Erbil 38°C ھەینی 10 کانوونی دووەم 22:50

بۆچی ئیسرائیل هێرشەكانی بۆ سەر فڕۆكەخانەكانی سوریا چڕكردۆتەوە ؟

بە تایبەت ئەو شوێنانەی كە لەلایەن میلیشیاكانی سەر بە ئێرانەوە بەكاردەهێنرێن
کوردستان TV
100%

چڕبوونەوەی هێرشەكانی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر ژمارەیەك فڕۆكەخانە لە سوریا چەندین پرسیاری وروژاندووە، سەرەڕای ئەوەی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ئیسرائیل چەند شوێنێكی لەو وڵاتە كردووەتە ئامانج، بە تایبەت ئەو شوێنانەی كە لەلایەن میلیشیاكانی سەر بە ئێرانەوە بەكاردەهێنرێن.
لەوبارەیەوە سەرچاوە دیپلۆماسی و هەواڵگرییەكانی ناوچەكە ئاماژەیان بەوە كردووە كە ئیسرائیل لەم دواییانەدا هێرشەكانی بۆ سەر فڕۆكەخانەكانی سووریا چڕتر كردووەتەوە، بە ئامانجی تێكدانی ئەو هێڵە ئاسمانییانەی كە تاران زیاتر بەكاری دەهێنێت بۆ گەیاندنی چەك بە هاوپەیمانەكانی لە سووریا و لوبنان، لەنێویاندا حزبوڵڵا.
هەروەها ئەو سەرچاوانە بەڕوونی ئەوەیان خستەڕوو كە تەلئەبیب لە مێژە بینیویەتی كە چەسپاندنی دوژمنە سەرەكییەكەی ئێران لە سوریا مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەكەی و مەودای لێدانەكانی فراوانتر كردووە بۆ تێكدانی ئامرازە نوێیەكانی گواستنەوەی چەك.
جگە لەوەش، فەرماندەیەكی سەربازی ئاگادار لەو بابەتە لە هاوپەیمانییەكی ناوچەیی كە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێت لە لێدوانەكانیدا بۆ ئاژانسی رۆیتەرز ئاشكرای كردووە كە دوایین هێرشەكانی شەوی چوارشەممەی رابردوو لە فڕۆكەخانەی حەلەب ئەنجامدراون زۆر كورت بوون و پێش هاتنی فڕۆكەیەك لە ئێرانەوە روویانداوە.
لە كاتێكدا سەرچاوەیەكی دیپلۆماسی لە ناوچەكەدا دەڵێت: ئەم لێدانانە نیشانە و نیشاندەری گۆڕانكاری لە ئامانجەكانی ئیسرائیل پێكدەهێنن،
هەروەها دەشڵێت: ئیسرائیلییەكان دەستیان كرد بە لێدان لەو ژێرخانەی كە ئێرانییەكان بۆ دابینكردنی تەقەمەنی بۆ لوبنان بەكار دەهێنن.
هەروەها سەرچاوەیەكی هەواڵگری رۆژئاوایی دەڵێت: پاڵنەرەكانی پشت ئەم گۆڕانكارییە زیاتر بەكارهێنانی هێڵە ئاسمانییە بازرگانییەكانی ئێرانە بۆ گواستنەوەی چەك بۆ دوو فڕۆكەخانەی سەرەكی سووریا لە جیاتی ئەوە لە گواستنەوەی زەمینی.
گوتیشی: هەواڵگری ئیسرائیل ئاماژەیان بەوە كردووە كە "گەشتی زیاتر بەكارهێنراوە" بۆ گواستنەوەی چەك و كەرەستەی سەربازی بچووك كە دەكرێت لە گەشتە ئاساییەكانی تارانەوە بە قاچاخ بگوازرێتەوە.
هەروەها ڕوونیكردەوە كە ئەم جۆرە ئامێرانە بەزۆری پێكهاتەی بچووك بۆ فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، پارچەی مووشەكی ڕێنمایی ورد و ئامێری بینینی شەوانە لەخۆدەگرن كە ئاسانە "بخرێتە ناو سندوقێكی كارتۆنەوە لە فڕۆكەیەكی مەدەنیدا.
جگە لەوەش ئاماژەی بەوەدا كە تاران و هاوپەیمانەكانی دەستیان كردووە بە پشتبەستنی زیاتر بە فڕۆكەخانەی حەلەب بۆ گواستنەوەی چەك دوای ئەوەی ئیسرائیل فڕۆكەخانەی دیمەشقی مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوو بۆردومان كرد.
بەپێی بۆچوونی چاودێران ماوەیەكە تاران دەستی كردووە بە بەكارهێنانی گواستنەوەی ئاسمانی وەك ئامرازێكی متمانەپێكراوتر بۆ گواستنەوەی كەرەستەی سەربازی بۆ هێزەكانی و چەكدارە هاوپەیمانەكانی لە سوریا، دوای ئەوەی هاتووچۆی گواستنەوە لە ڕێگەی وشكانییەوە پەكیكەوت. 
ژێدەر /سكای نیوزی عەرەبی


 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست سوریا ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.