Erbil 38°C ھەینی 10 کانوونی دووەم 06:08

سه‌در داوا ده‌كات سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی له‌ پۆسته‌كه‌ی دوور بخرێته‌وه‌

کوردستان TV
100%

وه‌زیره‌كه‌ی سه‌در ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م چه‌ند پێشنیارێكی به‌په‌له‌ی ئاراسته‌ی مسته‌فا كازمی فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق كرد و داوای لێ كرد فه‌رمانی‌ دوورخستنه‌وه‌ی فالح فه‌یاز سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی ده‌ربكات و هه‌روه‌ها چه‌كدارانی حه‌شدیش له‌ ناوچه‌ی سه‌وز و سه‌رجه‌م بازگه‌كان‌ و ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان دوور بخاته‌وه‌.

ساڵح محه‌مه‌د عێراقی وه‌زیره‌كه‌ی سه‌در له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكدا گوتی: چه‌ند پێشنیارێك ئاراسته‌ی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كان ده‌كه‌ین له‌پێناو پاراستنی شكۆی ده‌وڵه‌ت و كۆتاهێنان به‌ میلیشیاكان له‌ شوێنه‌ هه‌ستیاره‌كانی ده‌وڵه‌ت.

پێشنیاری یه‌كه‌می وه‌زیره‌كه‌ی سه‌در بریتی بوو له‌: گۆڕینی فالح فه‌یاز به‌رپرسی حه‌شدی شه‌عبی له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه‌، ئه‌و كه‌سێكی حزبییه‌ و سه‌رۆكی فڕاكسیۆنه‌، ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ حه‌شد به‌ سیاسی بكرێ، جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌و خاوه‌ن كه‌سایه‌تییه‌كی به‌هێز و عه‌قلییه‌تێكی سه‌ربازی نییه‌ و به‌هیچ شێوه‌یه‌كیش بۆ پۆسته‌كه‌ گونجاو نییه‌.  

پێشنیاری دووه‌میش كه‌ ئاراسته‌ی مسته‌فا كازمی كردووه‌ بریتییه‌ له‌: بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و میلیشیایانه‌ بده‌ن كه‌ ناویان له‌خۆیان ناوه‌ به‌ره‌ی به‌رگری (مقاوه‌مه)‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌وان ته‌نیا خه‌ڵك ده‌كوژن، هه‌روه‌ها فه‌رمانی دوورخستنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م میلیشیا و چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی له‌ ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدا ده‌ر بكه‌ن و له‌ جێی ئه‌وانیش هێزه‌ ئه‌منییه‌كان جێگیر بكرێن.

جه‌ختیشی كرده‌وه كه‌ مانه‌وه‌ی میلیشیاكان و حه‌شدی شه‌عبی له‌م ناوچانه‌ ده‌بنه‌ هۆی دروستبوونی‌ مه‌ترسی ئه‌منی ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر خودی فه‌رمانده‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كان و هه‌روه‌ها پاڵه‌په‌ستۆ ده‌خه‌نه‌ سه‌ر داموده‌زگا و دادگاكانیش.

ساڵح محه‌مه‌د عێراقی هه‌روه‌ها پێشنیاری كرد: چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی بۆ پاراستنی ناوبانگیان له‌ سه‌رجه‌م بازگه‌ و ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان دوور بخرێنه‌وه‌، به‌و پێیه‌ی كه‌ هه‌ندێ كه‌س هه‌ن به‌ مه‌به‌ست ده‌یانه‌وێ ناوبانگیان بشێوێنن له‌ ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی توندوتیژی و بازرگانی و قاچاقچێتی و شتی تره‌وه‌.

كۆتا پێشنیاری وه‌زیره‌كه‌ی سه‌در بۆ مسته‌فا كازمی: له‌ ناوچه‌ ئازادكراوه‌كاندا پشتیوانی شۆڕشگێڕ و موجاهیده‌كان بكرێ، چونكه‌ به‌شی زۆریان به‌ده‌ست په‌راوێزخستن و كێشه‌ی چاودێرینه‌كردن له‌ڕووی سه‌ربازی و ئه‌منی و هاوكاریكردنه‌وه‌ ده‌ناڵێنن و له‌ سه‌ره‌تاترین مافه‌كان بێ به‌شن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.