Erbil 38°C شەممە 11 کانوونی دووەم 23:06

موقته‌دا سه‌در هۆشداری ده‌دات: هه‌ندێ لایه‌ن ده‌یانه‌وێ له‌ مه‌ڕاسیمی چله‌ی ماته‌مینی فیتنه‌ دروست بكه‌ن

کوردستان TV
100%

ڕێبه‌ری ڕه‌وتی سه‌در ئه‌مڕۆ سێشه‌م هۆشداری دا كه‌ هه‌ندێ لایه‌ن له‌ كاتی به‌ڕێوه‌چوونی چله‌ی ماته‌مینیدا ده‌یانه‌وێ فیتنه‌ و ئاژاوه‌ دروست بكه‌ن و داواشی له‌ گرووپه‌كانی سه‌رایا سه‌لام و حه‌شدی شه‌عبی و گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی تر كرد ده‌ست له‌ كاروباری ڕێوڕه‌سمه‌كه‌ وه‌رنه‌ده‌ن.

موقته‌دا سه‌در ڕێبه‌ری ڕه‌وتی سه‌در له‌ تویتێكدا ڕایگه‌یاند: پێویسته‌ له‌ كاتی به‌ڕێوه‌چوونی مه‌ڕاسیمه‌كانی ئه‌مساڵی چله‌ی ماته‌مینیدا ئاشتی و ئارامی بپارێزرێ.

ڕاشیگه‌یاند: هه‌ندێ لایه‌ن هه‌ن ده‌یانه‌وێ فیتنه‌ و ناته‌بایی بچێنن، بۆیه‌ هیوادارم ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ بقۆزینه‌وه‌ بۆ دژایه‌تیكردنی ئه‌وانه‌ی رقیان له‌ سه‌ردانیكه‌رانه‌ و به‌عسی سه‌دامی و كه‌سی بێباكن جا سه‌ر به‌ هه‌ر لایه‌نێك بن.

گوتیشی: مه‌ڕاسیمه‌كانی چله‌ی ماته‌مینی گشتییه‌ و ته‌نیا بۆ سه‌ردانیكه‌رانی عێراقی نییه‌، ئه‌مه‌ش گرینگی و مه‌ترسیدارییه‌كه‌ی نیشان ده‌دات.

هه‌روه‌ها گوتی: هه‌ر كه‌سێك هه‌وڵی سووكایه‌تیكردن و توندوتیژی بدات یان زیان بگه‌یه‌نێ یاخود هه‌ر شتێك له‌و بابه‌تانه‌ بكات، ئێمه‌ لێی بێبه‌رین و پێویسته‌ به‌ زووترین كات لایه‌نی په‌یوه‌نداری لێ ئاگادار بكرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كاری یاساییان به‌رامبه‌ر بكرێ.  

موقته‌دا سه‌در گوتیشی: هه‌موومان ده‌مانه‌وێ خزمه‌تی ئیمامی حوسێن بكه‌ین هه‌روه‌ها ڕێوڕه‌سمه‌كه‌ به‌وپه‌ڕی ئاشتییانه‌ به‌ڕێوه‌ بچێت و هیچ كه‌موكورتییه‌كی تێدا نه‌بێت، عێراق ئه‌مانه‌ته‌ هه‌موومانه‌ به‌بێ جیاوازی.

له‌ كۆتاییدا ڕێبه‌ری ڕه‌وتی سه‌در داواشی له‌ گرووپه‌كانی سه‌رایا سه‌لام و حه‌شدی شه‌عبی و سه‌رجه‌م گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی تر كرد ده‌ستوه‌ردان له‌ كاره‌كانی ڕێوڕه‌سمی چله‌ی ماته‌مینی نه‌كه‌ن و به‌ڵكو پاراستنی ڕێوڕه‌سمه‌كه‌ به‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بسپێرن.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.