی توركیا بەدوای خۆیاندا دێنن. ئەوە لە حاڵێكدایە ئەگەر ململانێ و شەڕێكیش لەنێوان توركیا و پەكەكە هەبێت ئەوە گۆڕەپانی شەڕ دەبێ لەناوخۆی توركیا بێت.
3- میدیاكانی پەكەكە لە دوورەوە وێنەی چەند ئۆتۆمۆبیلێكی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان بڵاو كردووەتەوە و ئیدیعای ئەوە دەكەن هێزی پێشمەرگەی كوردستان ڕێگەی بۆ هێزەكانی توركیا خۆش كردووە. وێڕای ئەوەی جەخت لەوە دەكەینەوە كە ئەو ئیدیعایە هیچ بنەمایەكی نیە، ڕاشیدەگەیێنین هێزی پێشمەرگەی كوردستان مافی خۆیەتی لەسەر خاكی خۆی مومارەسەی دەسەڵات و ئەركەكانی خۆی بكات و پارێزگاری لە خاك و خەڵكی كوردستان بكات. بەڵام پرسیار ئەوەیە هێزەكانی پەكەكە بە چ حەقێك لەسەر خاكی هەرێمی كوردستانن و دەستی هێزەكانی توركیاش بەدوای خۆیاندا ڕادەكێشن؟ بۆچی ناچنەوە ناوخۆی توركیا و هەڕەشە و سەرئێشە بۆ خەڵكی كوردستان دروست دەكەن؟
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.