Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 03:29

سەرۆکی حکوومەت: بە دیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان بەشێکی گرنگە لە پڕۆسەی چاکسازی کابینەی نۆیەم

کوردستان TV
100%


سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە 04ـی 09ـی 2022 لە میانی سەردانیکردنی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری( DIT )ـی حکوومەت دووپاتی کردەوە کە بە دیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان بەشێکی گرنگە لە پڕۆسەی چاکسازی کابینەی نۆیەم.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئەمڕۆ یەکشەممە سەردانی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری ( DIT )ـی حکوومەتمان کرد و لەلایەن سەرۆکی فەرمانگە هیوا ئەفەندی پێشوازیمان لێ کرا.

ڕاشیگەیاند: دوای ئەوەی بەشەکانی فەرمانگەکەمان بەسەرکردەوە و داتا سەنتەری ناوەندیی حکوومەتمان بە فەرمی کردەوە کە ناوەندێکی گرنگیی زانیارییەکانی فەرمانبەرانی حکوومەت و هاووڵاتییان و خزمەتگوزارییە گشتییەکانی هەرێمی کوردستان و سیستەمێکی زانیارییە، بە شێوەیەکی دیجیتاڵی پێشکەوتوو و پارێزراو کار دەکات و یارمەتییەکی زۆری دەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەدات، تاوەکو بە شێوەیەکی سەردەمیانە و پێشکەوتوو، خزمەتگوزارییەکانیان پێشکەشی هاووڵاتییان بکەن.

سەرۆکی حکوومەت ئەوەشی خستەڕوو کە "وێڕای دەستخۆشیکردنمان لە کارمەندانی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری، بۆ کارامەیی و ئاستی بەرزی پێشکەوتووی فەرمانگەکەیان، دووپاتمان کردەوە کە بە دیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان، بەشێکی گرنگە لە پرۆسەی چاکسازی کابینەی نۆیەم، کە دەبێتە هۆی برەودان بە ڕوونی و شەفافیەت و نەهێشتنی ڕووتین و بیرۆکراسی و خزمەتکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی خێراتر و باشتر." 

مەسرور بارزانی هەروەها دەڵێت، "شانازی بەوە دەکەین کە خاوەنی سەنتەرێکی زانیاری پێشکەوتووی لەوجۆرەین و جێی خۆشحاڵییە، کە کارمەندان و ئەندازایاران و شارەزیانی بواری ئایتی ئەم فەرمانگەیە، دەرچووی زانکۆکانی کوردستانن و توانیویانە ئەم سەنتەرە پێشکەوتووە، دابمەزرێنن و بەڕێوەی ببەن."

سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەش داوە کە "ئەم سەنتەرە، یەکێکە لە بەرهەمەکانی پرۆسەی چاکسازی و هاوکارییەکی زۆری دامەزراوەکانی حکوومەت و کەرتی تایبەت و هاووڵاتییان بە گشتی دەکات و لە داهاتوودا، بەرهەمەکەی دەبینين."

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.