Erbil 38°C شەممە 28 کانونی یەکەم 20:15

پێویسته‌ حكوومه‌تێكی فریاكه‌وتن رابگه‌یه‌نرێت و ره‌وشی عێراق كۆنترۆڵ بكاته‌وه‌  

کوردستان TV
100%

له‌ میانه‌ی به‌شداریكردن له‌ به‌رنامه‌ی (مژار) سه‌باره‌ت به‌ پرسی عێراق.. بەرەو قۆناغێکی مەترسیدار،  پرۆفیسۆر ساڵح عومەر - مامۆستای زانکۆ رایگه‌یاند كه‌ پێویسته‌ حكوومه‌تێكی فریاكه‌وتن و به‌په‌له‌ له‌ عێراق رابگه‌یه‌نرێت بۆ ئه‌وه‌ی ره‌وشی سیاسی و ئه‌منی كۆنترۆڵ بكاته‌وه‌. 

ساڵح عومه‌ر ڕاشیگه‌یاند: دوای سه‌ركه‌وتنی موقته‌دا سه‌در له‌ پڕۆسه‌ی هه‌لبژاردن، دادگای فیدراڵی هه‌موو هه‌وڵێكی دا بۆ ئه‌وه‌ی حكوومه‌ت پێك نه‌هێت، به‌وه‌ش موقته‌دا سه‌در بڕیاری كشانه‌وه‌ی دا، به‌مه‌ش چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ئه‌وه‌ هه‌له‌ی قۆسته‌وه‌ كه‌ بێته‌ سه‌ر هێل و خۆی به‌ شه‌رعی بزانێت، ئه‌مه‌ش وای كرد كه‌ ئالۆزی له‌نێوان لایه‌نه‌كان دروست بێت و ره‌وشه‌كه‌ به‌ره‌و ئالۆزی بڕوات.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: بێگومان موقته‌دا سه‌در له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی ده‌گه‌رێ، ئه‌و نه‌ دژی ئێرانه‌ نه‌ دژی ئه‌مه‌ریكایه.

مامۆستای زانكۆ گوتیشی: كاریگه‌ری ئه‌و ڕه‌وشه‌ی ئێستا له‌ عێراقدا هه‌یه‌، راسته‌وخۆ ده‌بێت به‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵی له‌و ماوه‌یه‌دا بینرا، ئه‌وه‌ش بۆ هه‌رێمی كوردستان سه‌خته‌ كه‌ چۆن و له‌گه‌ڵ كێ دانوستان بكات بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ی پرسه‌كان.

گوتیشی: پێویسته‌ هه‌رێمی كوردستان خوێندنه‌وه‌یه‌كی وردی هه‌بێت به‌رامبه‌ر به‌و ره‌وشه‌ی كه‌ ئێستا هاتۆته‌ ئاراوه‌ له‌ عێڕاقدا.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ ئێستا ره‌وشه‌كه‌ گۆڕاوه‌، زیاتر ئاراسته‌كان به‌ره‌و پرسی نه‌وت و گازه‌، بۆیه‌ هه‌رێم ده‌كرێت ده‌رفه‌تێك بقۆزێته‌وه‌ به‌وپێیه‌ی خاوه‌ن نه‌وت و گازه.

هه‌روه‌ها رێناس جانۆ - ئەندامی خولی پێشووتری پەرلەمانی عێراق لای خۆیه‌وه‌ رایگه‌یاند: ئه‌وه‌ چاوه‌ڕواننه‌كراو بوو كه‌ موقته‌دا سه‌در ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ رابگه‌یه‌نێت به‌ كشانه‌وه‌ی له‌ پرۆسه‌ی سیاسی، دوای ئه‌و بڕیاره‌ش‌ سه‌رایا سه‌لام هاتنه‌ سه‌ر هێڵ و جوڵانه‌وه‌یان دیار بوو، ئه‌وه‌ جێگه‌ی پرسیاره.

هه‌روه‌ها گوتی: ئه‌وه‌ی ئه‌مرۆ رووی دا زه‌نگێكه‌‌ بۆ ئه‌وه‌ی حكوومه‌تێكی فریاكه‌وتن له‌لایه‌ن مسته‌فا كازمی رابگه‌یه‌نرێت، تا بتوانێت ره‌وشه‌كه‌ به‌ره‌و سه‌قامگیری ببات.

گوتیشی: عێڕاق به‌ تیمی وڵاتانی ده‌ره‌كی به‌ستراوه‌ته‌وه‌، ئه‌وان كار له‌ سه‌ر ئارامی ئه‌و وڵاته‌ ده‌كه‌ن، له‌نێوان ئه‌و به‌رانه‌شدا‌ ئایا چۆن مسته‌فا كازمی یاری خۆی ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی ره‌وشی عێراق به‌ره‌و سه‌قامگیری ببات.

رێناس جانۆ ڕاشیگه‌یاند: تا ئێستا په‌رله‌مانی عێڕاق نه‌یتوانیوه‌ دانیشتی ئاسایی خۆی ئه‌نجام بدات، ئه‌و بڕیارانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن دادگای فیدڕاڵه‌وه‌ ده‌ركران هه‌مووی به‌ سیاسی كران و ئه‌و وڵاته‌ی گه‌یانده‌ ئه‌و ره‌وشه‌ی كه‌ ئێستا تێی داین. په‌رله‌مان هه‌ڵوه‌شاوه‌یه‌، ئیراده‌ی نییه‌ بتوانێت رۆڵی باڵای خۆی ببینێت، كۆشكی كۆماریشی هاته‌ سه‌ر و دادگاش به‌مشێوه‌یه‌.

ئەندامه‌كه‌ی خولی پێشووتری پەرلەمانی عێراق گوتیشی: ئه‌م ڕه‌وشه‌ زۆر ناخایه‌نێت و شه‌قامی عێڕاقی له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م كۆنترۆڵ ده‌كرێته‌وه.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.