Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 10:52

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نرخی230 جۆر دەرمان رێکدەخاتەوە

کوردستان TV
100%


بۆ یەکەمجار حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی وەزارەتی تەندروستییەوە تەندەری دابینکردنی دەرمان رادەگەیەنێت کە بەھۆیەوە نرخی ٢٣٠ جۆری جیاوازی دەرمان لە ھەموو هەرێمی کوردستان یەکدەخرێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بۆ لەمەودوا وەزارەتی تەندروستی لەبری دامودەزگاکانی دیکەی تەندروستی دەرمان دابین دەکات و وەک ھەنگاوی یەکەم ٢٣٠ جۆر دەرمان لە تەندەرەکە رادەگەیەندرێت و سەرجەم کۆمپانیا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن.

وەک لە راگەیەندراوەکەی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، پرۆسەی پێشکەشکردنی تەندەر بەگوێرەی رێنماییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ گرێبەستە حکوومییەکان ئەنجام دەدرێت، ئەوانەی تەندەر پێشکەش دەکەن دەتوانن بۆزیاتر لە دەرمانێک تەندەر پێشکەش بکەن، رێکەوتنەکە بۆماوەی دوو ساڵ دەبێت.

وەزیری تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی، بە ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی راگەیاندووە، "بۆ ئەوەی پرۆسەی دابینکردنی دەرمان، شەفاف بێت و دوور بێت لە قۆرخکردن چەند ساڵێکە دەست بە کاری تەندەرینگ کراوە، تەنیا بەشێکی زۆر کەم نەبێت کە لە رێگەی راستەوخۆوە دابین دەکرێت، ئەمەش بۆ رانەوەستانی بابەتە سەرەکییەکان، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەستن بە رزگارکردنی ژیانی مرۆڤەکان بۆ ھۆڵەکانی نەشتەرگەری و فریاکەوتن و چاودێری چڕ و بەشە زۆرەکەی بەشێوازی تەندەرینگە، بەڵام بەھۆی ڕێکخستنەوەی رێنماییمان لە بەڕێوەبەرایەتیی کوالێتی کۆنتڕۆڵی جۆری لەگەڵ تیمێکی راوێژکاری خاوەن ئەزموونێکی زۆریش ئێمە شێوازی لایەنە کارگێڕی و یاسایی و داراییەکان و لایەنە کوالیتییەکەی بۆ ئەوەی لە کوردستان ھەمان کوالیتی بەرز ھەمان دابینکردن ھەبێت، بەڵام ئەم دەسەڵاتەش دراوە بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستی بۆ ھێنان و بردن و جووڵەی کۆگایی".

سامان بەرزنجی راشیگەیاندووە، ئامانجی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەو جۆرە نوێیەی تەندەرکردن، دابینکردنی دەرمانە بە کوالێتییەکی بەرز و باشتر، ھەروەھا دابینکردنی دەرمانە بە نرخی گونجاو کە ئەمەش دەبێتە ھۆی چارەسەری کەمی کێشەی دەرمان لە نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکان، لەگەڵ یەکخستنی نرخی دەرمان لە ھەموو کوردستان.

بەگوتەی وەزیری تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، "ئەم شێوازە نوێیە وەک پڕۆژەیەک ئامادە کراوە بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان تووشی بابەتێکی جیاواز نەبێت لە شوێنێک بۆ شوێنێکی تر و دەرمان بەھەمان کوالیتی و بە ھەمان رێکاری یاسایی و کارگێڕی دەرمان بەشێوازی تەندەرینگ دابین بکرێت، بەتایبەتی بۆ کۆمەڵێک بابەتی سەرەکی کە دەبێت لەگەڵ (کۆمپانیای رەسەن) ئێمە پێی دەڵێین (Mother Company) دابین بکرێت واتە خۆی دەرمان دابین دەکات و نەک لە رێگەی چەند دەستێکی دیکەوە. ئەم شێوازە بەگشتی نرخی دەرمان و کوالێتییەکەی چارەسەر دەکات".

فەرمانگەی میدیا و زانیاری راشیگەیاندووە، سەرجەم کۆمپانیا ناوخۆیی و نێدەوڵەتییەکان دەتوانن لە رێگەی پێگەی فەرمی حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە داواکارییەکانیان پێشکەش بکەن.

ئەوەش خراوەتەڕوو کە لە ئێستادا وەک ھەنگاوی یەکەم و تاقیکاریی، پڕۆژەکە ٢٣٠ دەرمان کە زۆر بەکاردێن لە هەرێمی کوردستاندا لەخۆ دەگرێت، لەگەڵ پێشکەوتنی پڕۆژەکە، وەزارەتی تەندروستیی دەیەوێت ژمارەی دەرمانەکان بە ئەنجامدانی ھەمان شێواز زیاد بکات.

 

دانانی هه‌واڵ - شوان عه‌زیز

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.