Erbil 38°C یەکشەممە 12 کانوونی دووەم 07:22

دادگای باڵای فیدڕالی عێراق: ناتوانین په‌رله‌مان هه‌ڵبووه‌شێنینه‌وه‌

کوردستان TV
100%

دادگای باڵای فیدڕالی عێراق ئه‌مرۆ چوارشه‌م ڕایگه‌یاند كه‌ ده‌سه‌ڵاتی ده‌ستووری نییه‌ بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان.

دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌م دادگای باڵای فیدڕالی عێراق بۆ مه‌به‌ستی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی داوای یاسایی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان كه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی ڕه‌وتی سه‌در پێشه‌كشی كرابوو، كۆبووه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ داواكاری سه‌ره‌كی موقته‌دا سه‌در ڕێبه‌ری ڕه‌وتی سه‌دریشه‌ كه‌ داوا ده‌كات په‌رله‌مان هه‌ڵبووه‌شێنرێته‌وه‌ و دووباره‌ هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێته‌وه‌.

بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ دادگای باڵای فیدڕالی عێراق دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌م كۆوبوه‌وه‌، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی بڵاو كرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند: ئه‌گه‌ر ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق نه‌یتوانی ئه‌ركه‌ ده‌ستوورییه‌كانی جێبه‌جێ بكات، ئه‌و كات پێویسته‌ خۆی هه‌ڵبووه‌شێنێته‌وه‌.

ڕاشیگه‌یاند: بۆ سه‌قامگیری پڕۆسه‌ی سیاسی پێویسته‌ له‌سه‌ر هه‌مووان پابه‌ندی سه‌رجه‌م بڕگاكانی ده‌ستوور بن و هیچ ده‌سه‌ڵاتێكیش ناتوانێ بڕگه‌كانی ده‌ستوور ببه‌زێنێ یاخود پێشێلی بكات.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دوای هه‌ڵبژاردنیان، نوێنه‌رایه‌تی خۆیان یاخود فڕاكسیۆنه‌ سیاسییه‌كان ناكه‌ن، به‌ڵكو ده‌بنه‌ نوێنه‌ری هه‌موو گه‌ل، بۆیه‌ پێویسته كار بۆ ئه‌وه‌ بكه‌ن كه‌ بۆی هه‌ڵبژێردراون و هه‌وڵی به‌دیهێنانی بده‌ن، چونكه‌ ئه‌مه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكه‌، نه‌ك ببێته‌ هۆكار و به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان و هه‌روه‌ها ببێته‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌لامه‌تی خه‌ڵك به‌شێوه‌یه‌كی گشتی.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ به‌پێی ده‌ستووری ساڵی 2005ی عێراق له‌ مادده‌ی 64، دادگای باڵای فیدڕالی عێراق مافی ئه‌وه‌ی نییه‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق هه‌ڵبووه‌شێنێته‌وه‌، جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی دادگای فیدڕالی سنوورداره‌ و ناتوانێت په‌رله‌مان هه‌ڵبووه‌شێنێته‌وه‌.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.