فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاشکرای دەکات کە لە 6 مانگی ئەمساڵ دەستیان بەسەر ملیۆنێک و 84 هەزار و 764 تەن کەرەستەى ماوەبەسەرچوودا گرتووە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕایگەیاند: یەکێک لە هەنگاوە جددی و گرنگەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، چاودێریکردنى بازاڕ و ڕێگەنەدانە بە بەرزبوونەوەى نرخ و ساخکردنەوەی کەلوپەلى ماوەبەسەرچوو لەلایەن فرۆشیار و بازرگانانەوە بەسەر هاووڵاتییانى کوردستان.
ڕاشیگەیاند: بۆ ئەم مەبەستە بەڕێوەبەرایەتیی چاودێرى و بازرگانى بە بەردەوامی لە ڕێگەى لیژنە تایبەتییەکانییەوە چاودێریی بازاڕ دەکات و بە کۆنترۆڵکردنی نرخ و دەست بەسەرداگرتنی کەلوپەلى ماوە بەسەرچوو، ماف و تەندروستیی هاووڵاتییانی پاراستووە.
هەروەها نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەرى گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ڕایگەیاند: لیژنەکانی چاودێری ڕۆژانە بە پێی پلانەکانیان سەردانی ناوچە ڕێگەپێدراوەکان دەکەن و لەڕووى کواڵیتی و بەسەرچوون و کەرەستەی بەرهەمهێنانى کاڵاکانەوە چاودێریی بازاڕ و مارکێت و دووکانەکان دەکەن و ئەگەر ماددە و کەرەستەیەکى ماوەبەسەرچوو بدۆزرێنەوە، ڕاستەوخۆ دەستى بەسەردا دەگرن و پسوولەى ماوەبەسەرچوون دەدرێتە خاوەنەکانیان و کەلوپەلەکەشیان دەبرێتە بەڕێوەبەرایەتیى چاودێریى بازرگانى تاوەکو دواتر لە ڕێگەى لیژنەى تایبەتەوە کە لە نوێنەرى قایمقامییەت و بەڕێوەبەرایەتیى چاودێرى و ئاسایش پێک دێت، لە شوێنى تایبەت و دیاریکراو بسووتێنرێت یا بکرێتە ژێر خۆڵەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ئێستا لە هەرێمى کوردستان بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانى لە هەر سێ پارێزگاى هەولێر و سلێمانى و دهۆک و هەردوو ئیدارەى سەربەخۆی گەرمیان و سۆران هەیە.
ئەوەش هاتووە کە بە پێى ڕێنماییەکان، سزاى بوونى ماددە و کەرەستەى ماوەبەسەرچوو لە 50 هەزار دینارەوە بۆ 5 ملیۆن دینار دەست پێ دەکات. بەڕێوەبەرایەتییەکان دەسەڵاتى سزادانى تا 3 ملیۆن دینار و داخستنى دووکان و مارکێتەکانیان بۆ ماوەى 3 ڕۆژ هەیە. بەڵام سزاى لە 3 ملیۆنەوە بۆ 5 ملیۆن و داخستنى بۆ ماوەى 10 ڕۆژ لە دەسەڵاتى بەڕێوەبەرى گشتییە و لەوە زیاتر لە دەسەڵاتی وەزیردایە، یان ڕووبەڕووى یاسا دەکرێتەوە.
ئاشکراشی دەکات کە پشکنەرانی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانی لە 6 مانگی یەكەمی ساڵی 2022، لە هەر سێ پارێزگاى هەولێر و سلێمانى و دهۆک و ئیدارەى گەرمیان 38 هەزار و 109 جار سەردانی شوێنە بازرگانییەکان کردووە و هەزار و 650 حاڵەتى سەرپێچییان تۆمار کردووە و دەستیان بەسەر ملیۆنێک و 84 هەزار و 764 تەن کەرەستەى ماوەبەسەرچوودا گرتووە.
هاوکات ئاماری سەردانی مەیدانی پشکێنەرانی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانی لەسەر ئاستی پارێزگاکان بەم شێوەیەیە دەخاتەڕوو:-
ـ پارێزگاری هەولێر:
لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ 9 هەزار و 723 جار سەردانی شوێنە بازرگانییەکان کراوە، ٥٠٧ حاڵەتی سەرپێچی تۆمار کراون و دەست بەسەر 166 هەزار و 229 تەن کەلوپەلی ئێکسپایەر گیراوە.
ـ پارێزگاری سلێمانی:
لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ 11 هەزار و 520 جار سەردانی شوێنە بازرگانییەکان کراوە و850 سەرپێچی تۆمار کراون و دەست بەسەر 804 هەزار و 95 تەن کەلوپەلی ئێکسپایەر گیراوە.
پارێزگاری دهۆك:
لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ 9 هەزار و 615 سەردانی شوێنە بازرگانییەکان کراوە و 152 سەرپێچی تۆمار کراون و دەست بەسەر 88 هەزار و 8 تەن کەلوپەلی ئێکسپایەر گیراوە.
ـ ئیدارەی سەربەخۆى گەرمیان:
لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ 7 هەزار و 251 سەردانی شوێنە بازرگانییەکان کراوە و 141 سەرپێچی تۆمار کراون و دەست بەسەر 26 هەزار و 432 تۆن کەلوپەلی ئێکسپایەر گیراوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.