Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 13:47

حکوومەتی هەرێم ئامادەکاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی و كەمئاوی دەکات

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ چوارشەممە 31ـی 08ـی 2022 لە دیوانی وەزارەت ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێشوازی لە شاندێكی ڕێكخراوی یونیسێف كرد كە پێكهاتبوون لە مادس ئۆین بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنە مەیدانییەكانی یونیسێف لە عێراق و جێنیفر ڤیتێل ڕێکخەری کلاستەری (WASH) و زینب العغیدی، پسپۆڕی (WASH) ئاو و ئاوەڕۆ و پاكوخاوێنی لە ئۆفیسی مەیدانی یونیسێف لە هەولێر.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند: لە دیدارەكەدا كە ئەندازیار ئاری ئەحمەد، بەڕێوبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ ئامادەی بوو. تیشك خرایە سەر كارەكانی ڕێكخراوی یونیسێف كە بە هەماهەنگیی لەگەڵ دامودەزگەكانی حكوومەت لە بواری پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی ئاو و ئاوەڕۆ و خۆڵ و خاشاك و یارمەتی مرۆیی بۆ ئاوارە و پەنابەرانی ناو كەمپەكان كار دەكەن. لەمبارەیەوە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سوپاسی تیمەكانی یونیسێفی كرد و هیوای بەردەوامی و فراوانبوونی كارەكانی خواست.

ڕاشیگەیاند: لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا، شاندی یونیسێف سەبارەت بە گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا و لێكەوتەكانی وشكەساڵی و كەمئاوی و ڕێژەی سەوزایی، پلانی داهاتووی ڕێكخراوەكەیان خستەڕوو كە بۆ ئەو مەبەستە ڕاپۆرتێكیان ئامادە كردووە و دەیانەوێت لە داهاتوودا جێبەجێی بكەن و ئێستاش لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لە حكوومەت و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار گفتوگۆی لەبارەوە دەكەن بە مەبەستی دەوڵەمەندكردن و جێبەجێكردنی پلانەكەیان بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ لێكەوتەكانی گۆڕانكاریی كەشوهەوا و ڕووبەڕووبوونەوەی كەمئاوی.

ئاماژەی بەوەش دا کە ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئامادەكردنی ڕاپۆرتەكە، هاوكات تیشكی خستەسەر هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی و چارەسەركردنی گرفتی كەمئاوی لە هەرێمی كوردستان، جەختیشی لەسەر هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان وەزارەت و ڕێكخراوی یونیسێف كردەوە بە مەبەستی سەرخستنی بەرنامەكەیان و ئاماژەی بەوەش كرد وەك حكوومەت و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار سەرجەم تواناكانمان دەخەینەگەڕ بۆ هاوكاری و هەماهەنگی لەپێناو جێبەجێكردنی پلانەكە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لێكەوتەكانی وشكەساڵی و چارەسەركردنی گرفتی كەمئاوی و پەرەپێدانی ڕێژەی سەوزایی و هەماهەنگیی زیاتر بۆ كاری هاوبەش و خزمەتگوزاری.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.