پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەم لە چوارچێوەى گرنگیدان بە کەرتی پیشەسازی و ئابووری لە هەرێمی کوردستان بە تایبەت لە هەولێری پایتەخت، بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، کۆبوونەوەی لێژنەی گەشەپێدان و پشتگیری پڕۆژە پیشەسازییەکان ئەنجام درا.
لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی جۆر و پێویستی خزمەتگوزارییەکان و خەمڵاندن و میکانیزمی دەستپێکردن و گەیاندنى خزمەتگوزارییەکان بە ناوچەى پیشەسازى گەورەى "تیمار" کرا، کە ناوچەیەکى پیشەسازى گەورەیە و لەسەر رووبەرى (3,678) دونم زەوى دروست دەکرێت و چەندین کۆمپانیای وەبەرهێنان و کارگەى پیشەسازیی گەورە و مامناوەند لەخۆ دەگرێت و هۆکارێکە بۆ پەرەپێدان و بووژاندنەوەى کەرتى پیشەسازی و دابینکردنی هەلیکار لە پارێزگاى هەولێر.
لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، دواى گفتوگۆکردن و هەڵسەنگاندنى پڕۆژە پشەسازییەکان و کار و بەرهەم و ئامانج و مەبەستی پڕۆژەکان، ئەو پڕۆژانە خرانە گفتوگۆ کە داوای زەویان کردووە بۆ پڕۆژە پیشەسازییەکان لە ناوچەى پێشەسازى تیمار و بڕیاری پێویست لەبارەیانەوە درا.
پاشان لەلایەن پارێزگاری هەولێرەوە لێژنەی ناوبراوی ڕاسپاردرا کە پێداچوونەوە بە بەشێک لە پڕۆژەکان بکرێت و لەپێناو گەشەپێدان و پێشخستنی کەرتی پیشەسازیش ئەوپەڕی ئاسانکاری لە ڕاییکردنی ئەو داوا و داخوازییانە بکرێت کە دەیانەوێت پڕۆژە پیشەسازییەکانیان لە سنووری پارێزگای هەولێر بخەنەگەڕ.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.