فهرمانگهی میدیا و زانیاری حكوومهتی ههرێمی كوردستان رایگهیاند: مامەڵەی كۆمپانیاكان لە نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی بە ئەلیكترۆنی كرا.
ئهمڕۆ پێنجشهممه 1 ى 9 ى 2022، فهرمانگهی میدیا و زانیاری حكوومهتی ههرێمی كوردستان بڵاویكردهوه، لە چوارچێوەی بەردەوامی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەکو هەوڵێک بۆ کەمکردنەوە و نەهێشتنی ڕۆتین، مامەڵەی كۆمپانیاكان لە نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی عێراق بە ئەلیكترۆنی كرا، و یەكەم نووسراوی ئەلیكترۆنیش لە نێوان حكومەتی هەرێمی کوردستان و حكومەتی فیدراڵی ئاڵوگۆڕكرا.
ههر لهم بارهیهوه، كۆڤان جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێكیدا به ماڵپەڕی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستانی رایگەیاند: بۆ لەمەودوا لە نێوان هەریەك لە بەڕێوەبەرایەتی گەشەپێدانی پیشەسازی هەرێمی کوردستان و نوێنەرایەتیی هەرێم لەبەغدا، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشەپێدانی پیشەسازی بەغدا، مامەڵەی كۆمپانیاكان بە شێوەی ئەلیكترۆنی بەڕێوە دەچێت و مامەڵەكان زۆر خێراتردەبن لە پێشتر كە بەشێوەی پۆستە ڕایی دەكران.
بەڕێوەبەری گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ئاماژهی بهوهشكردووه: پێش بە ئەلیكترۆنی كردنی مامەڵەی كۆمپانیاكان هەندێك جار ڕایی كردنی مامەڵەكان شەش مانگی دەخایاند، بەڵام لەو سیستەمە نوێیەدا تەنیا چەند ڕۆژێكی كەم دەخایەنێت، بۆ ئەو مەبەستەش فەرمانبەری پێویست بۆ راییكردنی مامەڵەكان دانراوە و یەكەم نووسراویش لە نێوانمان ئاڵوگۆڕ كرا.
بە ئەلیكترۆنییكردنی مامەڵەی كۆمپانیاكان و بەستنەوەی نوێنەرایەتی هەرێم لە بەغدا بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازی بەغدا، هەنگاوێكی گرنگە بۆ خێراكردن و نەهێشتنی ڕۆتین لە مامەڵەی كارگەكان بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی كەرتی پیشەسازی لە هەرێمی كوردستان.
دارشتنهوهی ههواڵ - شوان عهزیز
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.