دواى نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەم بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی هەریەک لە هێمن قادر و مەسعوود کاڕەش جێگرانى پارێزگار، کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان سهبارهت بە گەیاندنى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بە هاووڵاتییان و پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر و تەواوکردنى پڕۆژە تەوانەکراوەکان و قەرزی بەڵێندەران، ئەنجام درا.
لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر وێڕاى ئەوەى جەختى لە بهردهوامى ئەنجامدان و گەیاندنى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان كردهوه، تیشكى خسته سهر ئالییەتى و میکانیزمى چۆنییەتى دەستکردنەوە بە تەواوکردنى پڕۆژە تەواونەکراوەکان و قەرزی بەڵێندەران کە بەهۆى قەیرانى داراییەوە ڕاگیراون، لهوبارهیهوه ڕایگەیاند "ھەوڵەکانی پارێزگاى هەولێر بەردەوامە، ئامادەکارى و پلانمانیشمان داڕشتووە بۆ ئەنجامدانى ژمارەیەکى زۆر لە پڕۆژەى خزمەتگوزاریى و تەواوکردنى پڕۆژە تەواونەکراوەکان".
ئومێد خۆشناو گوتیشى "لەسەر ڕاسپاردە و بڕیارى مەسرور بارزانى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان تەئکید لەوە دەکەینەوە لە گەیاندنى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان هیچ جیاوازییەک لە ناو شار و دەرەوەى شار ناکهین، بەڵکو بە شێوەیەکى یەکسان دەستى ئاوەدانى و خزمەتگوزارى دەگەیهنین بە سەرجەم ناوچەکان بەبێ جیاوازى، بە تایبەتى ئەو شوێنانەى کە کەمترین دەستى خزمەتگوزارییان پێ گەیشتووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.