Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 06:05

ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ چوارشەم 7ی ئەیلوولی 2022، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەن، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران باسی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی بارودۆخی سیاسیی عێراقی کرد و ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراقە لە ڕێگەی گفتوگۆ و بەشێوەیەکی ئاشتییانە و بنەڕەتی و لە سەر بنەمای دەستوور، بە جۆرێک ڕێز لە سیستەمی دیموکراسی و دەنگی هاووڵاتییان بگیرێت و ئارامی و سەقامگیریی عێراق بپارێزرێت.

سەرۆک وەزیران جەختی لە گرنگیی هاوهەڵوێستی لایەنە کوردستانییەکان لە داکۆکیکردن لە ماف و شایستە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و پاراستنی دەسکەوتە نیشتمانییەکان کردەوە. دووپاتیشی کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە فاکتەرێکی ئارامی و سەقامگیریی لە عێراق و ناوچەکەدا دەبێت.

پاشان لەلایەن ئانۆ جەوهەر وەزیری پەروەردە بە وەکالەت و ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئامادەکارییەکانی هەردوو وەزارەت بۆ دەستپێکی ساڵی خوێندنی نوێی 2023- 2022 و پێداویستییەکانی خرایەڕوو، ئەنجوومەنی وەزیران، وێڕای پیرۆزبایی لە قوتابییان و خوێندکاران و مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردە و خوێندنی باڵا، بە بۆنەی نزیکبوونەوەی ساڵی نوێی خوێندن کە بڕیارە لە 13ی ئەم مانگە لە قوتابخانەکان دەست پێ بکات، لە هەمانکاتدا ئەنجوومەنی وەزیران جەختی لە گرنگی کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا کردەوە لە کارنامەی ئەم کابینەیە و بڕیاردرا بە ڕاسپاردنی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەو داواکاری و پێشنیازانەی لەلایەن هەردوو وەزارەت خرانەڕوو بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەن و بە بایەخیشەوە باس لە گرنگیی پلانی هەردوو وەزارەت کرا بۆ گرنگیدان بەو بابەتانەی ڕەهەندی نیشتیمانییان هەیە وەک خۆشەویستی نیشتمان وئاشتیی و بەیەکەوەژیان و مەترسییەکانی بەکارهێنان و بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و توندوتیژی و خراپ بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا وئامێرەکانی پەیوەندی.

لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەدا، کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت و ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی وئابووری، باسیان لە ئامادەکاریی پێویست بۆ دابینکردنی نەوتی سپی بۆ هاووڵاتییان کرد لە وەرزی زستان، هاوشێوەی ساڵانی پێشوو بەهەماهەنگی لە گەڵ حکوومەتی فیدراڵ. ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا لەمبارەیەوە ئامادەکاری پێویست بکرێت بۆ دابەشکردنی نەوتی سپی بە تایبەتی بۆ ناوچە سارد و شاخاوییەکان، بۆ ئەم مەبەستەش وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستان لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵیی ونوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم لە بەغدا ڕاسپێردران بۆ ئەنجامدانی کاری پێویست.

لە بڕگەی کۆتاییدا، گفتوگۆ دەربارەی بابەتی گرێبەست لە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و دامەزراندنی هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا کرا کە تا ئێستا دانەمەزراون. ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای بە بایەخەوە سەیرکردنی ڕۆڵی کارمەندانی گرێبەست لە بەڕێوەبردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی گشتیی و پێداویستی زانکۆکان بە خزمەتی هەڵگرانی بڕوانامەکانی ماستەر و دکتۆرا، بڕیاری دا کە ئەم بابەتە ئاراستەی ئەنجوومەنی گشتی ڕاژە بکرێت کە تازە دەستبەکاربووە لە هەرێمی کوردستان تا بە پێی تایبەتمەندیی و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، پۆڵێنی هەردوو بابەتەکە بکەن و لەبەر ڕۆشنایی پسپۆڕیی و تایبەتمەندی و پێداویستی وەزارەت و دامەزراوەکان، بڕیار لەسەر پێشنیارەکە بدرێت و بەجۆرێک کە بگونجێت لەگەڵ پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی میلاکاتی حکوومەت، هەروەها لەسەر بنەمای زانستیی و پێداویستی وپسپۆڕیی لەلایەن ئەنجوومەنی گشتی ڕاژەوە، ئەم بابەتە پێداچوونەوەی پێویستی بۆ بکرێت و گەڵاڵە بکرێت بۆ بڕیاردان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.