Erbil 38°C ھەینی 20 ئەیلوول 23:37

سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە شاندێکی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق و سووریا دەکات

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ پێنجشەم 8ی ئەیلوول، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی هاوبەشی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق و سووریا کرد بە سەرۆکایەتی ڤیلە ڤاریۆلا باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق.

لە کۆبوونەوەکەدا کە بەرپرسی نێردەی یەکێتیی ئەوروپا لە سووریا دان ستۆوینسکو و ئه‌ندێرس ويبێرگ سه‌رۆكى نوێى نێرده‌ى ڕاوێژكاريى يه‌كێتيى ئه‌وروپا له‌ عێراق ئامادەی بوون، گفتوگۆ دەربارەی دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و سووریا و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و یەکێتیی ئەوروپا کرا.

دوای خستنەڕووی کار و چالاکییەکانی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق و سووریا، باڵیۆز ڤاریۆلا ستایشی پرۆسەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەو هەڵمەتی ئاوەدانکردنەوەیەی کرد کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەیە و ئامادەیی یەکێتیی ئەوروپاشی بۆ هەر هاوکاریی و هەماهەنگییەک لە گەڵ حکوومەتی هەرێم دەربڕی.

سەرۆکی نێردەی یەکێتیی ئەوروپا لە سووریا سوپاسی هاریکاریی مرۆیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ پەنابەرانی سووریا لە هەرێم و ئاسانکاری هاتووچۆی نێوان هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد.

سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە پەیوەندی بەهێز و دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا کرد و خواستی بەرەوپێشترچوونی زیاتری پەیوەندییەکانی لە سەر هەموو ئاستەکاندا نیشان دا.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، سەرۆکی حکوومەت پشتیوانی حکوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە نزیکترین کاتدا دووپات کردەوە و ئامادەیی حکوومەتیشی بۆ هەر هاریکاریی و کارئاسانییەک، بۆ ئەم مەبەستە ڕاگەیاند.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.