Erbil 38°C شەممە 11 کانوونی دووەم 15:03

به‌ فه‌رمی داوا له‌ وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن كرا تیكتۆك ڕابگیرێ

کوردستان TV
100%

سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتی حكوومه‌تی هه‌رێمی وردستان به‌ فه‌رمی داواكاری ڕاگرتنی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تیكتۆكی له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن به‌رز كرده‌وه‌.

نووسراوه‌كه‌‌ ئیمزای دادوه‌ر كاوه‌ فه‌تحی مه‌عسووم سه‌رۆكی داواكاری گشتی هه‌رێمی كوردستانی له‌سه‌ره‌ و ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن كراوه‌.

له‌ نووسراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌دراوه‌ كه‌ دوو په‌رله‌مانتار داواكارییان پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتی كردووه‌ و داوای ڕاگرتنی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی (تیكتۆك)یان له‌ هه‌رێمی كوردستان كردووه.

ئاماژه‌ به‌وه‌شدراوه‌ كه‌ پێویسته‌ تیكتۆك له‌ هه‌رێمی كوردستان ڕابگیرێ له‌پێناو پاراستنی به‌ها و ئه‌خلاقی كۆمه‌ڵگاكه‌مان.‌

هه‌فته‌ی ڕابردوو له‌لایه‌ن دادوه‌ر پشتیوان سمكۆ نووری به‌رپرسی لێژنه‌ی تۆماركردنی داوای مافی گشتی نووسراوێك ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتی كرابوو و تێیدا داوای ڕاگرتنی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی (تیكتۆك) له‌ هه‌رێمی كوردستان كرابوو.

له‌ نووسراوه‌كه‌دا نووسرابوو: پاڵپشت به‌ ئه‌حكامی مادده‌ (1) له‌ یاسای داواكاری گشتی ژماره‌ 159ی ساڵی 1979ی هه‌مواركراو، و له‌ سۆنگه‌ی پاراستنی مافی گشتی، داوا ده‌كه‌ین له‌ به‌ڕێزتان نووسراوێك ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن به‌ مه‌به‌ستی داخستنی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تیكتۆك.

هه‌روه‌ها نووسرابوو‌: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تیكتۆك كاریگه‌ری نه‌رێنی و خراپی هه‌یه‌ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا و‌ كێشه‌ی زۆری له‌ناو گه‌نجان دروست كردووه‌.

جێی باسه‌ په‌رله‌مانتاره‌كانی كوردستان به‌ نووسراوێكی فه‌رمی داوایان له‌ داواكاری گشتی هه‌رێمی كوردستان كردبوو كار بكه‌ن بۆ داخستنی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تیكتۆك یاخود فلته‌ركردنی، چونكه‌ كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر گه‌نجان و هه‌رزه‌كارانی هه‌رێمی كوردستان دروستكردووه‌.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.