Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 23:19

نەخۆشەکانی شێرپەنجە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق  بۆ چارەسەر ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن

کوردستان TV
100%

بەڕێوەبەری سەنتەری ئاوات بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی شێرپەنجە ڕایگەیاند، لە مووسڵ نەخۆشییەکی یەکجار زۆری شێرپەنجە سەردانی سەنتەرەکەمان دەکەن. لە 30% نەخۆشەکانی شێفتی یەکەم و دووەمی سەنتەرەکە کە چارەسەرییەکە بێبەرامبەرە لە ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە دێن.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێبەرامبەر نەخۆشەکانی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەکانی چارەسەر دەکات، ئەو نەخۆشانەشی کە لە نەخۆشخانە حکوومییەکان چارەسەرییان نییە، پارەی نەشتەرگەرییان لە دەرەوەی نەخۆشخانە حکوومیەکان بۆ خەرج دەکات.

دکتۆر بێستون سەیفەدین، بەڕێوەبەری سەنتەری ئاوات بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی شێرپەنجە بە تیشک لە هەولێر ڕایگویاند: ڕۆژانە 140 بۆ 160 نەخۆش بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی شێرپەنجە سەردانی سەنتەرەکەمان دەکەن و لە دوو شێفتی یەکەم و دووەم لە کاتژمێر 08:00ـی بەیانی تا 05:00ـی ئێوارە، چارەسەری نەخۆشەکانی شێرپەنجە (نەشتەرگەری و چارەسەری کیمیایی و تیشک) بێبەرامبەرە. تەنها لە شێفتی سێیەم بە شێوەی تایبەتییە، بەڵام تێچووەکەی زۆر کەمترە لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان. لە 75%  تاوەکو 80% چارەسەری نەخۆشییەکانی شێرپەنجە لە هەردوو شیفتی یەکەم و دووەم دەکرێن و بێبەرامبەرە.

ڕاشیگەیاند: ئەو نەخۆشانەی شێرپەنجە کە لە نەخۆشخانە حکوومییەکان چارەسەرییان نییە، بە ڕەزامەندیی لیژنەیەکی پسپۆر، لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان نەشتەرگەرییان بۆ دەکرێت و خەرجییەکەشی بە ڕەزامەندیی وەزارەتی تەندروستی و لە ڕێگەی سندووقێکەوە، لەلایەن حکوومەتەوە بۆ نەخۆشەکە خەرج دەکرێتەوە.

بەڕێوەبەری سەنتەری ئاوات سەبارەت بە بەربڵاوترین نەخۆشییەکانی شێرپەنجە دەڵێت: لە هەرێمی کوردستان شێرپەنجەی مەمک و سییەکان و سەر و مل و پرۆستات و کێشەی ئافرەتان بەربڵاوترین نەخۆشییەکانی شێرپەنجەن.

بەرواری چارەسەری نەخۆشیی شێرپەنجە لەنێوان نەخۆشخانە حکوومییەکان و نەخۆشخانە ئەهلییەکان:-

بە گوتەی د.بێستون سەیفەدین هەموو جۆرە چارەسەرییەکی نەخۆشیی شێرپەنجە لە سەنتەری ئاوات لە کاتژمێر 08:00ـی بەیانی تا 05:00ـی ئێوارە بێبەرامبەرە، تەنیا لە شێفتی تایبەتی سەنتەری ئاوات لە دوای کاتژمێر 06:00 تا 09:00ـی شەو نەخۆشیی شێرپەنجەی مەمک بە 40 تا 60 هەزار دینار نەشتەرگەری بۆ دەکرێت، و ئەم نەخۆشییە بە کۆی 15 دانیشتن (جەلسە) بە 600 تا 900 هەزار دینار چارەسەر دەکرێت. نەخۆشیی شێرپەنجەی سەر و مل بە کۆی 33 دانیشتن (جەلسە) بە یەک ملیۆن و 900 هەزار دینار چارەسەر دەکرێت.

بەڵام لە نەخۆشخانە ئەهلییەکانی عێراق، نەشتەرگەری شێرپەنجەی مەمک دوو ملیۆن تا چوار ملیۆن دیناری تێ دەچێت، و چارەسەریی کیمیاییش بۆ هەر دانیشتنێک (جەلسە) 700 تا هەزار دۆلار، و تیشکەکەشی لە 3 هەزار دۆلار کەمتر نییە. چارەسەری نەخۆشیی شێرپەنجەی سەر و مل لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان نەشتەرگەریەکەی 10 تا 12 هەزار دۆلاری تێدەچێت. و تیشکەکەی 6 تا 7 هەزار دۆلارە و کیمیایەکەشی بۆ هەر جەلسەیەک هەزار دۆلارە.

بەڕێوەبەری سەنتەرەکە دەڵێت: 3% نەخۆشییەکانی شێرپەنجەی مەمک پێویستییان بە دەرمانی بیۆلۆژی هێرسپتن (Herceptin) هەیە و نەخۆشەکە پێویستە بۆ ماوەی ساڵێک ئەم دەرمانە وەربگرێت و هەر دانیشتنێک (جەلسە)یەکی لەسەر حکوومەت هەزار و 200 دۆلاری دەوەستێت و بێ بەرامبەر بە هاوڵاتییان دەدرێت.

نەخۆشەکانی شێرپەنجە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن

دکتۆر بێستون سەیفەدین حەسەن، بەڕێوەبەری سەنتەری ئاوات بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی شێرپەنجە ڕایگەیاند: لە مووسڵ نەخۆشییەکی یەکجار زۆری شێرپەنجە سەردانی سەنتەرەکەمان دەکەن. لە 30% نەخۆشەکانی شێفتی یەکەم و دووەمی سەنتەرەکە کە چارەسەرییەکە بێبەرامبەرە لە ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە دێن. بەڵام لە شیفتی تایبەتی نیوەیان خەڵکی ناوچەکانی دیکەی عێراقن.

ئاماری نەخۆشی شێرپەنجە

ڕێژەی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان لە چاو دانیشتواندا زیادی نەکردووە، و شێوازی دیاریکردنی نەخۆشییەکەش بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشتر زیاتر لە 400% فەرقی کردووە.

لە ساڵی 2015 تەنها لە هەولێر هەزار و 300 نەخۆشی شێرپەنجە دیاریکراوە. بەڵام ساڵی رابردوو 2 هەزار و 800 نەخۆشی شێرپەنجە لە هەولێر تۆمار کراون.

بە شێوەیەکی گشتی لە ساڵی 2010 تا ئێستا 23 هەزار نەخۆشی شێرپەنجە لە هەوڵێر تۆمار کراون.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.