Erbil 38°C شەممە 28 کانونی یەکەم 17:02

وه‌زیره‌كه‌ی سه‌در: ئه‌گه‌ر كورد و سوننه‌ بكشێنه‌وه‌ په‌رله‌مانی عێراق هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌

کوردستان TV
100%

وه‌زیره‌كه‌ی سه‌در ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكدا جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر كورد و سوننه‌ له‌ په‌رله‌مان بكشێنه‌وه‌، ئه‌وا په‌رله‌مان هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌ و شه‌رعییه‌تی نامێنێ.

ساڵح محه‌مه‌د عێراقی كه‌ به‌ وه‌زیره‌كه‌ی سه‌در ناسراوه‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م رایگه‌یاند: هه‌ندێك له‌ لایه‌نه‌كان ده‌یانه‌وێ به‌ ڕێگه‌ی یاسایی فڕاكسیۆنی سه‌در بگه‌ڕێننه‌وه‌ په‌رله‌مان، لێره‌وه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نین كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئێمه‌ ناگه‌ڕێینه‌وه‌ په‌رله‌مان، كاتی خۆشی ئامانجمان له‌ كشانه‌وه‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌ سه‌رجه‌م ڕێگه‌كان به‌ڕووی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی دابخه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ڕێككه‌وتنیان له‌گه‌ڵ نه‌كه‌ین.

ڕاشیگه‌یاند: له‌ ئه‌گه‌ری گه‌ڕانه‌وه‌ی فڕاكسیۆنی سه‌در بۆ په‌رله‌مان كه‌ هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مه‌ ئه‌گه‌رێكی زۆر لاوازه‌ و لای ئێمه‌ قه‌ده‌غه‌یه‌، بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان ده‌بێت نه‌ك رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی.

گوتیشی: ئه‌گه‌ر كورد و سوننه‌ بڕیاری دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ په‌رله‌مان بده‌ن، ئه‌وا په‌رله‌مان شه‌رعییه‌ته‌كه‌ی له‌ده‌ست ده‌دات و ڕأسته‌وخۆ هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌.

ساڵح محه‌مه‌د عێراقی هه‌روه‌ها گوتی: ئێمه‌ ئاگاداری ئه‌وه‌ین كه‌ ڕۆژانه‌ گوشار ده‌خرێته‌ سه‌ر هاوپه‌یمانه‌كانمان، به‌ڵام سه‌رجه‌م قوربانییه‌كان له‌پێناوی كۆتاهێنانی مه‌ینه‌تییه‌كانی گه‌لی عێراقه‌، ئه‌وه‌ هه‌ر گه‌له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ڕووخساره‌كانی پێشوو ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دووباره‌ حكوومه‌تی گه‌نده‌ڵ دروست نه‌بێته‌وه‌.

وه‌زیره‌كه‌ی سه‌در ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: تۆپه‌كه‌ ئێستا له‌ گۆڕه‌پانی هاوپه‌یمانه‌كانه‌‌ نه‌ك فڕاكسیۆنی سه‌در، سه‌باره‌ت به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ش ئێمه‌‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ژێر هه‌ر پاساوێك ناگه‌ڕێینه‌وه‌، تا ئه‌و كاته‌ی گه‌نده‌ڵكاران حكوومه‌تی نه‌ڕۆژهه‌ڵاتی و نه‌ ڕۆژئاوایی و زۆرینه‌ی نیشتمانی ره‌ت بكه‌نه‌وه‌.  

داواشی له‌ هاوپه‌یمان و سه‌ربه‌خۆكان كرد هه‌ڵوێستی بوێرانه‌ بنوێنن بۆ كۆتاهێنان به‌ قه‌یرانه‌كان و جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و كات هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان له داواكاری‌ ڕه‌وتی سه‌در بۆ داواكاری نیشتمانی ده‌گۆڕێت.

له‌ كۆتاییدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان پێویست به‌وه‌ ناكات په‌نا بۆ ڕه‌وتی سه‌در یان چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ببه‌ن، به‌ڵكو كلیله‌كه‌ لای ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان ده‌دات، نه‌ك لای دادگای به‌ سیاسی كراو و ترسنۆك، بێگومان هه‌روه‌ها لای فڕاكسیۆنی كشاوه‌ی سه‌دریش نییه‌.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.