له هه‌فته‌ی شه‌شه‌می خولی ئینگلته‌را، كاتژمێر 5 ى ئێواره‌ی ئه‌مرۆ یانه‌ی چێڵسی میوانداری یانه‌ی وێستهام یونایتد ده‌كات.
له‌باره‌ی یاریه‌كه‌و له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا، تۆماس تۆخێلی ئه‌ڵمانی و ڕاهێنه‌ری چێڵسی ڕایگه‌یاند كه دوای ته‌واوبوونی ماوه‌ی مێركاتۆی هاوینه، ئێستا پێكهاته‌ی گشتی تیپه‌كه‌ی به ته‌واوی سه‌قامگیره‌و ده‌زانێت بۆ ئه‌م وه‌رزه كامه یاریزان له ڕیزی بلوز یاری ده‌كات، بۆیه به ده‌روونێكی ئارام ده‌توانێت پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی بۆ یاریه‌كان ئاماده‌بكات.
سه‌باره‌ت به یاری ئه‌مرۆ ئێواره، تۆخێل ئاشكرایكرد كه ده‌بێت بۆ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی وێستهام به‌و په‌ڕی تواناوه ئاماده‌بن له‌به‌رئه‌وه‌ی ڕكابه‌ره‌كه‌یان تیپێكی به‌هێزه‌و توانای جه‌سته‌یی یاریزانانی زۆر به‌رزه‌و له ڕووی هێرشبردنه‌وه خێران و له هه‌مان كاتدا به شێوه‌یه‌كی توندوتۆڵ به‌رگری له گۆڵه‌كه‌یان ده‌كه‌ن و به هێرشی پێچه‌وانه مه‌ترسی ده‌خه‌نه سه‌ر گۆڵی تیپی به‌رامبه‌ر.
ڕاهێنه‌ره ئه‌ڵمانیه‌كه گوتیشی، له چه‌ند هه‌فته‌ی پێشوو ژماره‌یه‌كی زۆری خاڵمان له‌ده‌ستداوه بۆیه ده‌بێت له ئێستاوه بارودۆخه‌كه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تیپه‌كه‌مان ههڵگهڕێنینهوهو ئه‌نجامی باش تۆماربكه‌ین، تۆخێل خۆشحاڵی خۆی به واژووكردنی گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ ئۆبامیانگ ده‌ربڕی و ڕایگه‌یاند كه ئه‌م هێرشبه‌ره گابۆنیه توانایه‌كی به‌رزی له گۆڵ تۆماركردن هه‌یه‌و به خێرایی له یاریگا ده‌جوڵێت، ڕاهێنه‌ری بلوز ڕوونیشیكرده‌وه كه ئۆبامیانگ به‌هۆی شكانی شه‌ویلاگی و تا ئه‌و كاته‌ی به ته‌واوی چاك ده‌بێته‌وه ناتوانێت له‌گه‌ڵ تیپه نوێیه‌كه‌ی مه‌شق بكات .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.