Erbil 38°C شەممە 11 کانوونی دووەم 15:00

دابه‌شكردنی به‌شه‌خۆراكی هاووڵاتییان ده‌بێته‌ سیسته‌می ئه‌لیكترۆنی

کوردستان TV
100%

ئه‌مڕۆ دووشه‌م وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و شاندێكی بەرنامەی خۆراكی جیهانی WFO رەوشی ئاسایشی خۆراكی و بە ئەلیكترۆنیكردنی سیستەمی دابەشكاری خۆراكی مانگانەی هاووڵاتییانیان تاوتوێ كرد.

كەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی پێشوازی کرد لە شاندی بەرنامەی خۆراکی جیهانی WFO کە پێکهاتبوون لە ئیکرام ئەلهونی جێگری بەڕێوەری بەرنامەی خۆراکی جیهانی و عەدیلە خالید بەرپرسی پاراستنی کۆمەڵایەتی و مەنسوور رەسوول لە تیمی تەکنیکی بەرنامەی خۆراکی جیهانی ، لە کۆبوونەوەیەکدا بە ئامادەبوونی سەروەر كەمال هاواری بریكاری وەزارەت بۆ كاروباری بازرگانی و بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی بەڕێوە چوو.

بە وردی ستراتیژ و پرۆژەكانی بەرنامەی خۆراكی جیهانی بۆ هەرێمی كوردستان باس كرا كە بریتی بوون لە گۆڕینی سیستەمی دابەشكردنی بەشە خۆراكی هاووڵاتییان بۆ شێوازی ئەلیكترۆنی لە رێگەی دروستكردنی داتابەیسێكی تایبەت بە زانیاری لەسەر هاووڵاتییان تا بتوانرێت لیستی ئەو كەسانە جیابكرێتەوە كە لە كوردستان ناژین یان ئاستی بژێویان بە جۆرێكە پێویستیان بەو بەشە خۆراكە نییه‌.

لە هەمانكاتدا لەبارەی پاراستنی ئاسایشی خۆراك لە جیهان و ئەو هەوڵانەی دەدرێن لە تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی بۆ سێكتەرە جیاوازەكانی زانیارییان خستەروو، و بە پێویستیانزانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی وەك لایەنێكی گرنگی سەرەكی پەیوەندیدار بە بابەتی خۆراك هاوكار بێت.

وەزیری بازرگانی و پیشەسازی لای خۆیەوە ئاماژەی کرد بە رەوشی خراپی خۆراك و كێشە و گرفتەكانی هاووڵاتییان لەبارەی كوالێتی و بڕی ئەو خۆراكەی كە مانگانە دەگاتە دەستیان و لەچوارچێوەی بەرنامەی خۆراكی جیهانی دابین دەکرێت.

هاوكات پێشنیاری بۆ شاندی میوان كرد كە بتوانن هاوكاری كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵی ناوخۆیی بكەن بۆ كارئاسانی بەدەستهێنانی پێداویستییە خۆراكییەكان لە ناوخۆ، لای خۆیانەوە شاندەكە پێشنیارەكەیان بە گونجاو زانی و پێیان وابوو بیرۆکەکە دەتوانێت هاوكاری باشبێت بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكانی ئەوان لە ناوچە جیاوازەكان.

کوردستان ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.