Erbil 38°C ھەینی 20 ئەیلوول 21:33

شاخه‌وان عه‌بدوڵا داوای به‌په‌له‌ی بڵاوه‌پێكردنی لیوای هاوبه‌شه‌كان له‌ كه‌ركووك ده‌كات

کوردستان TV
100%

 

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەتوندی ئیدانەی کردەوە تیرۆرستییەکانی ناحیەی لەیلان لە کەرکووک دەکات، هه‌روه‌ها فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەکان و ئیدارەی پارێزگاکەش بە بەرپرسیار دەزانێت و داواش دەکات پەلە بکرێت لە بڵاوەپێکردنی لیوا هاوبەشەکە بۆ پاراستنی ئاسایش.

شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ دووشەم بە توندی ئیدانەی ئەو کردەوە تیرۆرستییانەی کرد لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا گوندەکانی ناحیەی لەیلانی لە پارێزگای کەرکووک کردووەتە ئامانج، لە ڕفاندن و کوشتنی گەنجانی کورد و ڕێگەگرتن لە جوتیاران بە چنینەوەی بەرهەمەکانیان.

شاخەوان عەبدوڵا بەپرسیارێتی دۆخەکە و شکستهێنانی کۆنتڕۆڵکردنی دۆسییەی ئەمنیی و دووبارەبوونەوەی پێشێلکارییەکان و کەوتنەوەی قوربانی لە هاووڵاتییانی سڤیلی ئەو ناوچانە کە ماوەی چەندین ساڵە سەقامگیرە، خستە ئەستۆی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و ئیدارەی پارێزگاکە.

گوتیشی: لە کاتێکدا بە توندی ئیدانەی کردنە ئامانجی گوندە کوردییەکان دەکەین لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆرستی داعشەوە، هێشتا هەڕەشە و تۆقاندن و ناڵاندن بەدەست تەعریب و هەوڵەکانی گەڕانەوەی بەعس بۆ ناوچە کوردییەکان بەدەوامە.

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران داواشی لە حکوومەتی ئیتحادی کرد پەلە بکات لە بڵاوەپێکردنی لیوا هاوبەشەکە لەو ناوچانە، لەگەڵ ئەوەی لیواکە ماوەی چەند مانگێکە پێکهێنراوە و بە پێویستشی زانی فەرمانی بڵاوەپێکردن دەربچێت بۆ گێڕانەی ئاسایش و سەقامگیری لە کەرکووک، لەگەڵ گرنگی بەشداریکردنی هێزەکانی هەرێمی کوردستان بۆ چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچە تێکەڵەکان کە ڕووبەڕووی کردەوەی تیرۆرستی چەندبارە بوونەتەوە.

تەئکیدیشی لە گرنگی گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئەمنیی پێویست کردەوە بۆ ڕێگرتن لە دووبارەبوونەوەی کردەوە تیرۆرستییەکان و پاراستنی گیانی هاووڵاتییان لە سەرجەم ناوچەکانی کەرکووک.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.