Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 14:29

ئاژەڵدۆستانی هەولێر سەرپەرشتی سەگەكانی سەر شەقام دەكەن

کوردستان TV
100%

ئاژەڵدۆستان لە پێناو پاراستنی مافی ئاژەڵ، بەشێوەیەكی بەردەوام رۆژانە سەردانی سەگەكانی سەر شەقام دەكەن و چارەسەر و خواردنی پێویستیان پێ دەدەن و داواش دەكەن لە ناوەندەكانی خوێندن وانەیەك بۆ ئاژەڵدۆستی هەبێت .
لەوبارەیەوە ئاژەڵدۆست فەرمان فازڵ ماوەی چوار ساڵە، سەرپەرشتی چەند گرووپێكی ئاژەڵدۆست دەكات و بەشێوەیەكی رۆژانە سەردانی كوچە و كۆڵانی گەڕەكەكانی شاری هەولێر دەكەن و چارەسەری تەندروستی سەگەكانی سەر شەقام دەكەن و خواردنی پێویستیشییان پێ دەدەن.لەبارەی كار و ئامانجەكانییانەوە، گوتی: ماوەی چوار ساڵە خەریكی ئاژەڵدۆستین، ژمارەیەكی زۆر ئەنداممان هەیە لە هەموو پێكهاتە و نەتەوەكان لە چوارچێوەی گرووپێكدا، كارەكانی ئێمە بریتییە لە یارمەتیدانی ئاژەڵەكانی سەر شەقام، بە تایبەتی سەگ و پشیلە، چونكە ئەو دوو جۆرە ئاژەڵە زیاتر بێلانەن.
گوتیشی: بەهۆی ئەوەی زۆربەی سەگە بێلانەكان كەوتوونەتە باكووری شاری هەولێر، بۆیەش چالاكییەكانمان لەو ناوچەیە چڕ كردووەتەوە، بەشێوەیەكی رۆژانە چارەسەری سەرەتایی بۆ سەگە بێلانەكان دەكەین، ئەگەریش چارەسەری زۆریشی ویست یان نەشتەرگەرییەك، ئەوا دەیبەنە لای پزیشكی پسپۆڕ و تێچووەكەی لە ئەستۆ دەگرین، بۆ نموونە تێچووی بڕینەوەی دەست یان قاچ 100 دۆلارە، لەگەڵ ئەوەشدا ماوەی هەفتەیەك تا 10 رۆژ لەژێر چاودێری پزیشك دەمێنێتەوە و مانەوەی هەر رۆژێكیش بڕی 10 هەزار دینارە.
لەبارەی ژمارەی ئەو كەسانەی كە لەگەڵ گرووپەكەیاندا كار دەكەن، رایگەیاند : ئێمە 82 ئەنداممان هەیە كە لە شێوەی گرووپ دابەشبوون بەسەر گەڕەك و كۆڵانەكان و رۆژانە بەشێوەیەكی مەیدانی دەگەڕێین، هەر كەیسێكی شكان و برینداربوون هەبێت، ئەوا پەیوەندی دەكەین و نزیكترین ئەنداممان لەو شوێنە بەهانایەوە دەچێت بە تایبەت لە گەڕەكەكانی هەولێری نوێ، حەسارۆك، كەسنەزان، سێبەردان، هەڤاڵان و گەڕەكانی دیكەی كە دەكەونە سەر شەقامی كۆڕنیش تا شەقامی كەركووك.


هەر لەم بارەیەوە ئاژەڵدۆست لاڤە مستەفا گوتی: ماوەی سێ ساڵە لە هەولێر نیشتەجێم و كاری ئاژەڵدۆستی دەكەم، هەموو كەس دەتوانێت ئاژەڵی خۆش بوێت، دەتوانین لەبەردەم ماڵی خۆمان ئاو و خواردنی زیادە دابنێین بۆ سەگەكان، چونكە سەگ وەك سەرجەم ئاژەڵەكانی دیكە ناتوانێت داوای خواردن و خواردنەوە بكات و تەنانەت ناتوانێت ئازارەكانیشی باس بكات، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە هەموو كەس منداڵەكانی خۆی فێربكات كە سەگەكانی سەر شەقام مەترسی نین بۆسەر گیانیان و نابێت ئەزیەت بدرێن، ئەوانەی بۆخۆیان ترسیان لە سەگ هەیە ئەوە بابەتێكی دیكەیە، بەڵام لانیكەم دەتوانن ئازاریان نەدەن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.