Erbil 38°C یەکشەممە 12 کانوونی دووەم 07:10

نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ یاریدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا كۆبووه‌وه‌‏

کوردستان TV
100%

نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌م نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ‏پێشوازى له‌ خاتوو باربارا لیف یاریدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ‏ناوەڕاست و شاندێكى ياوه‌رى كرد.‏

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا كه‌ خاتوو ئالينا ڕۆمانۆوسكى باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا و كونسولى گشتيى ‏ئه‌مه‌ريكا له‌ هه‌رێمى كوردستان و ژماره‌يه‌ك له‌ ديپلۆماتكارانى ئه‌مه‌ريكى ئاماده‌ى بوون، ‏په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى ‏سياسيى عێراق و هه‌وڵى تێپه‌ڕاندنى سه‌ختييه‌كان، په‌يوه‌نديى هه‌ولێر ـ به‌غدا و كێشه‌كانى ‏نێوانيان تاوتوێ كران.‏

خاتوو ليف وێڕاى گه‌ياندنى سڵاو و ڕێزى سه‌رۆك جۆ بايدن و وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ‏ئه‌مه‌ريكا به‌ نێچيرڤان بارزانى، دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وان لێره‌ن بۆ جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌ ‏په‌يامى پابه‌ندييان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، هه‌روه‌ها ‏گوتى ئه‌مه‌ريكا به‌ گرینگى و بايه‌خێكى زۆره‌وه‌ له‌و په‌يوه‌ندييانه‌ ده‌ڕوانێت و هه‌موو ‏پشتگيرييه‌كى وڵاته‌كه‌ى بۆ به‌رقه‌راربوونى ئارامى و سه‌قامگيريى سياسى له‌ عێراق دووپات ‏كرده‌وه‌.‏

لاى خۆيه‌وه‌ نێچيرڤان بارزانى وێڕاى سوپاس و پێزانين بۆ هاوكارى و پشتگيرييه‌كانى ‏ئه‌مه‌ريكا له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ كێشه‌كانى عێراق به‌ ‏په‌راوێزخستنى هيچ هێز و لايه‌نێكى سياسى چاره‌سه‌ر نابن و پێويسته‌ پێكهاته‌كانى عێراق به‌ ‏گفتوگۆ و لێكگه‌يشتن، شێوازێك بۆ پێكه‌وژيان و پێكه‌وه‌هه‌ڵكردن بدۆزنه‌وه‌.‏

سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌روه‌ها چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و هه‌بوونى ياساى دابه‌شكردنى ‏داهاته‌كان و نه‌وت و گازى به‌ كليلى چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى عێراق و ئارامى و سه‌قامگيريى ‏سياسيى وڵات له‌ قه‌ڵه‌م دا، هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ عێراق بۆ چاره‌سه‌ركردنى ‏كێشه‌كانى پێويستى به‌ گفتوگۆ و لێكگه‌يشتنى لايه‌نه‌ سياسييه‌كان و پێكهاته‌كانى و پشتگيريى ‏وڵاتى دۆست هه‌يه‌. ‏

په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى ‏كوردستان و گرینگيى يه‌كڕيزيى لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كان، ڕه‌وشى ناوچه‌كه‌ به ‌گشتى و چه‌ند ‏پرسێكى‌ جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، لايه‌نێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.‏

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.