Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 20:35

له‌ هه‌ولێر 12 به‌نزینخانه‌ی تر سزا دران و ناوی 3 له‌وان بڵاو كرایه‌وه‌

کوردستان TV
100%

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م پارێزگای هه‌ولێر بە هۆی فرۆشتنی بەنزینى خراپ و دەستکاریکردنى كوالیتییەکەى سزادانی (12) بەنزینخانەی تری ڕاگه‌یاند و ناوی 3 له‌و به‌نزینخانانه‌شی بڵاو كرده‌وه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی زیاتر له‌ جارێك سه‌رپێچییان كردووه‌.

پارێزگای هه‌ولێر ڕایگه‌یاند: لەم هەفتەیەدا لە کۆى پشکنینى (48) وێستگە، لەلایەن لیژنەى پشکنین و چاودێریکردنى بەنزینخانەکانى سەر بە بەڕێوەبەرایەتى نەوت و کانزاکانى هەولێر، (12) بەنزینخانەی تر لە هەولێر و دەوروبەرى بەهۆى دەستکاریکردنى كوالیتی به‌نزین و خراپی ئەو بەنزینەی دەیفرۆشن بە هاووڵاتییان سزادراون و ڕێکارى یاسایی لەبەرامبەر خاوەنەکانیان گیراوەتەبەر.

ڕاشیگه‌یاند: لە سەرەتای مانگى (6)ى ئەمساڵ تاکو ئەمڕۆ پێنجشەم 2022.9.1 کۆی گشتیی ئەو بەنزینخانەی کە سزادراون (254) بەنزینخانەن، لەو ژمارەیەش (3) بەنزینخانەى تر بەهۆی زیاتر لە جارێک سەرپێچی و دەستکاریکردنى كوالیتیى و فرۆشتنی بەنزینی خراپ بە هاووڵاتییان، ناوەکانیان بڵاو دەکەینەوە.

پارێزگای هه‌ولێر ناوی 3 به‌نزینخانه‌كه‌ی ئاشكرا كرد كه‌ ئه‌وانیش بریتین له‌:-

1-  وێستگەى ئارام محەمەد

2-  وێستگەى باواجى

3- وێستگەى هەڵگورد

پارێزگای هه‌ولێر بڵاویشی كرده‌وه‌: لە ئێستادا بەرھەمی بەنزینی جۆری 800 دینارى نۆرماڵ بە کوالێتییەکی باش لە بەنزینخانەکاندا دەست دەکەوێت و لیژنەکانی بەدواداچوون و چاودێرییکردنى بەنزینخانەکانیش ھەوڵەکانیان چڕترکردۆتەوە بە مەبەستی کۆنترۆڵکردن و پاراستنی خەسڵەت و کوالێتیی بەنزین.

 دڵنیاى هاوڵاتییان و هاوشاریانیشی كرده‌وه‌، لیژنەى پشکنین و چاودێریکردنى بەنزینخانەکان بەردەوامن لە گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر هەر کەس و خاوەن بەنزینخانانەیەک کە بەنزینى خراپ بفرۆشێتە هاووڵاتییان و دەستکاری کوالێتی بەنزین بکات.

هه‌روه‌ها داواشی لە هاووڵاتییان كرد هاوکاریان بن و لە کاتی تێبینیکردنی هەر جۆرە سەرپێچیەک، لە زووترین کات ئاگادارى قائیمقامییەتى ناوەندى هەولێر بکەنەوە.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.