Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 22:30

لە عێراق گەڕی دووەمی دیالۆگی نیشتمانیی دەستی پێ کرد

کوردستان TV
100%


ئەمڕۆ دووشەممە پێنجی ئەیلوولی 2022، دیالۆگی نیشتمانیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق بە ئامانجی دۆزینەوەی رێگاچارەیەک بۆ قەیرانی سیاسیی دەستی پێ کرد.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە ئەمڕۆ، دیالۆگی نیشتمانیی نێوان لایەنە سیاسییەکان دەستی پێ کردووە کە پێشتر سەرۆکوەزیران مستەفا کازمی داوای ئەنجامدانی کردبوو.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق زانیاری زیاتری لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ نەخستووەتەڕوو.

بەپێی زانیارییەکان تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق، گفتوگۆکردن دەبێت لەسەر پرسی ھەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەران.

ھێشتا دیار نییە، نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان لەسەر چی ئاستێک لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا بەشدارن.

دوێنێ یەکشەممە چواری ئەیلوولی 2022، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی 10 پرسی گرنگی پێشنیاز کرد، بۆ ئەوەی لە میانی گەڕی دووەمی دیالۆگی نیشتمانیی نێوان لایەنە سیاسییەکاندا، تاوتوێ بکرێن و رایگەیاندبوو کە بەبێ رێککەوتن لەسەر ئەو پرسانە، پرۆسەی سیاسیی لە عێراق بەردەوام نابێت، لەوانە دیاریکردنی وادەیەک بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە و ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کە وادەکەی لە کۆتایی ساڵی داھاتوو تێپەڕنەبێت.

رۆژی 17ی ئابی 2022، لەسەر داوای مستەفا کازمی گەڕی یەکەمی دیالۆگی نیشتمانیی لەنێوان لایەنە سیاسییەکان، جگە لە رەوتی سەدر بە ئامانجی دۆزینەوەی رێگاچارەیەک بۆ قەیرانی سیاسیی ئێستا ئەنجامدرا.

ئەمەیش لە کاتێکدایە 10 مانگ بەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تێپەڕبووە، بەڵام تا ئێستا بەھۆی بەردەوامی ناکۆکییەکان، سەرکۆماری نوێ ھەڵنەبژێردراو، ھەروەھا حکوومەتی نوێیش پێکنەھێنراوە.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.