Erbil 38°C شەممە 28 کانونی یەکەم 20:00

سه‌رۆكى هه‌رێم بانگهێشتی هێزه‌ سیاسییه‌كانی عێراق ده‌كات له‌ هه‌ولێر كۆببنه‌وه‌

کوردستان TV
100%

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ دووشه‌م په‌یامێكی له‌سه‌ر ڕه‌وشی ئێستای عێراق بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا بانگهێشتی هه‌موو هێز و لايه‌نه‌ په‌يوه‌نداره‌كانی كرد بێن له‌ هه‌ولێر كۆببنه‌وه‌ و ده‌ست به‌ گفتوگۆيه‌كى جددى بۆ تێپه‌ڕاندنى ئه‌م دۆخه‌ ئاڵۆزه‌ى وڵات بكه‌ن.

نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یامه‌كه‌دا ڕایگه‌یاند: له‌ نزيكه‌وه‌ و به‌ نيگه‌رانييه‌كى قووڵه‌وه‌ له‌ پێشهاته‌ سياسى و ئه‌منييه‌كانى ئه‌مڕۆى به‌غدا و چه‌ند شوێنێکی دیکه‌ی وڵات ده‌ڕوانين. داوا له‌ هه‌موو لايه‌ك ده‌كه‌ين ئه‌وپه‌ڕى دان به خۆياندا بگرن و ڕێگه‌ نه‌ده‌ن دۆخه‌كه‌ له‌وه‌ زياتر له‌ كۆنترۆڵ ده‌ربچێت.

ڕاشیگه‌یاند: خۆپيشاندانى ئاشتيیانه‌ مافێكى ده‌ستووريى پارێزراوه‌، به‌ڵام ئاڵۆزى و ڕاگرتنى دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ت هيچ كێشه‌يه‌ك چاره‌سه‌ر ناكات و دۆخه‌كه‌ ئاڵۆزتر ده‌كات، بۆيه‌ ده‌بێ شكۆى دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ت پارێزراو بێت و ڕێگرى له‌ ئه‌رك و كاره‌كانيان نه‌كرێت.

نێچیرڤان بارزانی هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: له‌سه‌ر هێزه‌ ئه‌منييه‌كان پێويسته‌ به‌وپه‌ڕى ئاگايى و وشيارييه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌دا بكه‌ن و ڕێگه‌ نه‌درێت خۆپيشاندان و ڕووداوه‌كان ببنه‌ هۆى تێكچوونى زياترى دۆخى ئه‌منى و كه‌وتنه‌وه‌ى قوربانى له‌نێوان عێراقييه‌كاندا.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: دۆخى وڵات ئه‌وپه‌ڕى دانايى و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ لۆژێك و ده‌سپێكردنى گفتوگۆيه‌كى نيشتمانى و به‌رپرسانه‌ و هاريكاريى هه‌مووانى ده‌وێت بۆ ئه‌وه‌ى عێراق له‌و دۆخه‌ سه‌خته‌ ڕزگارى ببێت و كار له‌ كار نه‌ترازێت.

له‌ كۆتاییدا دووپاتى كرده‌وه‌‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌ميشه‌ هاريكار ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌رى و لێكگه‌يشتنى لايه‌نه‌ عێراقييه‌كان، بۆيه‌ دووباره‌ هه‌موو هێز و لايه‌نه‌ په‌يوه‌نداره‌ عێراقييه‌كان بانگهێشت ده‌كه‌ين بۆ ئه‌وه‌ى بێن له‌ هه‌ولێر كۆببنه‌وه‌ و ده‌ست به‌ گفتوگۆيه‌كى جددى بۆ تێپه‌ڕاندنى ئه‌م دۆخه‌ ئاڵۆزه‌ى وڵات بكه‌ن.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.