بە گوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، كاتێك هەفتەی رابردوو عێراق نزیك بۆوە لە لێواری شەڕی ناوخۆ، تەنها یەك كەس توانای رێگری لەشەڕەكەی هەبوو، ئەمیش عەلی سیستانی بوو، كە جارێكی دیكە سەلماندی كە ئەو بەهێزترین پیاوی وڵاتەكەیەتی.
سیستانی سەبارەت بەو نائارامییەی كە لە شەقامەكانی عێراقدا سەریهەڵداوە، هیچ لێدوانێكی گشتی بڵاونەكردۆتەوە. بەڵام بەرپرسانی حكومەت و سەرچاوە ئاگادارەكانی شیعە باس لەوە دەكەن كە تەنیا هەڵوێستی سیستانی لە پشت پەردەوە كارەساتەكەی پووچەڵ كردەوە.
لە هەوڵێكدا بۆ تێگەیشتن لە چۆنێتی سەرهەڵدانی نائارامییەكان و چۆنێتی كەمبوونەوەی، ڕۆیتەرز لەگەڵ نزیكەی 20 بەرپرسی حكوومەتی عێراق و رەوتی سەدری و فراكسیۆنە شیعەكانی ركابەر و ركابەرەكانی شیعە قسەی كرد كە بە لایەنگری ئێران دەبینرێن. بەڵام زۆربەیان بە مەرجی ئەوەی ناویان ئاشكرا نەكرێت قسەیان كردووە.
هەموو چاوپێكەوتنەكان ئاماژەیان بە دەستێوەردانی یەكلاكەرەوەی پشت پەردەی سیستانی كردووە، كە تا ئێستا لە عێراقدا پێگەیەكی سیاسی فەرمی نەبووە، بەڵام بە كاریگەرترین پیاوی ئایینی لە نەجەف دادەنرێت، كە ناوەندی ئایینی شیعەیە لە عێراقدا.
بە وتەی ئەو بەرپرسانە، نوسینگەی سیستانی هەوڵی داوە بە ڕوونی بە سەدر ڕابگەیەنێت، تا ئەو كاتەی توندوتیژیی شوێنكەوتووانی ڕانەگرێت، سیستانی ئەو نائارامییە ئیدانە دەكات.
بەرپرسێكی حكومەتی عێراقیش دەڵێت: سیستانی پەیامێكی بۆ سەدر ناردووە ئەگەر ئەو توندوتیژیانە رانەگرێت، ئەوا بەیاننامەیەك دەردەكات و داوای راگرتنی شەڕەكان دەكات و ئەوەش وا دەكات سەدر بە لاواز دەربكەوێت.
هەروەها سێ كەسایەتی شیعە كە بنكەكانیان لە نەجەفە و نزیكن لە سیستانی پشتڕاستیان نەكردەوە كە نووسینگەكەی پەیامێكی ڕوونی بۆ سەدر ناردبێت. بەڵام ئەوان گوتیان بۆ سەدر ڕوونە كە سیستانی بەم زووانە قسە دەكات، ئەگەر سەدر نائارامییەكان نەوەستێنێت.
هەروەها بەرپرسێكی لایەنگری ئێران لە ناوچەكە دەڵێت: بەبێ نوسینگەی سیستانی، موقتەدا سەدر شەڕەكەی رانەدەگرت.
بەرپرسێكی لایەنگری ئێران : بەبێ سیستانی موقتەدا سەدر شەڕەكەی رانەدەگرت
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.