سهرلهبهیانى ئەمڕۆ شەممە 2022.9.3، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەیاوەرى ژمارەیەک لهبهرپرسانی دیكهی لایهنی پهیوهندیدار، بەمەبەستى لەنزیکهوه ئاگاداربوون لە چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کارەکان، پڕۆژەی دروستکردنى بازاڕى سپى لەهەولێر بەسەرکردەوە.
دواى بەسەرکردنەوەى پڕۆژەکە و دەستخۆشى لە سەرپەرشتیاران و ئەندازیار و کرێکارانى پڕۆژەکە، پارێزگارى ههولێر ڕایگەیاند: ""بازاڕى سیم کە بازاڕێکى تەجاوزە و لەژێر تۆڕى پاڵپەستۆى بەرزى کارەبا دروستکراوە و چەند جارێک دووچارى سووتان هاتووه، لەدواین جار کە سوتا، ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، پارێزگاى هەولێر و فەرمانگەکانى ڕاسپارد ڕێگاچارەیەک بۆ ئەم خەڵکە کاسبکارە بدۆزرێتەوە، ئەوەبوو بە فەرمانى بەڕێزیان و بۆ پشتیوانیکردن و زەمینە خۆشکردن بۆ کارى کاسبکارانى هەولێر، لهباشترین شوێن کە لەسەر شەقامى 120م هەولێرە ئەرز تهرخانكرا و دەست بەم پڕۆژەیە کرا کە بە نەخشە و دیزاین و شێوە و شێوازێکی سەردەمیانە لە بڕی بازاڕی سیمی گەڕەکی کوردستان دروست دهکرێت، ئێستاش کە ئەم پڕۆژەیەمان بەسەرکردۆتەوە کارەکان زۆر بەباشى و بەڕێژەى 20% بەڕێوەچووە".
سەبارەت بە چۆنیەتى دروستکردن و ڕادهستكردنى ئەم دوکانانە بە کەسابکاران، پارێزگارى هەولێر ئاماژەى بەوەدا، بۆ بارسوکردنى کاسبکاران کە چەندین جار لەبازاڕى سیم زەرمەندبوونە، ئەو بڕە پارەیەى کەدیاریکراوە بیدەن بۆ دروستکردنى دوکانەکان بە 5 قست دەیدەن. هەروەها لەبارەى ئەوە کەسانەشى کە دەیانەوێت بەفێڵکردن خۆیان بکەن بەخاوەنى دوکان و وای نیشانبدەن کە سوودمەند نەبوونە لەوەرگرتنى ئەم دوکانانە، پارێزگارى هەولێر ڕایگەیاند: "ئەو بازاڕە بەفەرمانى جەنابى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ خەڵکى کاسبکارى بازاڕى سیم دروستدەکرێت، جگە لەوانەى کە لە بازاڕى سیم دوکانیان هەبووە و زەرەمەندبوونە، هیچ کەسى دیکە سودمەند نابێت لەپڕۆژەی دروستکردنى بازاڕی سپی.".
لەکۆتایشدا، پارێزگارى هەولێر داواى لەکاسبکارانکرد ئەوانەى لەو پڕۆژەیە سودمەند بوونە هاوکار و هەماهەنگ بن و بەخێرایى قستەکانى خۆیان بدەن، تاکو بتوانرێت لەکاتى خۆیدا ئەو بازاڕە تەواوبکرێت و بکەوێتە خزمەت شارى هەولێر و کاسبکارانى.
جێگەى باسە، ڕۆژى سێشەممە 2022.4.19، لەژێرچاودێرى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لهڕێورهسمێكدا، بهگوژمهى (14,412,731,544) چواردە ملیار و چوارسەد و دوازدە ملیۆن و حەفت سەد و سی و یەک هەزار پێنج سەد و چل و چوار دینار، بەردی بناغەی پڕۆژەی بازاڕی سپی لەهەولێر دانا، کە بازاڕێکی هاوچهرخە و لەبڕی بازاڕی سیمی گەڕەکی کوردستان دروست دهکرێت و پڕۆژەکە لهلایهن كۆمپانیایى (باغى بێسان) جێبهجێدهكرێت و ماوهى تهواوكردنى پڕۆژهكهش (450) ڕۆژه.
پارێزگارى هەولێر: جگە لەوانەى کە دوکانیان لەبازاڕى سیم هەبووە و زەرەمەندبوونە هیچ کەسى دیکە سودمەند نابێت لەپڕۆژەکهدا
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.