Erbil 38°C شەممە 11 کانوونی دووەم 05:09

له‌گه‌ڕی شه‌شه‌می پریمه‌رلیگدا یانه‌كانی تۆتنهام و چێڵسی بردیانه‌وه‌ و لیڤه‌رپولیش دووچاری یه‌كسانبوون هات

کوردستان TV
100%


 
یانه‌ی تۆتنهام سه‌ركه‌وتنی له‌ هه‌فته‌ی شه‌شه‌می خولی ئینگلته‌را به‌ده‌ستهێناو به‌ دوو گۆڵ به‌رامبه‌ر به‌ گۆڵێك له‌ یانه‌ی فولهامی میوانی برده‌وه‌.
 له‌ گێمی یه‌كه‌مدا، تۆتنهام به‌ گۆڵێك پێشكه‌وت، گۆڵه‌كه‌ش ناوه‌ڕاستكاری دانیماركی، پیێر ئێمیل هۆبێرگ له‌ خوله‌كی چل تۆماری كرد.
 له‌ گێمی دووه‌م و له‌ به‌رده‌وامی هێرشه‌كانی تیپی میواندارو له‌ خوله‌كی حه‌فتاوپێنجدا، هاری كین هێرشبه‌رو گۆڵكاری تۆتنهام ده‌رفه‌تێكی قۆسته‌وه‌و گۆڵی دووه‌می تیپه‌كه‌ی به‌ده‌ستهێنا، دواتر هێرشبه‌ری سڕبی ئه‌لێكسانده‌ر میترۆڤیچ گۆڵێكی بۆ فولهام له‌ خوله‌كی هه‌شتاوسێ تۆماركردو جیاوازی گۆڵه‌كانی له‌ نێوان هه‌ردوو تیپ كه‌مكرده‌وه‌.
 به‌م بردنه‌وه‌ش تۆتنهام  سه‌ركه‌وت بۆ پله‌ی سییه‌می ڕیزبه‌ندی یانه‌كان و كۆی خاڵه‌كانی گه‌یانده‌ چوارده‌ خاڵ، فولهامیش به‌ هه‌شت خاڵ له‌ پله‌ی ده‌یه‌می ڕیزبه‌ند دێت .

له‌ یاریه‌كی دیكه‌ی هه‌فته‌ی شه‌شه‌می خولی ئینگلته‌را، یانه‌ی چێڵسی به‌ دوو گۆڵ به‌رامبه‌ر به‌ گۆڵێك له‌ یانه‌ی وێستهام یونایتدی میوانی برده‌وه‌.
 یاریه‌كه‌ له‌ یاریگای ستامفۆرد بریدج له‌ له‌نده‌ن به‌ڕێوه‌چوو، دوای ته‌واوبوونی گێمی یه‌كه‌م به‌ یه‌كسان بوونی هه‌ردوو تیپ بێ گۆڵ.
 له‌ گێمی دووه‌م و له‌ خوله‌كی شه‌ستوسێدا، ناوه‌ڕاستكاری جامایكی، میشێل ئه‌نتۆنیۆ گۆڵێكی بۆ وێستهام تۆماركردو میوانه‌كانی پێشخست، له‌به‌رامبه‌ریشدا، یاریزانانی چێڵسی ئه‌م دواكه‌وتنه‌یان بۆ سه‌ركه‌وتن گۆڕی و له‌ خوله‌كی حه‌فتاوشه‌شدا، بێنجامین چیلوێل گۆڵی به‌رامبه‌ری بلوزی به‌ده‌ستهێناو ئه‌نجامه‌كه‌ی یه‌كسان كرده‌وه‌، دواتر كای هاڤێرتزی ئه‌ڵمانی گۆڵی دووه‌م و بردنه‌وه‌ی تیپی میوانداری له‌ خوله‌كی هه‌شتاوهه‌شت تۆماركردو سێ خاڵی ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌كه‌ی بۆ شین پۆشه‌كانی له‌نده‌ن مسۆگه‌ركرد.
به‌م بردنه‌وه‌ش كۆی خاڵه‌كانی چێڵسی له‌ پله‌ی پێنجه‌می ڕیزبه‌ندی یانه‌كان بۆ ده‌ خاڵ به‌رزبووه‌وه‌و وێستهام یونایتدیش به‌ چوار خاڵ له‌ پله‌ی حه‌ڤده‌می ڕیزبه‌ند دێت.
 

 
هه‌ر له‌ هه‌فته‌ی شه‌شه‌می خولی ئینگلته‌راو له‌ یاری دێربی شاری لیڤه‌رپول، یانه‌ی لیڤه‌رپول بووه‌ میوانی یانه‌ی ئێڤێرتۆنی هاوشاریه‌كه‌ی و یاریه‌كه‌ش له‌ یاریگای گۆدیسۆن پارك به‌ڕێوه‌چوو، له‌ئه‌نجامدا هه‌ردوو تیپ بێ گۆڵ یه‌كسان بوون.
 له‌ یاریه‌كه‌دا، یاریزانانی هه‌ردوو یانه‌ چه‌ندین هێرشیان كرده‌ سه‌ر گۆڵی یه‌كتر، له‌ ڕیزی لیڤه‌رپول هه‌ریه‌ك له‌ محه‌مه‌د سه‌ڵاح و ڕۆبێرتۆ فێرمینۆ و دیۆگۆ جۆتا چه‌ند جارێك به‌ختی خۆیان له‌ گۆڵی تیپی میواندار تاقیكرده‌وه‌.
 له‌و لاشه‌وه‌ هه‌ردوو یاریزان نیال مۆبای و ئه‌نتۆنی جۆردۆن هه‌وڵی خۆنزیك كردنه‌وه‌یان له‌ گۆڵی ڕێدز دا، به‌ڵام هیچ لایه‌كیان نه‌یانتوانی تۆڕی گۆڵی یه‌كتر بهه‌ژێنن و هه‌ردوو یانه‌ بێ گۆڵ به‌رامبه‌ر بوون، به‌م ئه‌نجامه‌ش كۆی خاڵه‌كانی لیڤه‌رپول له‌ پله‌ی شه‌شه‌می ڕیزبه‌ندی یانه‌كان بۆ نۆ خاڵ به‌رزبووه‌وه‌و ئێڤێرتۆنیش له‌ چواره‌م یاری له‌سه‌ریه‌ك یه‌كسان بوو و كۆی خاڵه‌كانی له‌ پله‌ی شازده‌می ڕیزبه‌ند گه‌یانده‌ چوار خاڵ.
 


                                           

وه‌رزش تۆپی پێ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.